۱۴۰۳ آبان ۱۵, سه‌شنبه

فێنۆمێنۆلۆژی شێعری کوردی

 









(دەلاقەیەکی دیاردەناسانە بۆ سەر شێعری سێ شآعیری نوێخواز: گۆران، سوارە و عەبوڵڵا گولابی)

 

شاهۆ حوسێنی

بێ‌گومان بەشی هەرە زۆری ئەو­ دەقانەی لەمەر شرۆڤە و ڕەخنەی­شێعری­کوردی نوسراون یان شڕۆڤەو ڕەخنەی پێکهاتەخوازنە بون بە پێ‌داگری لەسەر زمان بە مەبەستی دەرخستنی ئەو پێوەندیە دەروونیەی کە لەڕیی ئەو ماناکان دەردەکەون(هەرچەند زۆر کەمتر کەڵک لە ڕەوشت‌ناسی شرۆڤەی دیسکۆرسی فۆکۆ یان شرڤەی ڕەخنەگرانەی دیسکۆرسی فرکڵاف وەرگیراوە). واتە حەول دەدرێت لەڕێی شرۆڤەی پێکهاتەی شێعری شاعیران مانا گەلێکی جیاواز و پێکهاتەگەلێکی مانایی لەشعێردا دەربخرێت، بەکورتی زۆرتر حەول دراوە لە دەلاقەی پێکهاتەخوازی‌دا بە دەرخستنی ئەو کەرەسە زمانی و وێنایانەی کە وەک مۆسیقای دەروونی و دەرەوە، هەست و عاتفە، شێوەی گێڕانەوە، دژوازەییەکان، نەزمی دەروونی و ئەو تەناسوبانەی کەڵکیان لێ‌وەرگیراوە مانای شێعر دەربخرێت. یان ئەوەکە شرۆڤە و ڕەخنەی جوانیناسانە بوون، واتە حەول دراوە لەڕێی تیشک خستن و پێ‌داگری کردن لە سیماکانی وێنا، خەیاڵی شاعیرانەو زمان لە شێعری شاعیران‌دا، توانایی داهێنان و نوێ‌کاری لە سیمای‌خەیاڵ و زمان، جوانێکانی شێعری شاعیران دەربخرێت. پرسیارگەلێکی گرینگ کە لەم ناوەدا دێنە ئاراوە بریتین لە: وێنا و خەیاڵ یان ئیماژ لەشێعری شاعیران‌دا چ دەور و نەخشێک دەگێڕن؟ دەرخەر و ڕاگەیەنەری چ دیاردەیەکن؟ چ دیاردەیەک لە ئیماژ و خەیاڵ‌دا شاعیر دەگەینێتە تروپک؟

دەور و نەخشی ئیماژ لە شێعردا بنەڕەتیە، لەڕاستی دا چوارچێوەیەکە کە لەودا ڕەوتی زەینی مرۆڤ و ئەزموونەکانی مرۆڤ وەک لێکەوتەی پێوەندی مرۆڤ دەگەڵ ژینگە دەردەکەون، بە هەر ڕێژەیەک ئەو ئیماژانە(چوارچێوەیانە) لۆکاڵی تر بێن، پێوەندی زیاتریان دەگەڵ ژینگە و سرووشتی ژیانی شاعر هەبێت و زایەڵەی ژینگەی کۆمەڵایەتی شاعیر بێت، ئەوا شاعیر زیاتر لە سوبژەیەک، خوڵقێنەرێکی سەربەخۆ و بکەرێکی ناسکار نزیک دەبێتەوە. شاعیر زیاتر ئێستایی و ئیرەیی دەبێت لەشێعرەکانی‌دا، واتە شاعیر ڕەسەن‌تر دەبێتە مناڵی سەردەم و ژینگەی‌ژیانی.



ئەوەی‌کە بەداخەوە ڕەنگە تا هەنووکەش تیشکی نەخرابێتە سەر یان زۆر بە دەگمەن باسی لێوەکرابێت پێوەندی ژینگە لەگەڵ ئاگایی و فامی شاعیرە، واتە کارتێکەرێکانی ژینگەی سرووشتی و ژینگەی ژیانی شاعیر لەسەر فام، تێگەیشتوویی شاعیر و ڕەنگدانەوەی ئەم ژینگەیە لە شێعری شاعیردایە، واتە ئەزموونی زەینی شاعیر بەرهەمی پێوەندی ئۆرگانیکی شاعیر لەگەڵ ژینگەی‌ژیانی بێت، بەڕوونی شاعیر لەکوێی زمان، زەمان و بوونی کۆمەڵگادایە، بە کورتی تیشک خستنە سەر ئەم دیاردەیە کە شاعیر لەفام و تێگەیشتن‌دا چەنێ مناڵی ئێستا و ئێرەیە. واتە جۆری پێوەندی شاعیر لەگەڵ دەرکەوتەکانی ژینگەی ژیانی ڕواڵەتی و زەینی لەلایەک و لەلایەکی‌تر جۆری رەنگدانەوەی ئەم ژینگەیە لە شێعری شاعیردا.

دەشێ بگوترێ لە دەلاقەی فێنۆمێنۆلۆژی‌ڕا وێنای شێعری و زمان وەک ئامێری خوڵقاندنی وێنا و بەستێنی تیا خوڵقانی وێنا زایەڵەی ئەزموونەکانی شاعیر، قەیرانی ژیانی زەینی و ڕواڵەتی شاعیر و گوشارەکانی زەینی شاعیرە لە پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژینگە و سرووشتی ژیانی کۆمەڵایەتی، کلتووری، جوغرافیایی و سیاسی. شاعیر لەڕێی وێنای شێعری ژیان و بوون بەم قەیرانە و کەڵکەڵانە دەبەخشێت، کەواتە وینای شێعری لە شێعری شاعیردا دەرکەوتنی ئاگایی، ئەزموونی زەینی و فامی شاعیرە. هەر بۆیەش بۆ تێگەیشتن لە وێناکانی شێعری هەرشاعیرێک وەک بەردەنگی هەستی پێویستە لە چوارچێوەی فێنۆمێنۆلۆژی‌دا ئەزموون بکەین. بەکورتی فینۆمێنۆلۆژی شێعر بانگەشەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەزموونی ژیانی زەینی و دەروونی شاعیر و شێوازی دەرکەوتنی ئەو لە شێعردا. دیارە گریگن‌ترین کەرەسەی نەخشاندنی سرووشت و ژینگە لە شێعردا زمانە، ئەرکی زمان لەشێعردا دەرخستنی خواستێکی واقعییە کە ناشێ بگوترێ. زمان سرووشت و ژینگە لەناو شێعردا وەک بەستێن دەڕوێنێتەوە کارکرد و دەوری ژینگە لێرەش‌دا هەر ئۆبژێکتیڤە و بەستێنی دەرکەوتنی شاعیر وەک سوبژەیە.

درێژەی بابەت لەم لینکەدا دەتوانن بخوێننەوە



فێنۆمێنۆلۆژی شێعری کوردی

  (دەلاقەیەکی دیاردەناسانە بۆ سەر شێعری سێ شآعیری نوێخواز: گۆران، سوارە و عەبوڵڵا گولابی)   شاهۆ حوسێنی بێ‌گومان بەشی هەرە زۆری ئەو­ د...