شاهۆ حوسێنی
بێ گومان هیچ چەمک و داهێنانێک هێندی
داهێنانی چەمکی "سوژە" لەلایەن دێکارتەوە خزمەتی بە داماڵینی ئایین وەک
حەقیقەتی ڕەها، مسۆگەر و بێخەوش لەژیانی مرۆڤدا نەکردبێت. چەخماخەی سوبژێکتیسمی
دێکارتیش بێگومان لەلایەن تێزەکانی لوتێرەوە لێدرا، کاتێک شەرعییەتی نێوندگیری
کلیسای لەنێوان مرۆڤ و خوادا سڕیوە و شەرعییەتی توانایی مرۆڤەکان بۆ شرۆڤەی دەقە
ئایینێکانی بەفەرمی ناسی، لەڕاستیدا لۆتێر ئیرادە و توانایی مرۆڤی بۆ خواناسی داهێنا
و دێکارتیش توانایی و ئیرادەی مرۆڤی بۆ خۆناسین و پێناسەکردنی جیهانی دەرەوەی بەفەرمی
ناسی، وێکچووی هەر دووکیان تەوەرە بوونی مرۆڤ و تواناییەکانی مرۆڤ بوو، بەم شێوەیە
مرۆڤ وەک تەوەرە گەڕایەوە ناو کایەی ژیان و جیهان.
سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی
مێتافیزیک لە دووبەشی مێتای لاتینی
بەمانای "بان"، "پاش" و "دوای" و فیزیک بەمانای
سرووشت و دۆخی سرووشتی پێکهاتوە، لەڕاستیدا بەشێکی بنەڕەتی لە فەلسەفەیە. گەڵاڵەکانی
سیستمی مێتافیزیکی بەگشتی لەدەوری فەلسەفەی نەزەری بەمانای شرۆڤەی بنەماکان، پێشمەرجەکان،
هۆکارەکان و یاسا گشتێکانی پێوەندیدا بە حەقیقەت و ڕاستەقەینەدا دەگەڕێت لە ئەندێشەی دێکارتدا مێتافیزیک فەلسەفەی ناسینە( ئێپیستمۆلۆژی
یان مەعریفەتناسی)، کانیتش مێتافیزیک بە ناسکار(فاعیلیشناسا) هەڵدەسەنگێنێت و وەک
زانستی مرۆیی(بەرهەمی توانایی عەقڵی مرۆڤ) بۆ گەیشتن بە فام و ناسینی دیاردەگرینگەکانی
وەک مرۆڤ، خوا و ،،،،هتد پێناسەی دەکات. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە مێتافیزیک بەپێچەوانەی
فیزیک کە زانستی ماتریالە، ئەوا پێوەندی بە هزر، ئەندێشە، فام و ئاگایی هەیە و شرۆڤەی
دیاردە بان ماتریالێکان دەکات.
سوبژێکتیڤیسم چەمکێکی پێوەندیدار
بە فەلسەفەی مۆدێڕنە کە بۆ چینبەندی هەڵوێستگەلێک کەڵکی لیوەردەگیرێت کە بەباوەڕی
ئەوان تێگەیشتن، ناسین و کردە بنەمای زەینی هەیە، واتە هۆکارەکانی ڕاستەقینەی
پاساوی کردە و کردەوە لە ئەندێشە و زەینڕا سەرچاوە دەگرن. سوبژێکتیڤیسم وەک
پارادایم و ئەندێشە لەڕاستیدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاک، ئاگایی و تێگەیشتووی
تاک محەکەی هەموو زانست و ناسینێکە، واتە تێگەیشتنی تاک و خواستەکانی تاک دیاریکەر
و دەرخەری واقعییەتە. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە سوبژێکتیڤیسم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە
سوژەی زانا واتە مرۆڤ وەک ناسکار پیویستی هەموو زانستێکە.
کوردایەتی
لەگەڵ ئەوەدا چەمکی کوردایەتی،
کوردبوون و دەستەواژەکانی پێوەندیدار بەم چەمکە بەردەوام لەڕاوێژی ڕۆژانە و
نووسراوەکاندا کەڵکیان لێوەردەگیرێت، بەڵام هەتا ئێستاش تایبەتمەندێ نەزەری و زەینێکان،
چوارچێوەی مەغریفی و ئاماژە فەلسەفێکانی ئەم چەمکە بە ناڕوونی، دیاری نەکراوی و ڵێڵی
ماونەوە، بۆیەش لەڕێی کەڵک وەرگرتن لە دوو چەمکی فەلسەفی "سوبژێکتیڤیسم"
و "مێتافیزیک" حەول دەدرێت بە کورتی ئەم گۆشە تاریک و نادیارەی کوردایەتی
ڕوون بکرێتەوە.
کوردایەتی وەک چەمکێک بۆ پێناسەکردنی
سنوورەکانی هەست، خواست، تایبەتمەدنی و چییەتی نەتوەخوازی کوردی بەر لەوەکە لەخۆگری
ڕواڵەتەکان و دیاردە ئۆبژێکتیڤەکان بێت، پیویستە لەخۆگر و هەڵگری تایبەتمەدنی و جیهانێکی
نەزەری بێت، تا بە پشت بەستن بەو دیاردە ئۆبژێکتیڤ و ڕواڵەتێکان شرۆڤە بکرێن،
پاساو بکرێن و شەرعییەتیان پێ بدرێت.
کوردایەتی وەک سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی،
پاردایمێکی نەزەریە لەسەر ئەساسی شەرعییەتی عەقڵی تاک و مرۆڤی کورد وەک بەشێک لە کۆی
گشتی مرۆڤەکانی ئەم جیهانە کە توانایی پیناسەکردن، خۆدەرخستن، خۆ شووناس بەخشی و خۆداڕشتنی
هەیە، ئاماژەیەکە بە شەرعییەتی ئیرادەی مرۆڤ و تاکێکی ئازادی باڵغ کە بەبێ پێویستی
بە ناوبژیوان و نێونجیکەر توانای بوونی هەیە. کوردایەتی وەک پیکهاتە و بینایەکی نەزەری،
زەینی مەعریفی لەخۆگری ئەم توخمانەیە:
ئازادی، بەرابەری، عەداڵەت، سەربەخۆیی، مرۆڤایەتی.
کوردایەتی لەگوێن سوبژێکتیڤیسمی میتافیزیکی
بەردەوام کەوتۆتە بەر هێرشی پان ئێرانیسم و پان شیعیسم. پان ئێرانیستەکان بە بیانوی
ئەوەکە کوردایەتی دژی وجوودی ئێرانیە، لە وجوودی ئێرانی غافڵە و نابەئاگا لە وجودی
ئێرانیە و پان شیعەکان بەبیانووی ئەوەکە کوردایەتی گەورەترین بەربەستە بۆ ڕووبەڕوو
بوونەوەی تاکی کورد لەگەڵ وجوودی ئایینی و هزری ئایینی. لەڕاستیدا هەمووی ئەم ڕەخنانە
ڕاستن بەهۆی ئەوەکە کوردایەتی لەگوێن باوەڕ بە نەتەوەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤی
ناسکار و سوژەی کوردی کە بەڕایەلی زەینی کوردی و مینتالیتەی کوردی لە نەتەوەی کوردیدفا
لێکگرێدراونەوە، بەربەست و لەمپەرێکە بۆ ئیستحمار و کۆیلەکردین تاکی کوردی، ڕێگا
و ئاسۆیەکی بۆ سەربەخۆیی و سەربەستی، کوردایەتی جیهانێکی نەزەری و مەعریفی بان ئایینی
و ئایدۆلۆژیکیە بەمەبەستی فام بە شووناسی هاوبەشکردن، تێگەیشتن لە وێکچووە هزری و
ڕواڵەتێکانی سوژەی کوردی.