۱۴۰۳ مرداد ۲۷, شنبه

فێنۆمێنۆلۆژیی شێعری کوردی و کوردایەتی لە شێعردا


 







شاهۆ حوسێنی

 

زۆر دەمێک بوو لام وابوو کە شێعری کوردی زۆر بە کورتی بە مانای نووسینی شێعر بە زمانی کوردی و کوردایەتیش دەرخستنی دیاردەی سیاسیی باو لە کوردستان لەنێو شێعردایە، واتە ئەوەیکە شاعیرێک شێعر بکاتە بەستێنی دەرخستنی دەرکەوتەی نەتەوەیی ئەمە دەبێتە کوردایەتی لە شێعردا.

 بەڵام ئێستا ڕوانگەم جیاوازە و گۆڕاوە، بەهۆی ئەوەکە ئێستاکە لەمە تێگەیشتووم کە زمان تەنیا دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤ و ڕواڵەتی لە پیتەکان، وشەکان و ڕەستەکان نییە، واتە پێکهاتەیەکی ڕواڵەتی لە پیتەکان کە وشە پێک دێنن و لە وشەکان کە ڕەستە پێک دێنن نییە، بەڵکوو زمان زایەڵەی جیهانێکی زەینی، ڕوانگەیەکی مەعریفیی دەروونی مرۆڤەکانە، واتە بەر لەوەیکە زمان بە شێوەی دیاردەی ڕواڵەتیی وشە و ڕەستە یان فۆڕمی فۆنێتیکس (دەنگدارێتی) بێت، زمان زەین، ئەندێشە و مێنتالیتەیە، واتە نەخشەڕێگایەکی زەینی بۆ پیناسەکردنی "خود"، "ئەوی‌تر" و جیهان، سنووربەندییەکی زەینی و دەروونییە کە سنووربەندیی ڕواڵەتی و جیهانی دەرەوەی مرۆڤ دیاری دەکات.

 بە کورتی دەشێ بگوترێت کە زمان بەر لەوەیکە فۆڕمی ڕواڵەتی وشە و ڕەستەکان بێت بە مانای توانایی زەینی و دەروونیی مرۆڤە. بۆیەش زمان ئەگەر لە فۆڕمی ڕواڵەتیدا لەخۆگری تایبەتمەندیی گشتگیری جیهانییە، بۆ وێنە ئەگەر "بکەر"، "بەرکار"، "ئاوەڵناو" و "فێعل" وەک بەشێک لە ڕێزمان لە هەموو زمانەکاندا تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە و گشتگیرن، ئەوا زمان بە مانای توانایی زەینی دیاردەیەکی تاکی و کۆمەڵایەتیی تایبەتی هەر کۆمەڵگەیەکە.



 واتە دەشێ بگوترێت کە زمان لەم ئاستەدا دیاردەیەکی سوبژێکتیڤە، لەخۆگری جیهان و ساحەیەکی زەینیی تایبەتی تاک و کۆمەڵگەیەکە کە لەگەڵ تاکی کۆمەڵگەکانی‌ تر دەشێ جیاواز بێت، لەلایەک مۆرکی ژینگەی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی خۆی پێوە دیار بێت و لەلایەکی‌ ترەوە زایەڵەی زەمانی خۆی بێت، بە جۆرێک کە لەڕووی زمان هەم ڕەهەندی کۆمەڵایەتی بناسرێتەوە و هەمیش لەڕووی زمان کات بشێ بناسرێتەوە، زۆر بەکورتی زمان دەشێ لەخۆگری ئێستا و ئێرە بێت.

 ئا لێرەڕایە کە من پێموایە هەرچی بە کوردی نووسراوە لە ساحەی شێعردا ناچێتە نێو خانەی شێعری کوردی، بەهۆی ئەوەیکە "کوردی" وەک ئاوەڵناو ناکرێت دابەزێندرێتە ئاستی جوغرافیا، بەڵکوو کوردی لێرە ئاماژەیەکی ڕادیکاڵە بۆ جیهانی زەینی، ئەندێشە و مێنتالیتەیەک کە خاوەنی سنووربەندییە لەگەڵ مرۆڤی کۆمەڵگەکانی‌ تر، کوردی دەشی بگوترێت کە زایەڵەی ژینگەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و مەعریفیی تایبەتی کوردستانە کە نە فارسییە، نە عەرەبییە و نە تورکییە، کەواتە بەشێکی زۆری ئەم شێعرانەی کە ئەگەرچی بە زمانی کوردین بەڵام ناوەڕۆکی ئایینی، عیرفانی، چەپی و بەکورتی هەڵگری زەینی ناکوردستانی بەمانای هاوردەیی و دەرەوەی کوردستانین ناشێ وەک شێعری کوردی پێناسە بکرێن، واتە ئەم شێعرانە کە بەشێک لە ڕەوتی سوبژێکتیڤیسم و زایەڵەی ڕەوەندی دەرکەوتنی سووژەی کوردی بە مانای زایەڵەی ژینگەی کولتووری، کۆمەڵایەتی کوردستان وەک زەین لە زەمانی تایبەتدا نین ناشێ بە شێعری کوردی پێناسە بکرێن.

 لە هەمان حاڵیشدا کوردایەتی لە شێعردا ناشێ وەک دیاردە و تایبەتمەندییەکی ئۆبژێکتیڤ واتە ڕواڵەتی لە شێعردا چاوی لێ‌ بکرێت، واتە هەوڵ بۆ دروشمدان بە کوردی، دەرخستنی سۆز و سەمپاتیکردنی سیاسی لە شێعردا ناشێ وەک کوردایەتی لە شێعردا پێناسە بکرێت، بەڵکوو کوردایەتی لە شێعردا درێژە و تەواوکەری شێعری کوردییە، بە مانای هەوڵ و تێکۆشان بۆ پەرەی شێعری کوردی و هێژمۆنیی زەین، مێنتالیتە و ئەندێشەی کوردی وەک ڕەوتێک لە خزمەت دەرکەوتنی تاک و کۆمەڵگەی کوردی وەک سوبژە و داڕشتنی سنووربەندییەک بۆ پێشگرتن لە داگیرکاری و لە ناوەرۆکی کوردانە بەتاڵکردن لەلایەن ئەوی‌ تری ناکوردستانییە.

 زۆر بە کورتی دەتوانم بڵێم کە شێعری کوردی بە مانای ڕەنگدانەوەی ئاگایی و فامی کوردانە لە شێعردایە و کوردایەتیش لە شێعردا بە مانای هەوڵ و تێکۆشان بۆ پەرە و گشتگیرکردنی ئەم ئاگایی و فامە لە شێعردایە.