۱۴۰۳ تیر ۳, یکشنبه

کوردستان لە گەوهەرەوە(substance) بەرەو هەستێەکی(Existence) کوردانە






شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێ کە هایدگێر لە سەدەی بیستەم‌دا جیهانێکی فەلسەفی‌تری بنیاد ناوە، ئەو بەسەر سەدان ساڵ فەلسەفەدا بازی‌دا و گەڕاوە بۆ جیهانی فەلسەفی بەر لە سوقڕاتی، ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە فەلسەفە لەپاش ئاوا بوونی خۆری ئانتۆلۆژی بەلاڕێ‌دا چوو. ئەگەرچی هەستی هایدگێریش باس لە هەستی دەکات، بەڵام جیاوازی بنەڕەتی و گەوهەری ئەو لەگەڵ ئانتۆلۆژیستەکانی بەر لە ئەفلاتوون و ئەڕەستوو لەوەدا بوو، کە ئەگەر ئانتۆلۆژیستەکانی کۆن باس لە تووخمەکانی پێکهاتن و بەرهەم‌هێنی هەستی دەکەن، بۆ وینە یەکێک تووخمی سەرەکی هەستی ئاو پێناسە دەکات، یەکیکی‌تر خۆڵ، یەکێکی ئاگر و یەکێکی‌تر هەوا، ئەوا پرسیاری سەرەکی و بنەمای فەلسەفەی هایدیگێر پرسیار لە چی بوون و چیەتی هەستیە، واتە هەستی چیە؟ هایدگێر بۆ گەیشتن بە مەبەست و دەرخستنی کاکڵی ئەندێشەکەی کەڵک لە دوو چەمک وەردەگرێت. یەکیان گەوهەر(substance) و ئەوی‌تر هەستی(Existence)، لە ئەندێشەی هادیگێردا گەوهەر دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤە، واتە نموودی بۆ هەموو مرۆڤێک وەک‌یەکە، بۆ وێنە شمشێر وەک فۆڕم و گەوهەر(substance ) لە دیدی هەر بینەرێک‌دا شمشێرە، بەڵام هەر ئەم شمشێرە وەک هەستی(Existence) بوونێکی سوبژێکتیڤە و لە ڕوانگە هەر بینەرێک‌دا دەتوانێ هەستێکی جیاوازی هەبێت. بۆ سەربازێک شمشێر کەرەسەیەکی شەڕ و بەربەرەکانیە، بۆ چەتە یان ڕێ‌گرێک کەرەسەیەکی چەتیی و ڕێگریە، بۆ وەرزشوانێک کەرەسەیەکی وەرزشی و ......هتدە.

کوردستان وەک گەوهەر(substance ) و هەستی(Existence)

کوردستان وەک گەوهەر ئاماژە بە ژێئۆپۆلەتیک، چوغرافیا، شوێن و ژینگەیەکی سرووشتیە کە لەخۆگری شاخ، چۆم، زەریا و زەوی و باغ و....هتدە. چ بۆ کورد، چ بۆ ئەوی‌تری فارس،تورک و عەڕەب کوردستان وەک گەوهەر یەک دیاردەیە و هەموو وەک دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤ بەیەک فۆڕمی ڕواڵەتی دەیبینن، بەڵام کوردستان وەک هەستی(Existence) ئیتر بۆ کورد، فارس، عەڕەب و تورک دیاردەیەکی هاوشێوە و فۆڕمێکی هاوشێوە نیە، کوردستان بۆ کورد نیشتمان، خاک، جیهان و ژینگەیەکی بۆ دەرکەوتنی کورد وەک سوبژە و نەتەوەی کورد وەک مێتا سوبژە.

کوردستان بەڵام لەتەنیشت بوونێکی گەوهەری(substance)، بۆ فارسەکان، توورکەکان و عەڕەبەکان خاوەن هەستیەکە، ئەوان کوردستان بە بەشێک لە جیهانی دانەبڕاوی دەسەڵات، هێژمۆنی‌، شووناس‌و بەرژەوەندی خۆیانی ئەژمار دەکەن، ئەوان هەستیەک بە کوردستان دەبەخشن کە ئەم هەستیە داڕێژڕاو و داهێنراوی خۆیانە لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی کورد وەک سەرچاوە و بەرهەم‌هێنی ئەم گەوهەرەیە و لەخزمەت سەروەری و باڵادەستی خۆیان دایە. لەڕاستی‌دا کوردستان وەک هەستیەک بۆ فارس، تورک و عەڕەب لەپێوەندی لەگەڵ جیهانی زەینی، شووناس و عەقڵییەتی وان بوون و مانا پەیدا دەکات. فارس کوردستان وەک هەستیەک لە درێژەی جیهانی ئێرانیستی و هێژمۆنی عەقڵی پان ئێرانی خۆی‌دا مانا دەکاتەوە، توورکێک کوردستان لە درێژەی جیهانی تورکی جۆی‌دا و وەک بەشێک لە عەقڵی پان‌تورکی خۆی‌دا مانا دەکاتەوە، بۆ عەڕەبێک کوردستان درێژی بوونی عەرەبی و جیهانی پان‌عەڕەبیە.

هەستی کوردستان و کورد بۆ ئەوی‌تری کورد لەڕاستی‌دا لە دەلاقەی هەستی فارس، تورک و عەڕب‌را پێناسە دەکرێت، بۆیەش بەهیچ شیوەیەک قائیل بە هەستیەکی جیاواز لە خودی فارسی، تورکی یان عەڕەبی نین و لەهەر شوێن و کاتێکیش‌دا کە هەستی کوردستان و کورد شیمانە ئەوی لێ‌دەکرێت کە دابەڕاو و جیاواز لە خودی فارسی، تورکی و عەڕەبی بێت، بەهەموو شێوەیەک حەولی لەناو بردن، پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم هەستیە دەدەن. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە کێشەی کورد لەگەڵ ئەوی‌تری فارس، تورک و عەڕەب کێشەی هەستیە، کورد لە پێوەندی لەگەڵ ژینگەی سرووشتی کوردستان پێناسە، شووناس و فۆڕمێکی مانایی و زەینی لەخۆی دەردەخات لە دەرەوەی ژینگەی سرووشتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا وەک گەوهەریفارس، تورک و عەڕەب کە فۆڕمێک پێناسە، شووناس، مانا و مێنتالیتە لەخۆدەگرێ لەدەرەوەی ئیرادە و ئەکتی کورد. هەستی کوردستان بەرهەمی پێوەندی کوردە لە گەڵ کوردستان وەک گەوهەر کە تەواو جیاوازە لەگەڵ هەستی کوردستان وەک بەشێک لە گەهوەری ئێران، تورکیا، عێڕاق یان سووریا، جیاوازێکەش لەمە دایە کە هەستی کوردستان بەرهەم و ڕەنگدانەوەی هەستی کوردە کە بەرهەمی ئاگایی و تێگەیشتووی تاکی کوردە، واتە تاکی کورد لەڕێی ئاگایی و وشیاری هەستیەک لە کورد و خود وەک کورد دەردەخات و لەدرێژەش‌دا هەستیەک لە کوردستان دەخاتە ڕوو، بەڵام تاکی فارس، تاکی تورک و تاکی عەڕەب وەک ناکورد، هەستیەک لەخۆیان دەردەخەن و لەسەر ئەساسی ئەم هەستیە فارسیە، تورکیە و عەڕەبە هەستیەک لە کوردستان دەردەخەن و ئەم هەستیە لە کوردستان بەهیچ شێوازێک ناتوانێ هەستیەکی ڕەسەن بێت، بەڵکە هەستیەکی جەعلی و چەواشەیە، بۆ هۆی ئەوەکە تاکی فارس، تورک و عەڕەب وەک گەوهەر هیچ پێوەندێکی ڕووحیان لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەر نیە، یانی هیچ پێوەندێکی گەەوهەریان بەیەکەوە نیە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی وان لە کوردستان وەک هەستی چەواشە و جەعلیە، بەڵام تاکی کورد وەک گەوهەر لە پێوەندی ڕووحی و گەهوەری لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەردایە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی تاکی کورد لە کوردستان وەک هەستی دەتوانێ ڕەسەن و ئەسیل بێت.

بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزاڤی ژینا

 دیمانە: شاهۆ حوسێنی بزاڤی ژینا بەر لەوەکە دەرکەوتەیەکی سەرشەقام بێت و وەک شۆڕشێک لەسەر شەقام دەربکەوێت، ئاڵوگۆڕیەک و شۆڕشێکی زەینی و مەعریف...