۱۴۰۳ تیر ۷, پنجشنبه

لە خەباتی ئامانج‌خواز بەروو خەباتی ئارمانخواز







 

شاهۆ حوسێنی

خەبات خاوەنی گەوهەرێک و هەستییەکە، گەوهەری خەبات ئەو ڕەوت، کارەسات‌ و ڕووداوانەن کەخوڵقاون‌و ڕوویان داوە، بەڵام هەستیی خەبات بەمانای ئاگایی پەیداکردن بەو هزر، ئەندێشە و ئایدەیانەن کە ڕووداو، کارەسات و ڕەوتەکانیان خوڵقاندو، بەو پێێە دەشێ بگوترێ کە جیهانی خەبات جیهانی ئایدە و هزر و ئەندێشەکانە. ئەگەر بەکورتی بەشێ پێناسەیەک لەمەر خەبات بخرێتە روو دەتوانم بڵێم کە خەبات ئاڕمانخوازە نەک ئامانج‌خواز. ئامانج‌ لەخۆگری ئەو دیاردە ئۆبژێکتیڤ و کورت‌خایەنانە کە بەشێوەیەکی ڕەها مرۆڤ دەشێ و دەتوانێ پێیان بگات و مسۆگەریان بکات، بۆ وێنە ئامانجی پارتێکی سیاسی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكکۆماری یان پاڕڵمانیە، واتە دەستەبەرکردنی دەسەڵات، پەرەپێ‌دانی و دەوام بەخشین بەو دەسەڵاتەیە، ئەم ئامانجە بە گەڵاڵەیەک و کاری کۆنکرێت لە نزیک‌ترین هەڵبژاردن‌دا مسۆگەر دەبێت، بەڵام ئازادی، دیمۆکراسی یان سەربەخۆیی ناشێ ئامانج بێت چوون نالوێت بەڕەهایی‌و کۆنکرێتی لە ڕەوتێکی دیاری‌کراودا دەستەبەر بکرێت، بەڵکە ڕەوتێکی درێژخایەن، مێژوویی و و کاری بەردەوامە و چوارچێوەیەکی سنووردار و دیاری‌کراوی نیە. ئازادی، دێمۆکراسی یان سەربەخۆیی دەست پێک و کۆتاییەکی نیە، بەڵکە سیروورەتێکی بەردەوامە.

 

فەلسەفەی خەبات

لەمەر فەلسەفەی خەبات دەشێ ڕوانگەی جیاواز بێتە ئاراوە، دەشێ بگوترێ کە مەبەست لە فەلسەفەی خەبات، دیاریکردن و دەرخستنی مەبەستی خەباتە، یان دیاری کردنی ئامانجی خەباتە، یان دۆزینەوەی هۆکاری خەباتە. بەڵام لەحەقیقەت‌دا فەلسەفەی خەبات یانی بیرکردنەوە، ئەندێشەکردن و هزرمەندانە ڕوانین لە شووناس و مانای خەباتە، واتەحەولی بیرمەندانە و هزرمەندانە بۆ تێگەیشتن لە لۆژیک و سازوکاری خەباتە هەڵبەتە دەشێ خەبات وەک ڕووداو، کارەسات و تێک‌هەڵچوون لە کات و شوێنی تایبەت‌دا بەشێوەی گێڕانەوەی کردەوە و دژکردەوەکان بگێڕدرێتەوە، بەڵام فەلسەفەی خەبات یانی فام و تێگەیشتن لەمانای ئەو ڕووداو و کارەساتانەی کە ڕوویان داوە، ئەو کردەوە و دژکردەوانەی دەرکەوتوون. ئەگەر بشێت کە بەکوورتی پێناسەیەک لە خەبات بکرێت، دەشێ بگوترێ کە خەبات ڕەوتێکی ئاڕمانخوازانەیە. ڕەنگە بەلای زۆرانەوە خەبات ئامانج‌خواز بێت، بەڵام خەبات حەول و کۆششێکی کوورت خایەن و سنووردار نیە، بۆیە ناشێت کە ئامانج‌خواز بێت. ئاڕمان بە پێچەوانەی ئامانج مرۆڤ دەتوانێ لێی نزیک بێتەوە، بەڵام هیچ‌کات بەشێوەیەکی ڕەها و دائیمی ناتوانێ پێی بگات. لەڕاستی‌دا ئاڕمانەکان کۆگشتیەک لە ئیدەئالەکانن کە لە ئاسۆ دوورەدەستەکانن کە دەشێ لێیان نزیک بینەوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و تەواو هیچ‌کات نالوێت کە دەستەبەر بکرێن. ئێستا کە دیاری‌کرا خەبات ئاڕمانخوازە، پرسیارێکی گرینگ لەم ناوەدا دێتە گۆڕێ، ئەمیش ئەوەیە کە ئاڕمانی خەبات چیە؟

وڵامی ئەم پرسیارە دەکرێ بەزۆر شێوازی جۆراوجۆر بدرێتەوە، بەڵام بە کۆنکرێتی دەشێ بگوترێ کە ئامانجی خەبات پشکووتن و پەرەی هزر و ئەندێشەیە بەمانای پەرەی عەقڵانییەت، طی‌گەیستنی عەقڵانی و ئاگاهیە. ئەم ڕەوتە سەرەتا لە زەین و دەروون‌دا ڕوودەدات و لەدەرەوە دەبێتە بەستێن و هۆکاری باشتربوونی دۆخی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. بۆ وێنە لیبرالیسمی سیاسی سەرەتا وەک ئەندێشە لە زەین و دەروونی جۆن لاک‌دا دەرکەوت و دوایی لە دەرەوەی زەین و و دەروونی لاک و لەناو کۆمەڵگادا و لەناو ژیانی ڕواڵەتی کۆمەڵگا دێمۆکراسی لێ‌کەوتەوە. کەوابێ دەشێ وەک ئیدەئالیستیک بگوترێ کە ئەوە ئایدەکان و ئەندێشەکانن کە واقعییەتەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکان سازدەکەن. واتە ئایدەکان و ئەندێشەکان بەر لە کردەوە و دژکردەوەکان، حەڕەکەتی ڕواڵەتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان دەردەکەون، ئەوان نەقشەڕیگا و پلانی حەڕەکەتن.

مێژووی خەباتی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان و مێژووی پێشکەوت وەک بەرهەمی خەبات لەڕاستی‌دا شتێک نیە جگە لەمێژووی هزر و ئایدە و ئەندێشە، کەوابێ دەشێ بگوترێ کە بۆ پێشکەوت و بەرەوپێش چوون و نزیک بوونەوە لە ئاڕمان مرۆڤ و کۆمەڵگا مرۆییەکان پێویستیان بە پێشکەوت و ئاڵوگۆڕی هزر و ئایدە و ئەندێشە هەیە.

 

خەبات لە ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان

تا بەر لە دەرکەوتنی کۆمەڵەی ژ-ک بۆ وێنە شۆڕشی سمکۆ و شۆڕشەکانی‌تر لە کوردستان ئامانج تەوەرە بوون، شۆڕش بۆ وەدست‌هێنانی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی پاشایەتی. بەڵام دەرکەوتنی کۆمەڵەی ژ-ک یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ئاڕمانخواز لە کوردستان بوو کە لەسەر ئەساسی دوو ئایدەی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی کورد بنیادنرابوو، ئەندامانی ژ-ک و کۆمەڵەی وەک چوارچێوەیەک کە تاکی کورد لەودا کۆکرابوە، چوارچێوە، مانیفێست یان ڕیکخراوەیەکی بۆ دەستەبەرکردنی حکوومەت، پاشایەتی یان دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، لەڕاستی بنەما و ئەساسی ئاگایی بەخشی و مەعریفەت‌بەخشی بە تاک و کۆمەڵگای کورد بوو کە بەو زەین و ئاگاییە بگەن کە کوردیش نەتەوەیە و وەک هەموو نەتەوەکانی‌تر مافی ئازادی و سەربەخۆییە هەیە، ئەوان هیچ‌کات لەسەر ئەو باوەڕە نەبوون لەڕێی دەستەبەرکردنی دەسەڵات و بەشداربوون لە دەسەڵاتی سیاسی‌دا سەربەخۆیی، ئازادی یان مەجالی چارەخۆنووین دەستەبەر و مسۆگەر دەبێت، بەڵکە ئەوان لەوە تێ‌گەیشتبوون کە سەرەتا ئایدە و ئەندێشەیەک لەمەر ئازادی و سەربەخۆیی پێویستە کە وەک زەین و مێنتالیتە ببێتە بەستێنی پەروەردەکردنی تاکی کورد و بەرهەم‌هێنانی سووژەی کورد، کە سوژەی کوردی و تاکی ئاگایی کورد بەرهەم‌هات و مرۆڤی کوردی بەو ئاگاییە گەیشت کە جوغرافیایەکی زەینی و مەعریفی جیاواز لەوی‌تری فارسی هەیە، ئینجا ئایدە و ئەندێشەی کوردانە دەبێتە ڕایەڵی لێك‌گرێدەرەوەی تاکەکان و بەم شێوەیە نەتەوەی کورد بان تایفە و عەشیرە دەردەکەوێت. لەڕوانگەی کۆمەڵەی ژ-ک دا دەشێ بگوترێ کە کورد بوون و کوردستانی بوون پرۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودایە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی و ئازادی و سەربەخۆییش سەیروورەتێکە لە زەمان و ئەندێشەدا.

 

دیمانە لەتەک کوردستان میدیا (ماڵپەڕی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران)

شاهۆ حوسێنی: کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت ئاماژە:   شاهۆ حوسێنی، چاودێری سیاسی لە دیم...