(زەروورەتەکانو دەسکەوتەکانی خەباتی مەدەنی)
شاهۆ حوسینی
بێ گومان بەشێکی هەرگرینگی مێژووی سیاسی جیهان لەخۆگری
ئەو دڵەڕاوکێیە بوە کە چلۆن دەکرێت پێش بە پاوانخوازێتی دەسەڵات، دیکتاتۆرییەت و سەرەرۆیی
دەسەڵاتی حکوومی بگیرێت، بۆ ئەو ئامانجەش دوو رێگا رەچاو کراوە، یەکەم بەربەرەکانی
و شۆرشی سوور واتە کەڵک وەگرتن لە تووند و تیژی و خەباتی چەکداری، دووهەم خەباتی مەدەنی
و دوورە پەررێزی لە تووند و تیژی و خەباتی چەکداری. خەباتی مەدەنی شێوەیەک
لە دەربرینی نارەزایەتی و دژ کردەوە نیشان دانە بە دژ حکوومەت و سیستمەکانی کە لەودا
لە هەر جۆرە تووند و تیژیەک دووری دەکرێت و کۆرگێران و بکەران خۆ لەهەرجۆرە تووندو
تیژیەک دەپارێزن، خەباتی مەدەنی وەک بەربەرەکانی دوور لە تووند وتیژی بەشێوەی کردوە
و دژکردەوە نواندنی بە دوور لە تووند و تیژی، نافەرمانی مەدەنی، بەشداری نەکردن لە
پرۆسەکانی ئابووری، سیاسی، کلتووری حکوومی رەچاو دەکرێت. ئەو شیوە لە خەبات و بەربەرەکانیە
لە وڵات گەلیکی وەک ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا، ئارژانتین، برازیل، کۆریای باشوور،
فێنلاند، هیند، شیلی، بێرمە، یۆنان و لەپاش کۆتایی شەری سارد و رووخانی یەکێتی سۆڤییەت
جگە لە رۆمانی لە بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ئۆرۆپای رۆژهەڵاتی رەچاو کراوە و توانیوێتی
سەرکەوتن وەدەست بێنێت. لە رێبەرە بەناو بانگەکان و تێئۆریسیەنە بەناو بانگەکانی ئەو
شیوە لە خەباتە دەکرێ بەو رێبەر و کەسانە ئاماژە بکرێت: مەهاتما گاندی، مارتین لۆتێرکینگ،
نێلسۆن ماندێللا، مایکێل نێگلر، مۆبارەک عەواز، ئانگ سان سوچی، ئادام میلیچینک، لێئۆی
تۆلستۆی، ئاندرێ ساخارۆف، وسلاو هاول، جین شارپ، لێخ والێسا و …..هتد.
لێکۆڵەران مێژووی خەباتی مەدەنی و بەرخۆدانی دوور لە
تووند و تیژی دەگەرێننەوە بۆ سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین لە وڵاتی چین و باس لە
قوتابخانەی فەلسەفی «مۆهیسم» دەکەن، مەکتەبێکی فەلسەفی دژ بە شەر و تووند و تیژی کە
لەگەڵ ئەوەدا لە سەردەمی سیاسەت کردن بە کەلک وەرگرتن لەشەر وجەنگاوەریدا سەری هەڵدابوو،
بەڵام دژایەتی دەکرد لەگەڵ شەر و زانست قەڵا ساز کردن و خۆپاراستن و دوورە پەرێزی
لەشەر پەرە پێدەدا. هەروەها لێکۆڵەران
باس لە خۆپێشان دان و خەباتی دوور لە تووند و تیژە یەدۆهێکان دەکەن لە ئورشەلیم لە
سەدەی یەکەمی بەر لەزایین بۆ ڕەچاو نەکردم و جێ بەجێ نەکردنی یاسایکانی روومی.
بەگشتی توێژینەوەکان لەمەر خەباتی و بەربەرەکانی مەدەنی
لە مێژووی سیاسی جیهاندا دەرخەری ئەو راستێیە کە ئەو شێوە لە خەباتە لە هەموو کەلێن
و قوژنێکی ئەم جیهانە رەچاو کراوە و تاقی کراوەتەوە، بەڵام سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی
ئەو دەگرێتەوە بۆ هێندیک فاکتەری گرینگ کە حەول دەدرێت تیشکی بخرێتە سەر.
زەروورەتەکان خەباتی مەدەنی:
بەستێنی سیاسی جیهان لە سی، چل سالی رابردوو شاهیدی
رووخان و تێکچوونی بەشیکی زۆر لە دیکتاتۆرەکان بوە کە لەلایەن هیزی جەماوەری خەڵک
تێقرماون یان لەرزۆک بوون، بەشێکی زۆر لەو دیکتاتۆرانە بەرواڵەت زۆریش بەهێز و خاوەن
دەسەڵات بوون، بەڵام لە بەرامبەر بەرخۆدانی یەکگرتوانەی کۆمەڵانی خەڵک بە دوور لە
تووند و تیژیش تێکقرماون و تووشی نسکۆ هاتوون. لانیکەم لە دەیەی هەشتای زایینێوە
زێدە لە بیست شۆرشی مەدەنی لە سەراسەری جیهان توانیویانە بەسەر دیکتاتۆرەکاندا زاڵ
بن، ئەگەر چی بەشێکیتریش لەو شۆرشانە بەتەواوی بەسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا نەیان
توانی زاڵ ببن، بەڵام توانیان تا راددەیەکی زۆر سیما و هەیمەنەی ئەوان بشکێنن. بۆ
ئەو مەبەستەش زەرووری ترین هەنگاوەکانی کە بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر رەچاو
کراون بریتی بوون لە:
١_ بەدەی هاتنی گوتاریکی ئەڵترناتیو لە بەرامبەر گوتاری
زاڵ و هێژمۆنی حکوومەت یان دەسەڵاتی سیاسی، کە بتوانێت پاشەکشە بە گوتاری زاڵی
حاکمییەت بکات، ئەوەش زەمانێک دەلوێ سەری هەڵبدات و وەک ئەڵترناتیڤ لە بەرامبەر
گوتاری حکوومەتدا هێژمۆنی وەدەست بێنێت، لەخۆگری ویست و خواستی هەموو چین و توێژەکان،
کەمینەکانی ئایینی، کلتووری و هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان بێت، واتە گوتارێک بێت کە
دالی ناوەندی ئەو جێگای متمانەی هەموو کۆمەڵگا بێت و بتوانێت ویست و خواستە جۆراوجۆرەکانی
کۆمەڵگا وەک داڵی پەراوێز لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە.
٢_ متمانە و باوەڕ بە سەرکەوتن لەناو کۆمەڵگای دژبەری دەسەڵاتی
حاکمدا بەدی بێت، بەجۆرێک کە مەهارەتەکانی بەربەرەکانی لەناو خەڵکدا پەرە بستێنێت.
٣_ پێویستە رێکخراوە
کۆمەڵایەتی و مەدەنێ سەربەخۆکان لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەلگا لە دەوری
گوتاری هاوبەش و لەخزمەت پەرەی ئەو گوتارە هاوبەشە پێک بێت و بەرەبەرە ئەو ناوەندە
سەربەخۆ مەدەنیانە هێزیکی ناوخۆیی یەکگرتوو لەناو کۆمەڵگادا لەبەرامبەر هێزی نامەشرووعی
دەسەڵاتی حاکم بەدی بێنن.
٤_ پێویستە لەژێر
رێنماییەکانی گوتاری هاوبەش و بە کەڵک وەرگرتن لە رێکخراوە مەدەنێ سەربەخۆکان، گەڵاڵەیەکی
ستراتژیک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم بۆ وەدەست هینانی ئازادی و دێمۆکراتیزاسیون
ئامادە بکەن و بیکەنە نەقشەی رێگا. ئەگەر چی لەرابردوا بەربەرەکانی بەدژ دیکتاتۆرەکان
زۆر جار لە غیابی گەڵالە و پلانێکی ستراتژیک بەرێوە چوە، بەڵام حاشا هەڵنەگرە بە هۆی
تایبەت مەندێکانی جیاوازی دیکتاتۆرەکانی سەردەم لەگەڵ دەسەڵاتە پاوانخوازەکانی پێشوو،
بوونی گەڵاڵە و پلامی ستراتژیک زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە، چوونکە هەرجۆرە پەلان و
گەڵاڵەیەکی کار بۆکراو و دەوڵەمەند لەبواری زانستی بەو پێەی کە ئەمرۆکە پێوەرەکانی
هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی، عادەت و خوڵقی مرۆڤەکان، شێوەی روانین و کاردانەوەکانی ئەو
شیوە روانینانە تا رادەیەکی زۆر لەبەر دەست دایە، دەتوانێت شانسی سەرکەوتنی خەبات
بە دژ دیکتاتۆرییەت و رەوتی دیمۆکراتیزاسیون بەرێتە سەرێ.
خوێندنەوەی ئەو ئاڵوگۆریانەی کە توانیویانە دێمۆکراتیزاسیون
مسۆگەر بکەن دەری خستوە کە ئازاد بوون لە دەست دیکتاتۆرییەت، لە غیابی هەموو چین و
توێژەکان بەشێوەیەکی یەکگرتوو موومکین نیە، واتە ئەگەر چەپە ئۆرتۆدۆکسەکان پەرە پێ
دەری عەقڵییەتی درەختی لە خەبات بوون کە لەودا هەموو کۆمەڵگا پێویستە شوێن گەڵالە
و مێتۆدی کەمینەیەک شۆرشگێری حیرفەیی کەوێت، ئەوا مۆدیلی رایزۆماتیکی دلوز لەسەر ئەو
باوەرەیە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەقەد زەرف و مەقدووراتی خۆیان دەبێت لە
پرۆسەی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بۆ سەرخستنی پرۆسەی دێمۆکراتیزاسیون کەڵکیان
لێوەربگیرێت و هەموو بەشداری پرۆسەی خەبات ببن و پەراوێز نەخرێن.
دەسکەوتەکانی خەباتی مەدەنی:
خەباتی مەدەنی لەخۆگری کۆی گشتی جموجۆڵی ئەو بەشە لە
کۆمەلگایە کە بەپێجەوانەی حیزب و ریکخراوە سیاسێکان کە ئامانجیان گەیشتن بەدەسەڵاتە،
ئامانجیان پاشەکشە بە دەسەڵات، سنووردارتر کردنی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و خواستەکانێتی
بە دەسەڵات و حاکمییت، بۆیەش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەهیچ شێوەیەک خوازیاری گەشە و
پەرەی ئەوجۆرە خەباتە نین، چوون بە بیانووی ئەو خەباتە مەجالی بەربڵاوی تووند و تیژیان
نیە و لەجێگایەکدا دەبێت دان بە ویست و خواستەکانی ئەو بزاڤە هەر چەند لانیکەمیش
دابنێن، واتە یەکەم دەسکەوتی ئەو جۆرە خەباتە دەستەوەستان کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە
رووبەروو بونەوە لەگەڵ ئەو بزاڤەیە، لەهەمان حال دا لەدەرەوەی سنوورەکانی ئەو
جوغرافیایەی کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بەسەردا حاکمە بیر و رای گشتی پشتیوانی زیاتر
و بەربەرین تر لەو جۆرە بزاڤانە دەکەن.
خەباتی مەدەنی ئەگەر روویەکی روو لە بەربەرەکانی لەگەڵ
دەسەڵاتێکی پاوانخوازە ئەوا روویەکی تری، رووی لە بارهێنان و پێگەیاندنی تاک و کۆمەلگایە،
پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگایەکی بەرپرس و مەسئول لەبەرامبەر چارەنووسی خۆێدا، ئەو بارهێنانە
ئەگەر یەکەم ئاکامی لە بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکمدا رەنگ دەداتەوە، لەپاش
رووخان و نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر ئەوا هیچ کات ئیزن نادەن و بەستێنێک پێک ناهێنن
کە لەودا، بۆ جاریکی تر دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆر سەرهەڵبداتەوە، واتە دەسکەوتی
دووهەمی خەباتی مەدەنی پێشگرتن بە دووپات بوونە و سەرهەڵدانەوەی دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆر
و پاوانخوازە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە مێژووی ئالوگۆرێکانی سیاسی نیشانی داوە ئەو دەسەڵاتانەی
بە شۆرش و تووند و تیژی رووخاوەن، بەگشتی دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆریان بەخۆیانەوە دیتۆتەوە.
ئاکام:
خەباتی مەدەنی بەگشتی لەو وڵاتانە توانیوێتی کە سەر
هەلبدات و بە ئاکام بگات کە بەشی هەرە زۆریان تاک نەتەوە، تاک کلتوور و تاک زمانن،
واتە لە یەک نەتەوە پێکهاتوە و لەوەها دۆخێکیشدا سەرهەڵدانی گوتارێک کە بتوانێت
کۆمەلگا لەدەوری خۆیدا کۆبکاتەوە مەجال و ئیحتمالی زۆرە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران
وڵاتێکی فرە نەتەوە، فرە کلتوور و فرە خواستە، بۆیەش هەر ئەو تایبەت مەدنیە بۆتە بەربەستێکی
سەرەکی لە پێکهاتنی گۆتاریکی هاوبەش کە هەموو کۆمەلگا لە دەوری یەک کۆبکاتەوە،
واتە بەستێن و زەمینە بۆ سەرهەڵدان و پەرەی کۆمەلگایەکی مەدەنی مسۆگەر و پەرەئەستاندوو
زۆر لەبار نیە، ئەگەر چی سەرهەڵدان و پەرەی کۆمەلگای مەدەنیش نامومکین نیە، بەلام
بە نیسبەت ئەو وڵاتانەی کە لەخۆگری یەک نەتەوەیە، هێژمۆنی و دەسەڵاتی زۆر کەمترە،
بۆیە لە وڵاتێکی وەک ئێران خەباتی مەدەنی و بەربەرەکانی مەدەنی بەتەنیا لاوازتر لەوەیە
کە بتوانێت پاشەکشە بە دەسەڵاتی پاوانخواز و دیکتاتۆر بکات، بە تایبەت لەناو کۆمەڵگای
کوردی کە لەئێراندا لەڕووی حەشیمەت کەمینەیە، بەڵام وەک باس کرا ئەوە غەیری موومکین
نیە، بۆ ئەو مەبەستەش کورد پێویستە کە لەگەڵ ئەو هزر و هێزانەی کە روانگەیەکی کراوە
و دێموکراتیکیان بۆ دوارۆژی ئێران هەیە لە ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆریەک، لێک نزیک
ببنەوە و جۆرێک هەواهەنگی و هاوکاریان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کورد پێوەندیکانی
لەگەڵ هێزە دێمۆکراتە سەراسەرێکانی ناو ئێران نۆژەن بکاتەوە، چوون ئەزموونی ئێران،
عێراق، تورکیا و سووریا نیشانی داوە کە کورد لەئەگەری هەر ئاڵوگۆریەک بەتەنیای ئەو
هێزە نیە کە بتوانێت لە بەستێنی سیاسیدا هێژمۆن و کارتێکەر بێت، لە هەمان کاتیش
دا کورد پێویستی بە هێزیکی چەکداری نەتەوەیی هەیە کە بتوانێت هێزی چانەزەنی و
دانووستانی کورد لە بەستێنی سیاسی ئێراندا بەرێتە سەر، واتە ئەگەر نووکی پەیکانی
سیاسەتی کوردی خەباتی مەدەنیە و لەلایەن حیزب و رێکخراوە مەدەنێکان رێبەری دەکەرێت،
بەڵام بە هۆی تایبەت مەدنەی ژینگەی کورد لە ئێران کە هەم لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست و
هەمیش لەگەڵ کەمینەەکانیتر تووشی کێشە بێت، هێزێکی چەکداری نەتەوەیی دەتوانێت وەک
پشتیوانی کۆمەلگای مەدەنی و خەباتی مەدەنی بۆ پێش گرتن لە نسکۆی کۆمەلگای مەدەنی و
رێکخراوە مەدەنێکان کارتێکەری پۆزێتیڤی هەبێت.