شاهۆ حوسێنی
دیمۆکراسی بەرلەوەکە دیاردەیەکی ڕواڵەتی بێت بەمانای
چالاکی چەند حیزبی سیاسی، هەڵبژاردن و مەجالی بەشداری کۆمەڵانی خەڵک وەک دەنگدەر،
دیاردەیەکی مەعریفی و زەینیە کە لەسەر بنەمای فەلەسەفەیسوبژێکتیڤیسم واتە باوەڕ و
شەرعییەتیتاکیسوبژە بنیادنراوە، بەوپێیە دەشێ بگوترێ کۆڵەکە زەینی
و مەعریفێکانی دێمۆکراسی بریتین لە:
ئەلف: تەوەر بوونی تاک، بەمانای سەرچاوە بوونی مرۆڤ
بۆ پێناسەکردن، شووناس بەخشین، ئاسۆ و خواست دیاریکردن لە دەرەوەی هەرجۆرە هێزیکی
بان مرۆیی. تەوەرە بوونی تاک لەڕاستیدا لەهەناوی شەرعییەتی سەربەخۆبوونی تاک و
متمانە بە عەقڵی مرۆڤە، وەک تاکە سەرچاوەی جێگای متمانە.
ب: بەرابەری، بەمانای شەرعییەتی مەجال و بەستێنی
دەرکەوتنی تاکی جیاواز لە "من" بەپێی شەرعییەتی سەرچاوە بوونی مرۆڤ،
واتە مەجالی بەرابەر بۆ دەرکەوتنی ئەویتری "من" وەک تاک و مرۆڤ.
پ: ئازادی، بە مانای مەجالی دیاریکردنی خواست،
دەرکەوتنی سەربەخۆیانەی تاک و خۆ پێناسەکردنی سەربەخۆیانەی تاک کە لە تەنیشت دوو
کۆڵەکەکەیتر سێکووچکەی نەزەری دیمۆکراسی بەرهەم دێنێت.
گرینگی ئەم سێ کۆڵەکەیە لەوەدایە کە سنووربەندێکی
ڕوون و ئاشکرا دەردەخات لەنێوان ڕەوتە شێوە دێمۆکراتەکان کە لەڕێی دەرخستنی حیزبی
دەسکرد، هەڵبژاردنی مۆهەندیسیکراو و پاوانکردنی دەرگا دیار و نادیارەکانی
دەسەڵات و دەرخستنی ئاکامی دڵخوازی دەسەڵاتی حاکم لەگەڵ دێمۆکراسیە ڕاستەقینەکان
کە تاک و کۆمەڵگا کۆڕگێڕی سەرەکی بەستێنی سیاسین.
دەسەڵاتە شێوە دێمۆکراتەکان
دێمۆکراسی تا ئەو ڕادەیە گرینگو شوێندانەرە کە
حەتتا دەسەڵاتە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانیش حەول دەدەن خۆیان وەک دەسەڵاتێکی
دێمۆکراتیک پێناسەبکەن و دەربخەن، ئەوان حەول دەدەن لەڕێی دەرخستنی حیزب و پێکاهتەی
دەسکرد و بە ڕواڵەت جیاواز، هەڵبژرادنی شانۆیی و کۆنتڕۆڵکراو کە پێشتر
ئامانجەکەی و لێکەوتەکەی لەپشتی پەردەوە دیاری کراوە، کۆمەڵانی خەڵک بکێشنە ناو
بەستێنی سیاسی داڕێژراو و بەمشێوەیە شەرعییەتی نەتەوەیی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، تا
بەم شێوەیە نرخی پاوانکردنی دەسەڵات و دەرکەوتنی ناڕزایەتی کەم دابەزێنن. جگە لە
حیزب و نیزامی حیزبی وەک یەکێک لە کۆڵەکە ڕواڵەتێکانی دێمۆکراسی لە سیستمە شیوە
دێمۆکراتیکەکاندا یاسای بنەڕەتی وەک کۆڵەکەیەکیتر بەرهەمی ئیرادە، خواست و
ئامانجی دەسەڵاتی حاکمە و لەڕێی هێزی حکوومەتی بەسەر کۆمەڵگادا سپێندراوە، یاسای
بنەڕەتی لەوەها دەسەڵات گەلێكدا بەرلەوەکە نوێنەرەی ئیرادەسی سەربەخۆیانەی تاک و
کۆمەڵگا، لەخۆگری خواست و بەرژەوەندێکانی تاک و کۆمەڵگا بێت، نوێنەری ئیرادەی
دەسەڵاتی حاکم و زایەڵەی خواست و بەرژەوەندێکانی دەسەڵاتی حاکمە، دیارە هەڵبژاردنیش
وەک ڕەوتێک بۆ دیاریکردنی پاڕلمان وەک کۆڵەکەیەکیتری دیمۆکراسی لە نیزامە شێوە
دیمۆکراتیکەکاندا بەهۆی جەعلی بوون و دەسکرد بوونی کۆڵەکەکانیتر دەرکەوتەیەکی
سەربەخۆ نیە و لەژێر کارتێکەری دەسەڵاتی حاکم دایە. لەوەها دەسەڵاتگەلێكدا
بڵاڤۆک وەک کۆڵەکەی چوارەم بە هۆی غیابی کۆڵەکە نەزەرێکانی دێمۆکراسی(تاکتەوەرەیی،
بەرابەری و ئازادی) تەنیا ئاوێنەی باڵانوێنی دەسەڵاتی حاکم و شێوە کۆڵەکەیەکە بۆ
سەپاندنی ڕوانگە مەعریفێکانی دەسەڵاتی حاکم.
دەسەڵاتە دێمۆکراتیکەکان
ساکارترین مانای دێمۆکراسی بریتیە لە دەسەڵاتی گەلی،
بەڵام ئەم ڕوانگەیە لەهەناوی خۆێدا ئاڵۆزی و ڵێڵی زۆری هەڵگرتوە، بەهۆی ئەوەکە
دەسەڵاتە شیوە دێمۆکراتیکەکانیش خۆیان وەک دەسەڵاتی گەلی، نوێنەری زۆرینەی گەل و
هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگا پێناسە دەکەن. ئا ڕێکلێرەدا پرسیار دێتەگۆڕێ کە چلۆن
دەکرێ دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لێك جیابکرێتەوە؟ ئاخۆ لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتە هیچ
جیاوازیەک هەیە؟
وڵام ئەرێنیە، بێگومان لەڕێی دیاردە نەزەری و
زەینێکانڕا دەکرێت دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لێک جیا بکرێتەوە و جیاوازێکانیان
دەربخرێت. دەسەڵاتی گەلی لەڕاستیدا بەرهەمی ئیرادە، خواستو ئامانجەکانی تاکە،
واتە تاکی سوبژە لە سوبژێکتیسمدا وەک ژێرخانو تەوەرەی جیهان، بەرهەم هێنی ژیانی
کۆمەڵایەتی، سیاسی، کۆمەڵگا، کلتوور و...هتدە وەک ڕووخان. ئاسۆی دەسەڵات، شێوازی
دەسەڵات، ئامانجی دەسەڵات و بەرژەوەندی دەسەڵات لەناو دەسەڵاتی گەلسالار و گەلیدا
هەمووی لەخزمەت پەرەی بەرژەوەندی و خواستی تاک و کۆمەڵگای مرۆییدایە، ئەوە
لەکاتێکدایە کە لەدەسەڵات ناگەلێکاندا ئەوە دەسەڵاتی حاکم و مسۆگەر کە داڕێژەر،
بەرهەمهێن و پێشبەری هەموو دیاردەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووریە و تاک و
کۆمەڵگا ناچار و بە زۆرە ملی ملکەچ و گوێێڕایەڵی دیاردە حکوومێکانن.
لە دەسەڵاتە دێمۆکراتیکەکاندا حیزبی سیاسی بەر
لەوەکە سیاسی بێت، مەدەنیە بەهۆی ئەوەکە زایەڵی کۆمەڵگای مەدەنیە، هەڵبژاردن
بەرلەوەکە سیاسی بێت بەمەبەستی دیاریکردنی کۆڕگێڕانی سیاسی، مەدەنیە بەهۆی ئەوەکە
لە ئاکامەکەی زایەڵەی خواستی کۆمەڵگای مەدەنیە.
بڵاڤۆکەکان وەک گرنیگترین کەرەسەی مەدەنی و کۆڵەکەی چوارەم،
لە خزمەت بەرژەوەندی تاکو کۆمەڵگای مەدەنیدایە، بڵاڤۆک زایەڵەی تاکتەوەرەیی،
بەرابەری و ئازادیە لەلایەک و لەلایەکیتر بەستێن و کەرەسەی سیروورەتی بەردەوامی
تاکتەوەرەیی، بەرابەری و ئازادیە، لەڕاستیدا دەشێ بگوترێ کەگرینگترین جیاوازی
دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لە غیابی کۆڵەکە زەینی و مەعریفێکانی دێمۆکراسیدایە، واتە
بوونی سوبژتکیڤیسم، بەرابەری و ئازادی لە دەسەڵاتە گەلێکان پێش دەگرێت بە
سەرەڕۆیی، پاوانخوازێتی و پۆپۆلیسم، لەوەها کۆمەڵگایەکدا بڵاڤۆک وەک کۆڵەکەی چوارەمی
دیمۆکراسی لە ڕاستیدا بەر لەوەکە لەتەنیشت حیزب، نیزامی حیزبی و پەڕڵمانیسم
دابنیشێت، لەپاڵ سوبژێکتیڤیسم، بەرابەری و ئازادی دادەنیشێت و بەرهەم هێنی کۆڵەکەی
چوارمی زەینی دێموکراسیە.