شاهۆ حوسێنی
لەبڕی پێشەکی
ناڕەزایەتی،
تێکهەڵچوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی، خواستی ئاڵوگۆڕی و گۆڕین، گرژی، توندوتیژی و هەموو
دیاردەکانی تری لەم شێوەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوونی قەیران، کێشە، کەلێن و
دابڕان لەنێو کۆمەڵگەدا. بە مانای کارتێکەرنەبوون، شەرعییەتلەدەستدان، و نەمانی
برەوی کولتووری کۆمەڵایەتی، سیاسی، بەها و نۆڕمەکانە. ئەوانە ئاماژەیەکن بە خواست
بۆ گۆڕین و لادانی زۆر دیاردەی مسۆگەر، چەسپاو و داسەپاو.
ئەمەی
لەو ناوەدا گرینگە ئەوەیە کە شێواز و ئاسۆی ئەم دیاردانە لە کۆمەڵگەیەک ڕا بەرەو
کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازیی هەیە. لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکاندا ئەمری ئابووری، کۆمەڵایەتی
و کولتووری ڕەنگە بەرچاوترین بن و شێوازی مەدەنی و هێمنانە دیارترین شێواز. بەڵام
لە کۆمەڵگە دیکتاتۆڕەکاندا بێگومان ئەمری سیاسی و ئازادی وەک ئەمری سیاسی گرینگترین
دیاردەیە و شێوازی شۆڕش دیارترین شێوازی ئاڵوگۆڕیە. لە ئێران وەک کۆمەڵگەیەکی دیکتاتۆر
چ لە ڕووی گوتاریەوە، چ لە ڕووی کولتووریە و؛ چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئازادی وەک
ئەمری سیاسی و، شۆڕش وەک شێواز بەرچاوترین دیاردەکانی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی ئێران
بوون لە ماوەی سەدساڵی ڕابڕدوودا؛ بەهۆی ئەوەکە هیچ مەجالێکی ڕێفۆرمخوازانە بۆ تێپەڕین
لە دیکتاتۆڕییەت و پاوانخوازێتیی سیاسی لە ئێران هیچکات نەڕەخساوە.
ئازادی
و ئازادیخوازی:
کانت
لەسەر ئەو باوەڕەیە ئازادی بە مانایی توانایی دەستپێکی کۆگشتییەک لە ڕووداوەکانە لەلایەن
"خود". بەو پێیە دەشێ بگوترێ ئازادی بە مانای توانایی خود بۆ خۆدەرخستن،
فام لەڕیی توانایی عەقڵی خۆی و توانایی خۆداڕشتن و خۆپێناسەکردن دیاردەیەکی مۆدێڕنە
کە بە دێکارتەوە دەست پێ دەکات. بەڵام ئازادیخواز وەک ئەکت و کردە لە نووسراوەکانی
ویلیام بێلشام لە سەدەی ١٨دا دەرکەوت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە جیاوازی هەیە
لەنێوان ئازادی بەو مانایەی کە زەین پاڵنەرەکان هەڵدەبژێرێت و ئەو زەروورەتانەی کە
پاڵنەرەکانی زەین دیاری دەکات. ئازادی سەلمێنەری شیاویی مرۆڤ و تاکە بۆ هەر جۆرە هەڵسوکەوتێک
لە حەوزەی فام، پێناسە و تێگەیشتندا.
ئازادیخوازی
باسی دیاردەی توانایی مرۆڤ دەکات لە بەرانبەر زۆرداری و زۆر بەسەرداسەپاندن، ئازادیخوازی
لە ڕاستیدا زۆرداری و زۆر وەک دژبەری ئیرادەی ئازادی پێناسە دەکات. ئازادیخوازی لەسەر
دوو بنەمای سەرەکی بنیات نراوە: یەکەم شەرعییەتی توانایی ڕاپەڕاندنی ئەرک بە شێوەیەکی
جیاواز و دووهەم بەرپرسیاریەتیی کۆتایی. ئەم دوو بنەمایە یەکەم ئاماژەیەکە بە جیاوازبوونی
هەڵبژاردنی بژاردەکان لەلایەن تاکەوە بەهۆی جیاوازیی کات و شوێنەکان و دووهەم بەرپرسیاریەتیی
مرۆڤەکان لە ئازادی و ئیختیاردا، واتە مرۆڤ کاتێ بەرپرسیارە کە ئازادی هەڵبژاردنی
هەبێت. بەگشتی ئازادیخوازی ئەسڵی هێرشنەکردنە بۆ سەر ئەوانیتر.
هەرزەیی
چەمکەکان لە کولتووری ئێرانیدا:
بنەما
و مەبەستی ئاڵوگۆڕەکان لە ڕۆژئاوا لەم شوێن و کاتەوە دەست پێ دەکات کە دێکارت بە
دوو ڕەستە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە نێو چەقی ژیان، کۆمەڵگە و مێژوو. یەکەم جار بە شککردن
لە دیاردە زەینی و ڕوانگەکانیدا کە بەرهەمی ژیان لەنێو ژینگەیەکەی کۆمەڵایەتی و
کولتووری و زەمانێکی تایبەتدا بوو. ئەو حەوڵ دەدات هەموو ئەم ئەندێشە، فام و ئاگاییانەی
کە وەک ئەزموونی زەینی وەری گرتوون لە بێژنگیان بدات و وەردەیان بداتەوە. دواییش لەڕیی
"من بیر دەکەمەوە" حەوڵ دەدات ئەندێشە و زەینی خۆی بکاتەوە بە چەقی فام
و تێگەیشتوویی و بەم شێوەیە لە بوونێکی بەرکار، دەسکرد، ڕاهێنراو، ڕاهاتوو و دەستەموو
بڕەخسێت، ئازاد بێت و سەربەخۆ بێت. واتە بوونێکی بکەر، خۆدەرخەر، خۆڕەخسێنەر و خۆبەرهەمهێن
دەربخات. بەکورتی لە مرۆڤێکی یەخسیر بەرەو مرۆڤێکی ئازاد هەنگاو دەنێت. لە ڕاستیدا
ئازادی سەرەتا و دەسپێکی جیهان، ئەندێشەی مۆدێڕن و دەرکەوتنی مۆدێڕنیتە، واتە گەڕانەوەی
مرۆڤی بیرمەند، خاوەن ئەندێشە و سەربەخۆ بۆ نێو چەقی ژیان، جیهان و مێژوو بە مانای
ئازادی و ڕەخسان لە کۆیلەیی و یەخسیریی سەرەتای دەرچوون لە جیهانی نەریتی و کلاسیک
بەرەو جیهانی مۆدێڕنە.
ئاڵوگۆڕەکانی
دوایی لە کۆمەڵگە، کولتوور، ئابووری و سیاسەت هەر لەسەر ئەساس و تەوەرەی ئازادیی
مرۆڤ ڕووی دا. بۆ وێنە دەرکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی، لیبرالیزم، مرۆڤخوازی، عەداڵەتخوازی،
دێموکراسی و دەوڵەتی دیمۆکراتیک هەموویان لەسەر ئەساس و تەوەربوونی ئازادیی تاک و
بە مەبەستی پاراستن، پەرە و پەیڕەوی ئەم ئەندێشەیە دەرکەوتن و سەریان هەڵدا.
بەڵام
ئەمەی لە ئێران دەرکەوت و سەری هەڵدا، ڕێک پێچەوانە و دژی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوو کە لە
ڕۆژئاوا وەک مۆدێڕنیتە دەرکەوت و سەری هەڵدا. ئێرانییەکان شێوە مۆدێڕنیتە، شێوە
ئازادی، دەوڵەتی شێوە مۆدیڕن و دیاردە شێوە نوێیەکانیان بە مەبەستی سەرکوتی تاکی
ئازادیخواز، بەرهەمهێنانی بوونی دەستەمۆ، دیل و بەرکار دەکار هێنا. ئەوان لە هەموو
کەرەستەیەک کەڵکیان وەرگرت تا بەر بگرن بە دەرکەوتنی بوونی ئازاد، سەربەخۆ و خۆبنیاتنەر،
بۆیەش بە بەرهەمهێنانی گوتار و ئایدۆلۆژیی گشتگیر و ڕادیکاڵ، بەرهەمهێنی داگیرکاری،
پاوانخوازی و دیکتاتۆڕییەت بوون.
گرینگترین
دیاردەی شێوە مۆدێڕن کە وەک بنەما لە ئێران دەرکەوت تا لەسەر ئەساسی ئەو، دیاردە سیاسی،
کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان پەرە بستێنن. ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوو کە بەپێچەوانەی
ناسیۆنالیزمی نەتەوەتەورە کە درێژەی سوبژێکتیسمی دێکارتی بوو، و سوبژەی لە تاک ڕا
گواستەوە بۆ گشت، تاک و گشتی ئۆبژەی بەرهەمهێنایەوە بە مەبەستی پارستن، پەرە و بەڕبڵاویی
دەسەڵاتی سیاسی. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە ئاڵوگۆڕەکان لە ئێران بە هۆی ئەوە کە چەمکەکان
بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە لە نێوەرۆکی نوێ و مۆدێڕنی خۆی بەتاڵ کرا و نێوئاخنی
کردن بەدیاردە تەواو نەریتییەکان، بەگشتی چەمکە نوێ و مۆدێڕنەکان تووشی هەرزەیی
بوون. ئەم هەرزەییە خۆی لە سێ ئاستی ئایدۆلۆژیکدا دەدیتەوە، نەتەوەخوازیی ڕەچەڵەکی
کە ڕەزاشا و حەمەڕەزای پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازەکانی ئێستا خۆیان تێدا پێناسە دەکرد
و دەکەن. دووهەم ئایینخوازەکانی مەشرووتەخواز و لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێخۆرمخواز. سێهەم
چەپی ئۆرتۆدۆکسی کە خۆیان لە توودە، چریکەکانی فیدایی خەڵق و ئێستاش لایەنەکانی وەک
حیکمەتیست و کۆمۆنیستی کرێکاریدا دەبیننەوە.
وێکچوویی
بنەڕەتی و سەرەکیی هەمووی ئەم لایەنانە دژایەتی لەگەڵ سوبژێکتیسم بە مانای سەربەخۆیی
تاک وەک بنەمای پلۆرالیزم، کەلانڕەوایەتی و مۆنۆلۆگ بوونە کە دەشێ بەگشتی وەک دژایەتی
لەگەڵ مۆدێڕنیتە پێناسە بکرێت. هەربۆیەش بەهۆی ئەو نیزامە مەعریفەتناسە پاوانخواز
و نەریتییە هیچ ڕەوتێکی دێمۆکراتیزاسیونی لە ئێران نە هاتۆتە ئاراوە، نە دێتە
ئاراوە و نە دەردەکەوێت.
ئازادی
و ئازادیخوازی لە کوردستان:
ئەگەر
کورد تا سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی بوونیکی ئۆبژەیە و لە چوارچێوەی شوناسی ئەوی تر
دایە، بەجۆرێک کە لەڕیی ئایینخوازییەوە دەکەوێتە بەرەی عووسمانی و تووشی کوشتار و
ژینۆساید دەبێت، ئەوا لە پاش شەڕی یەکەم حەوڵەکانی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، ڕووناکبیرانی
کورد و ڕۆژنامەنووسانی کورد بە مەبەستی دەرخستنی شوناسێکی کوردانە، سەربەخۆیانە و
خۆسەروەرانە لە کورد، کۆششێکی مۆدێڕن، سوبژێکتیستانەیە و هەر بەو پێیەش ئازادیخوازنەیە
بۆ دەرخستنی کورد لە کۆیلەیی، کۆتی شوناس، فۆڕمی زەینی و چوارچێوەی مەعریفی داهێنراوی
ئەوی تری کورد.
ئەم
دۆخە دەستپێکی دەرچوون لە نیزامی مەعریفەتناسانەی داڕێژراوی ئەوی تری کورد و هەنگاوێکە
بۆ بنیاتنانی نیزامیکی مەعریفەتناسانەی کوردی وەک ڕایەڵێک بۆ لێكگرێدانەوەی کورد
وەک کۆگشتییەکی پارچەکراو، بۆیە دەشێ بگوترێ کە دەستپێکی ئازادیخوازیی کوردی وەک حەولێکی
مۆدێڕن و سۆبژێکتیڤیستانە بە مەبەستی دەرکەوتنی وەک فۆڕمێکی سەربەخۆ و جیاواز لەوی
تر لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییە. دیارە بنەماکانی ئەم ڕەوتە هەر لە کۆتاییەکانی سەدەی
نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ڕا داندرابوو، بەڵام وەک ڕەوت لە پاش شەڕی یەکەم
گشتگیر دەبێت و کوردایەتی وەک کۆششێکی سەربەخۆیانە لە فۆڕمی زەینیدا دەبێتە بنەمای
شۆڕشەکانی کوردی. ئیتر لەمەو بەدوا خەبات بۆ ڕەخساندنی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی
لە چوارچێوە مانایی و ڕواڵەتی داسەپاو لەلایەن ئەویتری خاوەن دەسەڵات، هێژمۆن و دژە
کورد دەبێتە ئامانجی شۆڕشەکانی کوردی.
ئەمری سیاسیی فارسی لەسەر بنەمای دۆست و دوژمن
بنیات نراوە، ئەم دۆستە لە ئێرانخوازیی پەهلەویدا تاکی موستەحیلی بوو لەنێو شوناس
و فۆرماسیونی ئێرانیدا بوو، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا تاکی موستەحیلبوو لەنێو
شوناس و فۆرماسیۆنی زەینی شیعەدایە. هەر بەو پێیە دەشێ بگوترێ کە گرینگترین تایبەتمەندیی
ئەمری سیاسی فارسی دیکتاتۆری، پاوانخوازێتی و دوگماتیزمە. دوژمن هەموو تاک و کۆمەڵگەکان
لەخۆ دەگرێت کە دژی شوناسی داسەپاوی ئێرانین، دژی کۆیلەیی، دەستەمۆیی و خوازیاری
ئازادین. کە وابێ ئەمری سیاسیی دژبەری ئەمری سیاسی فارسی دەشێ لەسەر بنەمای دیکتاتۆڕییەت
و ئازادی بنیات بندرێت، واتە وەک دژایەتی و بەرپەرچدانەوەی پاوانخوازێتی و نەریتخوازی
ئەمری سیاسی فارسی کە دیکتاتۆڕییە، ئەمری سیاسی کوردی پێویستە ئازادیخواز بێت.
ئازادی بە مانای شەرعییەتی دەرکەوتنی تاک و کۆمەڵگەی جیاواز، پێشگرتن بە هەرجۆرە هێرشێک
بۆ سەر شوناس و جیهانی زەینی کوردی، شیاوی و توانایی خۆدەرخستن، خۆڕێکخستن و خۆبنیاتنان.