(من کوردانە بیردەکەمەوە، کەوابێ هەم)
شاهۆ حوسێنی
لەبڕی پێشەکی:
کورد لە کوردستان وەک بوونێک
زۆربەی کات لەنێوان سێ بوونی کلۆنیالیستی ئیسلامی، لێنینیستی و کەماڵیستی،
ئێرانستی و عەرەبیسمدا گێژی خواردۆتەوە، واتە حەولی داوە بوونی خۆی، کێشە و
قەیرانەکانی و مسۆگەر بوونی لەڕێی ئەم زەینە کلۆنیالیستیانەدابخوێنێتەوە و
چارەسەریان بکات، ئەمە لەکاتێکدایە کە گرینگتیرین تایبەمەندی نیزامی ئێپیستمۆلۆژی(مەعرفەتناسی)
ئەم زەینانە، ڕوانینی ئۆبژێکتیڤیستیانە بە نیسبەت کورد، کێشەی کورد و بوونناسی
کوردە. ئەوان بە بەردەوامی حەولی سڕینەوەی کورد وەک بوون دەدەن لەڕێی تواندنەوەی
کورد لەناو ئەو شووناس و چوارچێوە زەینیەدا کە بوونێکی مەسخکراو لە کورد
دەردەخات. ئەم زەینە کلۆنیالانە حەول دەدەن لەڕێی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کۆژیتۆی
کوردی و سەپاندنی کۆژیتۆی ئیسلامی، لێنینستی، کەمالیستی، ئێترانیستی و عەڕەبی
بوونێکی دەسکرد، دەستەمۆ و ملکەچ لە کورد بەرهەم بهێنن. واتە لەڕێی داگیرکردنی
زەینی و مەعریفی کورد، بەتاڵ کردنی کورد وەک بوون لە کۆژیتۆی کوردی و نێوئاخنکردنی
بە زەینێکی دەرەکی داگیرکەر، سەربەخۆیی لە کورد داماڵن و بەر بگرن بە دەرکەوتنی
بوونێکی سەربەخۆ لە کورد. واتە لەڕیی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کورد وەک بیر، زەین و
فەلسەفە بە مانای ئەندێشەی لۆژیکی و پاساوکەری فۆرمێک لە بوون یان کۆژیتۆی کوردی بە مانای بوونێکی خۆپێناسەکەر،
خۆدەرخەر و خۆڕێکخەری سەربەخۆ، بەر دەگرن بە سەربەخۆیی کورد لەبوارەکانی تری
کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری و ئابووری. ئا لێرەڕایە کە گریگنایەتی کۆژیتۆی کوردی
دەردەکەوێت و پێویستە تیشکی بخرێتە سەر و شرۆڤە بکرێت.
کۆژیتۆ دەستپێکی سەربەخۆیی:
کۆژیتۆ دەستپێک، بنەما و ئەساسی
هەستیە، کە لەو ڕا مرۆڤ وەک تەنیا سوژەی ڕاستەقینە بەو هۆیەوە کە مرۆڤ بیردەکاتەوە
و لەڕیی بیرکردنەوە خۆی، ئەویتر و جیهان دەردەخات، دەردەکەوێت، واتە لەڕێی کۆژیتۆ
مرۆڤ دەگاتە ئەو پلە و بایەخە وەک سوژە کە هەموو بوونەکانیتر بوونایان دەروەست بە
بوونی مرۆڤە. کۆژیتۆ لەڕێی "من بیردەکەمەوە"ڕا دەردەکەوێت، ئەو ئەندێشە،
زەین و هزرەی کە پێ داگری دەکات لە ڕەسەنایەتی، هێز و حزووری مرۆڤ وەک تەوەرە و
ناوەندی جیهان بەگشتی.
لەڕاستیدا لەڕێی منی بیرمەند و منی
بیرکەرەوەڕایە کە هەم خۆم وەک جیسم و هەموو جیهانی دەرەوەی من مەجالی دەرکەوتن و
مسۆگەر بوون پەیدا دەکەن. بەگشتی دەشێ بگوترێ مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە
دەرکەوتنی"من بیردەکەمەوە" دەور و نەخشیکی تەوەرەیی لەناو هەموو بوونەکانیتردا
بۆخۆی مسۆگەر کرد و لەڕێی چەمکی "من بیردەکەمەوە کەوابێ هەم" سەرکەوتنی
منی مرۆڤ و پێگەی منی مرۆڤ کە لەخۆگری سەربەخۆیی منە بەسەر بوونەکانیتردا مسۆگەر
دەبێت. بێ گومان ئەو یەقینە بە بوونی خود و بە من وەک کۆژیتۆ لە شک و گومانەوە
دەست پێدەکات، مرۆڤ لەڕیی گومان خستنە سەر ئەو دیاردانەی کە ئەو لەخۆ دەگرن،
پێناسەی دەکەن و شووناسی بۆ ساز دەکەن، دەتوانێ بە خودی ڕاستەقینە و خۆبنیادنەری
بگات، مرۆڤ لە ڕێی گومان خستنە سەر ئەو شووناسە داسەپاوەی کە ئەویتری پاوانخواز،
داگیرکەر و داپڵۆسێنەر بە سەریدا سەپاندەوە دەگاتە خودی گەوهەری و ڕاستەقینە. بەو
پێیە دەشێ بگوترێ کە دەرکەوتنی من وەک کۆژیتۆ بە مانای منی خاوەن هزر و ئەندێشەی
سەربەخۆ وەک بەرهەمێکی لۆکاڵی منی ڕەخسیو لە جەغزی ئەویترە کە ڕێگا بۆ سەربەخۆیی
لە بوارەکانیتر دەڕەخسێنیت و بنەمای سەربەخۆییەکانیترە.
حەولە سەرەتاییەکان بۆ دەرکەوتنی
کۆژیتۆی کوردی:
کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدهەم کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، لە
لایەن مێقداد مەدحەت بەدرخان، و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی کە هاوکاتە لەگەڵ
دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، دەشێ وەک دەستپێکی دەرکەوتنی ئاڵوگۆڕی
زەینی، حەول بۆ دەرخستنی ڕوانینێکی کوردانە لە کورد، بونیادنانی کوردبوونێکی
لۆکاڵی بەدەر لە ڕوانگەی داگیرکەران و یۆریانتالیستەکان، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و
کلتووری لە کۆمەڵگای کوردیدا پێناسەبکرێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاڵوگۆڕی لە ئیمپراتووڕی
عووسمانی بەشێوەی ڕێفۆرمخوازی و بزاڤی لالە و درەکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکان
کە بەرهەمی ئاڵوگۆری لە سیستمی فێرکاری، هاموشۆی کۆمەڵانی خوێندکار بۆ ڕۆژئاوای مۆدێڕن،
خوێندن لە خویندگا مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوادا ئاڵوگۆڕی لە کلتووری کۆمەڵگا و ئەندێشەی
کۆمەڵگادا ساز کرد، لەوەها دۆخێک دابوو کە یەکەم کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان دەرکەوتن.
کۆڕ و کۆمە ڵەکوردێکان دوو دیاردەی گرینگیان هەبوون، یەکەم ئەوەکە فۆرماسیونگەلێکی
ڕۆناکبیرانە بوون و دووهەم نەتەوەخواز بوون(دووادیاردەی کە وەک بنەما بۆ
دەرکەوتنی کۆگیتۆی کوردی دەوری سەرەکی دەگێرن). بنیادنەرانی ئەم کۆڕ و کۆمەڵانە کەسانی
خوێندکار و خاوەن هزر و ئەندێشەی نوێ بوون. ئەوان بە حەول و کۆشش بۆ پەرەپێدانی
هزر و ئایدیای نوێ لەڕاستیدا بەگژ بیر و ئایدیای نەریتی و کۆنی کۆمەڵگادا ڕۆچوون
و ڕەخنەگری کلتوور و ئایدیای نەریتی کۆمەڵگا بوون. هەروەها ئەوان بە بنیادنانی کۆڕ
و کۆمەڵی کوردی و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بە کردەوە تێکۆشاون و لە کۆمەڵگادا هەنگاویان
بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ هەڵێناوەتەوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە ئەندێشەی نوێ، کردەوە
بۆ ئاڵوگۆڕی و کۆششی مەدەنیانە (ڕەوە و کۆمەڵگا خەبات کردن نەک حەول بۆ دەسەڵات) سێ
تایبەتمەندی گرینگی ڕووناکبیرانن کە لە ڕێکخەڕانی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکاندا هەبوو.
ئەم ڕەوتە بە زۆر هۆکار و یەک لەوان دەرکەوتنی دەسەڵاتە ئیمپڕیالیتستیە
شێوە مۆدێڕنەکانی ڕەزاخانی لە ئێران، کەماڵیستی لە تورکیا، کمۆنیستی و لەپشان
بەعسی لە عێراق و سووریا لە تەنیشت پەرە و هێژمۆنی ئایدۆلۆژی، عەقڵانییەت و
دەسەڵاتی چەپی لێنینیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێژمۆنی ئەو ئایدۆلۆژیە لەناو چینی
خوێندکار و شێوە ڕووناکبیری کورد، ناکام مایەوە و کۆتایی پێ هات، لەگەڵ ئەوەدا
ڕەوتی نەتەوەخوازی حەولی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەدواچوونی بۆ مافەکانی کوردی دەکرد،
بەداخەوە هێژمۆنی پۆزەیتۆسیم لەناو نەتەوەخوازەکاندا هەموو حەول و کۆششەکانی
لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسیدا قەتیس کردبوە.
ئاڵوگۆڕی لەئاگایی تاکی کورددا:
دابڕانی کۆمەڵگای کوردی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەندێشە و ڕوانگەی
نەریتی، دەشێ وەک یەکەم چرۆی فام و خۆئاگایی لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی ببیندرێت،
ئەم فام و خۆئاگاییە بەشی زۆری بەرهەمی ئاڵوگۆڕی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و
کلتووری ئەم ژێئۆپۆلەتیکانە بوو کە لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی کوردیان تیا پارچەکرا
و خەونەکانی کورد بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی تیا نێژرا. بێگومان ئەم
تێگەیشتن و فامە لەم دۆخە قەیراناویەش بەرهەمی پەرەی خوێندنی نوێ، ڕۆژنامەگەری
کوردی و دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردێکان بوو. تێگەیشتن لەوەکە کورد تورک، فارس و
عەڕەب نیە و ژینگەی ڕواڵەتی و زەینی ئەو جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەم سێ ژینگەیە
لەڕاستیدا یەکەم هەنگاوی دەرکەوتنی کۆژیتۆی کورد بوو. بەڵام بەشێکی زۆری
قەیرانەکە کە دەگەڕاوە سەر بنیادنانی زەین و کردنەوەی دەلاقەیەکی کوردانەی بەڕوی
کێشەکاندا هەر ماوەتەوە، کورد لەدرێژەدا لەگەڵ ئەوەدا حەولی دەرخستنی جیاوازی خۆی
لەگەڵ ئەویتری تورک، فارس و عەڕەب دەدا، بەڵام ڕێک لەناو جوگرافیای زەینی ئەویتردا
خوێندنەوەی بۆخۆی و ئەویتر دەکرد، واتە بەشێک لە نەتەوەخوازانی کورد، حەولی پاساوکردنی
نەتەوەخوازیان لە دەلاقەی ئایینڕا دەدا و بەم شێوەیە ئایینخوازی بوو بە
چوارچێوەیەک بۆ پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی. کێشەی گرینگی ئەم ڕەوتە لەوەدا بوو
کە ئایین وەک زەین و فۆڕمێک لە عەقڵانییەت، هاوردەیەکی عەڕەبی و ناکوردی بوو.
بەشێکیتری کۆمەڵگای کوردی لە دەلاقەی ئەندێشەکانی چەپ(لێنینیسم، مائۆئیسم و
ئانارشیسم) ڕا خوێندنەوەیان بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردی و یەک لەوان قەیرانی
نەتەوەیی دەکرد، ئەم بەشەش بوونە دوو تاقم: تاقمێکیان ئەساسەن نەکۆڵیان لە
نەتەوەخوازی دەکرد و وەک دیاردەیەکی بۆرژوازی و ئەمپریالیسمیان پێناسە دەکرد،
تاقمی دووهەمیش حەولیاندا چەپ وەک
چوارچێوەیەک بۆ پەرەی نەتەوەخوازی کوردی بەکار بێنن، کێشەی ئەم دیاردەیەش ئەمە
بوو، کە ئەساسەن چەپ وەک ئەندێشە و زەین هیچ تایبەتمەندێکی وێکچووی لەگەڵ
کۆمەڵگا، ژینگە و تاکی کورد نەبوو، واتە تاک و کۆمەڵگای کورد لە غیابی زەینێکی
کوردانە بەر لەوەکە وەک سوژەیەکی کوردی دەربکەون، بوونە ئۆبژە و کەرەسەی بیرۆکەی
چەپ.
بەشیکیتری کۆمەڵگای کوردی حەولیان دەدا نەتەوەخوازی کوردی لە دەلاقەی
زەین، فام و تێگەیشتنی نەتەوەی باڵادەستی تورک، فارس و عەڕەبڕا بخوێننەوە، واتە
نەتەوەخوازی تورکی، فارسی و عەڕەبی جیهانێکی مەعریفی و چوارچێوەیەک بوو کە لەودا
خەریکی پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی بوون، گرینگترین کێشەی ئەم ڕەوتەش لەوودا بوو
کە ئەساسەن ئەم سێ فۆڕم لە نەتەوەخوازیە هیچ باوەڕێکی بە کۆژیتۆی کورد نەبوو و
ئەساسەن ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤیستانەیان بە نیسبەت کورد و ئەویتری خۆیان هەبوو.
ئاکام:
بێگومان دەستپێکی سەربەخۆیی لە
ڕواڵەتی سیاسیدا بەرهەمی سەربەخۆیی زەینی، ئاگایی و سەربەخۆیی لە فام و تێگەیشتنە،
واتە دەلاقەیەکی مەعریفی بۆ ڕوانیین، شرۆڤە و فامی "خۆد"، "ئەویتر"
و جیهان کە بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتی "خود" بێت، واتە دەرکەوتنی "کۆژیتۆ"
سەرەتا و چەخماخەی هەر فۆڕم لە سەربەخۆییەکە، ئەم کۆژیتۆیە خاوەنی جیهانێکی زەینی
و مەعریفیە کە سنووربەندی هەیە لە فام و تیگەیشتن لەگەڵ ئەویتر و لە دەرەوەی
سنووری زەینی ئەیتردا کایە دەکات. کۆژیتۆ وەک خۆی بیردەکاتەوە و سەرەتا ژیئۆپۆلەتیکێکی
زەینی و مەعریفی بنیاد دەنێت و هەر ئەمەش دەبێتە نەخشە ڕێگای کردە و کردەوەکانی.
لە غیابی کۆژیتۆی کوردی"بوونێکی کە کوردانە بیر دەکاتەوە و لەژێر ڕێنمایی
بیری کوردانەیدا هەڵسو کەوت دەکات" مافی کورد وەک بوونێکی کورد کە نە
تورکە، نە فارسە و نە عەڕەب دەستەبەر نابێت.