شاهۆ
حوسێنی
بەگشتی
لەناو کۆمەڵگای کوردی چوارفۆرم چالاکی سیاسی دەکرێ دەستنیشان بکرێت
١_
فۆڕمی سوقڕاتی: ئەو فۆڕمە لە چالاکانی سیاسی، هیچ عەلاقەیەکیان بە دەسەڵات نیە و
حەول نادەن دەستیان بە دەسەڵات ڕابگات، ئەمانە زۆرتر ڕەخنەگرن و ڕەخنە لە دەسەڵات
دەگرن، ئەوان بەو شێوەیە بەتەمان حەوسەلەی دەسەڵات بۆ بیستنی کەمایەسێکان بەرنە
سەرێ.
٢_
فۆڕمی ئەفلاتوونی: ئەم فۆڕم لە چالاکانی سیاسی حەول دەدەن لەڕێی ڕەخنە لەدەسەڵات و
حەول بۆ بەرهەم هێنانی ڕێفۆڕم لەدەسەڵاتدا، بچنە ناو جەغزی دەسەڵات و دەسەڵات
بەدەستەوە بگرن، دەشێ بگوترێ کە چالاکی مەدەنی بۆئەوان کاناڵیکە بۆ خزانە ناو
دەسەڵات.
٣_
فۆڕمی ئەڕەستوویی: ئەگەر چالاکانی سیاسی سوقڕاتی تەنیا خەریکی بیردۆزی و پارادایم
داڕشتن بوون، ئەمانە لە تەنیشت ئەو دیاردەیە، حەول دەدەن ئەو ئەندێشە و هزرانەی
بەرهەمیان دێنن، بیانخەنە بواری جێبەجێ کردن و ڕەچاوی دەکەن، ئەوان بە نزیک
بوونەوە لە دەسەڵات، حەولی پراکتیزەکردنی ئایدە و ئەندێشەکانیان دەدەن.
٤_
فۆڕمی ڕەواقی: چالاکانی سیاسی فۆڕمی ڕەواقی نە وەک فۆڕمی سوقڕاتی تەنیا بیر دۆز و پەرە
پێدەری ئایدە و ئەندێشەن، نە وەک ئەفلاتوونێکان ئامانجیان دەست بە دەسەڵات راگەیشتنە
لەڕێی ئیسلاحی دەسەڵات و نەوەک ئەڕەستوویەکان حەول دەدەن لەڕێی نزیک بوونەوە لە
دەسەڵات ئایدە و ئەندێشەکانیان پراکتیزە بکەن. چالاکانی فۆڕمی رەواقی حەولی ڕاهێنانی
شاروومەندان لەڕێی تێگەیاند و ئاشنا کردنی تاک و شاروومەند بە ماف و ئەرکەکانیان
دەدەن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە تا کلتووری تاک نەگۆردرێت و نوێ نەبێتەوە، هیچ
ئاڵوگۆڕیەک لە فۆرماسیونی کۆمەڵگا و حکوومەتدا بەدی نایەت و هیچ ڕەوتیکی
دیمۆکراتیک سەرناکەوێت.
بەگشتی
سێ فۆڕمی یەکەم، دەسەڵات تەوەرەن و ڕووی ڕەخنە و ئاڵوگۆڕیەکانیان دەسەڵات و
لەدەسەڵاتڕایە. بەڵام بەپێچەوانە، فۆرمی رەواقی ڕووی لە تاک و کۆمەڵگادایە و سەرەتا
و دەستپێکی ئاڵوگۆڕیش لە تاک و کۆمەڵگادا دەبینێت.
حەولەکانی
سیاسی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بەگشتی ڕەچاوی فۆڕمی هەڵکەوتەخوازی ئاڵوگۆڕی کردوە،
ئەو هەڵکەوتەخوازیە بەتایبەتی خۆی لەچوارچیوەی کلتووری لێنینیستی شۆڕشگێرانی پڕۆفێشناڵدا
دیتۆتەوە، تا هەڵکەوتەخوازی ڕۆژئاوایی.بێ گۆمان هەرجۆرە ئاڵوگۆڕیەکی بنەڕەتی بۆ
دیمۆکراتیزاسیون و دەستەبەر کردنی مافە نەتەوەییەکان، پێویستی بە گۆڕینی ڕوانگە و
روانینی دانە بە دانەی تاکی کۆمەڵگا هەیە، واتە گوزار لە کلتووری نەریتی بەرەو
کلتووری مۆدیڕن و لە تاکی ئۆبژە بەرەو تاکی سوبژە. غیابی چالاکانی مەدەنی فۆڕمی
ڕەواقی و چالاکی مەدەنی لەناو فۆرماسیونی عەقڵی رەواقی وەک کلتوورێکی
کۆمەڵایەتی-سیاسی، تەوەر و خاڵی ناوەندی قەیرانی کلتووری و سیاسی کۆمەڵگای کوردیە.