شاهۆ
حوسێنی
پێشەکی:
گومان
لەوەدانیە کە دەسەڵات بە مانای حکوومەت، حاکمییەتی دەوڵەت و یاساگەلێکی بنەرەتی بۆ
مسۆگەرکردن و شەرعییەت دان بە حکوومەت نیە. واتە دەسەڵات بە مانای سەپاندنی ئیرادە
و خواستی تاکەکەسی یان ڕێکخراوەیی بە سەر ئەویتر دا نیە، ئەو دیاردانەی کە باسیان
لێوە کراوە و زۆر جار بە هەڵە وەک دەسەڵات باسیان لێدەکرێت، لەڕاستیدا دەرکەوتن
و خۆ لەفۆرمی ڕواڵەتدا دیتنەوەی دەسەڵاتن. دەسەڵات جۆرێک یان فۆرمێک پێوەندی نێوان
مرۆڤەکان، کۆمەڵگا و کلتوورە کە لە هەناوی فۆرمی نا هاوسەنگ(هاوتەراز) و ناپایەداری
پێوەندی ڕا دەردەکەوێت. بەو مانایەی کە ناکرێ و درووست نیە باس لە ئانتۆلۆژی
دەسەڵات بکرێ و دەسەڵات وەک بوونێکی ئابستراکت شرۆڤە بکرێت. کە وابێ باشترە لە
جیات پرسیار لە ئانتۆلۆژی دەسەڵات، پرسیار لەوە بکرێت کە دەسەڵات چلۆن بەرهەم دێت
و چلۆن بەکار دەبرێت.
بەرهەم هاتنی دەسەڵات لە کۆمەلگای مۆدێڕندا:
لە هەر
شیونێک، فەزا یان کەشیکدا کە فۆرماسیونێک لە پێوەندی نێوان بوونەکان هەبێت، واتە
بەستێنێک بە ناوی کۆمەڵگا( حەتتا لە سادەترین و ساکارترین فۆرمدا)کە لە باوەشی
ئەو ڕا بوونەوەری زیندوو لە پێوەندی لەگەڵ یەکتردا بژین و فۆرمێک لە نەزم و بڕیار
بۆ پیکەوە ژیان، راپەڕاندنی ئەرک و تەعامول سەری هەڵدابێت، ئەوا دەسەڵات وەک
ڕایەڵیکی نادیار و هارمۆنی بەخش بەو دیاردانە بوونی هەیە. کە وابێ پێویستە بۆ
شرۆڤەی دەسەڵات ئەو میکانیسمانە شرۆڤە بکرێن کە کردەوەکانی دەسەڵات بەرهەم دێنن و
بەهێزی دەکەن. دیارە لە کۆمەلگا مۆدێڕنەکاندا دەسەڵات لەپێوەندێکی نزیک و دانەبڕاو
لەگەڵ زانستدا هەیە، واتە لە کۆمەلگای مۆدیڕندا دیسیپلین و نەزم لە پێوەندیکی
نزیک لەگەڵ زانست و دەسەڵات دایە، بەجۆری کە نەزم لە کۆمەلگای مۆدێڕندا لەرێگای
بەکار بردنی زانست- دەسەڵات بەرهەم دیت. دیارە لەوەها کۆمەلگایەدا زانست و دەسەڵات
لەناو بەستێنی دیسکۆرسدا یەکدەگرن و بەیەک دەگەن. لە کۆمەلگای مۆدیرندا سیستمی
ڕاهینان و بارهێنان دەوریکی گرینگی هەیە لە بەرهەم هێنانی زانست و بەو پێیەش
دەسەڵات.
بەرهەم هاتنی دەسەڵات لە کوردستان:
بە حوکمی
وەیکە کۆمەڵگای کوردی بەستێنێک، کەشیک یان کۆمەلگایەکە کە مرۆڤەکان لەودا لە
پێوەندیو تەعامولدان، واتە فۆرمێک لە پێوەندی و موناسابت بۆ هاوکاری، تەعامول و ڕاپەڕاندنی
ئەرکەکان بوونی هەیە، کە وابێ دەسەڵاتیش بوونی هەیە. بەڵام بەپێجەوانەی کۆمەڵگای
مۆدیڕن کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی نەریتیە بۆیەش لە جیات زانست، ئایین دەورێکی
بەرچاوی لە بەرهەم هانتی دەسەڵات هەیە و بەو پێیەش دەسەڵات دەورێکی بەهێزی لە پەرە
و هێژمۆنی ئاییندا هەیە.
دەشێ
بگوترێ کە ئەگەر لە کۆمەڵگای مۆدێڕندا پێوەندی زانست و دەسەڵات بەشێوەیەکی
دیالێکتیکی دەبێتە هۆی هێژمۆنی، پەرە و بەهێز بوونی زانست( پاشەکشەی ئایینی) لەلایەک
و دەسەڵات لەلایەکیتر، ئەوا لە کۆمەڵگای نەریتی کوردستاندا پێوەندی ئایین و
دەسەڵات بۆتە هۆی هێژمۆنی، پەرە و بەهێز بوونی ئایین(پاشەکشەی زانست) لەلایەک و دەسەڵات
لەلایەکیتر. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر زانست و دەسەڵات لە کۆمەڵگای مۆدێڕندا
لەناو بەستێن و باوەشی دیسکۆرسدا بەیەک دەگەن و دەردەکەون، ئەوا لە کۆمەڵگای
کوردستاندا ئایین و دەسەڵات لە باوەشی ئایدۆلۆژیدا بەیەک دەگەن و دەردەکەون.
ئەگەر زانکۆکان و ناوەندە زانستێکان تەوەرە و
مەکۆی سەرەکی بەرهەم هاتنی زانست و بەو پێیەش دەسەڵاتن، ئەوا لە کوردستان
مزگەوتەکان، حوجرەکان و خوێندنگە ئایینێکان ناوەندی بەرهەم هاتنی دەرکەوتە ئایینێکان(ئایدۆلۆژی
ئایینی)ن، حەتتا زانکۆکانیش لە کوردستان زۆر جار لەجیات زانست، عەقلییەت و کلتووری
ئایینیان بەهێزتر کردوە. دیارەمیدیاش وەک نێوندگیر و دیاردەیەکی نێونجیکەر ئەرکی
ڕاگوێستن و سۆسیالیزکردنی زانست لە کۆمەڵگای مۆدێڕن و ئایینی لە کۆمەڵگای کوردستان
لەسەر شان بوە.
ئەگەر لە
کۆکۆمەلگای مۆدێڕندا دەسەڵات حەولی بەهێزکردنی زانست دەدا، ئەوا لە کوردستان
بەردەوام دەسەڵات حەولی بەهێزکردن و پاراستنی فۆرمێک لە ئاییندەدا بە دوو هۆکار:
یەکەم لەبەر ئەوەکە خۆی بەرهەمی عەقڵییەت و کلتووری ئایینیە، دووهەم بۆ دژایەتی و
ڕووبەڕوو بوونەوەی جیهادیسم لە کوردستان.
گرینگ
نیە کە هەڵگرانی دەسەڵات لە کوردستان چەندە فۆرمێکی ڕواڵەتی ناسیونالیستی، چەپی و
شێوە ڕووناکبیری بەخۆیانەوە دەگرن، یان ئایینیکان چەندە فۆرمی ناسیونالیستی و شێوە
ڕووناکبیری بەخۆیانەوە دەگرن، گرینگ ئەوەیە ئایینی ئایدۆلۆژیک وەک ئێپیستمە مەعریفەی
بنەماییە بۆ ڕوانین، شرۆڤە و کردوە.