(خەسارناسی
غیابی وێنایەکی زەینی و مەعریفی کوردانە)
شاهۆ حوسێنی
کۆمەڵگایی وێنایی
باسێکی زانستی و توێژینەوەیەکی ئاکادیمکە کە لەلایەن بنیدیکت ئەندرسۆن بەرهەم
هاتوە. ئەوەی ڕاستی بێت ئەوەیە کە مرۆڤەکان بەهۆی پێداویستی و زەروورەت بۆ دەوامی
بەقا لێک نزیک بوونەوە، بەڵام ئەو نزیک بوونەوەیە لە بۆشایی وێکچوویەکی زەینی و وێنای
زەینیدا بەدی نەهاتوە، ئەوە بەو مانایە نیە کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤی چاخی نوێ خاوەن
لۆژیک و زمانی نووسین و ئاڵوگۆڕی بیرا و را بوون، بەڵام بێگومان خاوەنی وێنایەک
لە"خۆ"، "ئەویتر" و "جیهان" بوون. هەرچەند لەشێوەی
ژیان و بوون و فۆرمی ڕواڵەتیان کرچ و کاڵ بوو، کەواتە ئەوە ئەو وێنا هاوبەشەیە کە
لێکیانی نزیک کردۆتەوە.
ئەگەرچی لەدرێژەدا
هەموو کۆمەڵگایەک نەیتوانی پەرە بستنێت
بەیەک شێوە و وەک یەک پەرە بستێنێت، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی کە توانیان بەستێنی
بەرفراوانتر بۆ وێنازەینیکانی مرۆڤ بڕەخسێنن، بەجۆرێ کە مرۆڤەکان مەجالی پەرە و
ئاڵوگۆڕی وینا زەینیکانیان لەپێوەندێکی ئینتێرسۆبژێکتیوڤدا هەبێت، ئەوە لەدرێژەدا
توانیان بەرهەم هێنی هزر و ئەندێشەی جیاواز و بەڕۆژ بن، ئاڵوگۆڕێکانی ئەو جۆرە
کۆمەلگایانەش لەدرێژەدا هەر بە ئاڕاستەی ڕێز لە وێنازەینیکانی مرۆڤ و شەرعییەتی
مرۆڤی سەربەخۆ بەروەپێش چوو، بەجۆرێ کە هەر لەو جۆرە کۆمەلگایەنەشڕا ناسیونالیسم،
نەتەوە و دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک سەری هەڵدا. دیارە کەباس لە ئازادی
بیر و را و جیاوازی دەنگ و ئایدە دەکرێت، بەمانای شەرعییەت و بەردەوامی وینازەینێکانی
سوبژە سەربەخۆکانە و نەتەوەش بەرهەمی ئەو وینازەینێ جیاوازانەیە کە لە سەر ئەساسی
وێکچۆکان بنیادنراوە و دێمۆکراسیش بەستێنیکە تا لەژێر گوشار و هێژمۆنی نەتەوەدا
ئەو وێنازەینێ جیاوازانە نەخنکێن.
کاتێک ئەندرسۆن باس لە
کۆمەڵگای وێنایی دەکات، وێنا بەمانای فۆرمیکی ئەندێشەیی و هزری سوبژە سەربەخۆکانە
کە لە چوارچێوەی پێوەندی ئینترسۆبژێکتیوڤ لەگەڵ سوبژە سەربەخۆکانی تری کۆمەڵگا و
جیهانی ڕواڵەتیدا بەرهەم دێت، ئەو وینازەینیە بە مانای فۆرمێکی مەعریفی و هزری
لەخۆگری سێ دەرکەوتەیە، یەکەم فۆرمێکی مانایی لەمەر "خود" کە وەک شوناسی
تاک و سوبژە باسی لێوەدەکرێت، دووهەم فۆرمێکی مانایی لەمەر جیهانی ڕواڵەتی و سێهەم
قایل بوون بە فۆرمێک و جۆرێک لەپێوەندی لەنێوان سوبژەکان و جیهانی ڕواڵەتی.
ئەوەی ڕاستی بێت
کۆمەڵگای کوردی نەیتوانیوە کۆمەڵگایەکی وینایی بێت، کۆمەڵگایەک کە لەودا تاکەکان
سوبژەیەکی ئاگا و سەربەخۆی خودپێناسەکەر بن، ئاگایی و پێناسە بە مانای فۆرمیکی
زەینی کە بەرهەمی پێوەندی زەینی تاک لە بەستێن و ژینگەیی ڕواڵەتی خۆی بێت. ئەگەر
ئەندێشەی چەپی، ئیسلامی و ڕاستی لەکورد وەربگرێوە، بێ گومان کورد خاوەنی هزر و وێنایەکی
زەینی کوردانە کە مۆرکی لۆکالی پێوە بێت نیە، بۆیەش کورد نەیتوانیوە لە
کۆمەڵگایەکی مرۆیی را گوزار بکاتە نەتەوە، کورد کۆمەلگایەکی مرۆییە بە هەموو
دەغدەغە نەریتیێانی، گرینگایەتی و ئەولەوییتەی بنەماڵە، تایفە، شار، گروپ، دەستە و
ئایدیۆلۆژی.