ڕەچەڵەکناسی ستراتژی سیاسەتی
دەرەوەی ئێران
(شرۆڤەی تایبەتی قەیرانی نێوان کۆماری ئیسلامی و
ئەمریکا)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
شەر، کێشەو قەیرانی نێوان دەسەڵاتەکانی سیاسی تەوەرەی
ناوەندی و سەرەکی پێوەندیکانی نێونتەوەییە کە بۆ شرۆڤەی ئەوانە لە پێوەندیکانی
نێونەتەوەییدا پارادایم گەلەکێک و
ئەندێشەگەلێکی وەک ریئالیسم، ئیدەئالیسم، کۆنسترۆکتیویسم، قوتابخانەی ئینتگلیسی،
پۆست مۆدێرنیزم، پارادایمی سیستمی و.... هتد سەریان هەڵداوە، لەڕاستیدا بناغەی
سەرەکی و مەبەستی سەرەکی بەدی هاتنی پێوەندێکانی نیونەتەوەیی پێشگرتن بەشەر و
دامرکاندنی قەیرانی نێوان دەسەڵاتە سیاسێکان و وڵاتانە.
گومان لەوەدا نیە کە پێوەندیکانی نێوان وڵاتان و
دەسەڵاتە سیاسێکان لەبۆشایی گوتار و ئەندێشەدا بەدی نایەت، بەواتایەکی تر پێوەندی
نێوان وڵاتان و دەسەڵاتە سیاسێکان لەناو بەستێنێک و جەغزێکدا بەناوی نیزامی
نێوەنتەوەیی بەرهەمی شوناس، فۆرمێکی مانایی، کەسایەتێکی هزری و مەعریفیە کە هەر
دەسەڵاتێک لەمەر خۆی و ئەویتر هەیەتی، واتە ئەو فۆرماسیونە مانایی و شوناسیەیی کە
خۆی تیا پێناسە دەکات لەلایەک و لەلایەکیتریش ئەو شوناسەی بە لایەنی بەرامبەری
دەبەخشێت و ئەو پێناسە و فۆرمە مانایەی کە لەدەلاقەی گوتار و ئەندێشەی خۆیرا
دەیبەخشێتە لایەنی بەرامبەر بەرهەم هێنی جۆری ماملە و پێوەندی نێوان دەسەڵاتەکانە.
بۆ وینە لەسەردەمی جیهانی دوو جەمسەری یەکێتی سۆڤییەت وەک مێترۆپۆلی جیهانی
سۆسیالیستی و لەچوارچیوەی ئایدۆلۆژی مارکسیسم-لێنینیسمدا کە خۆی وەک دژبەری
کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوساندنەوەی چینی پرۆڵتێر پێناسە دەکرد و ئەمریکا و
وڵاتانی رۆژئاواییشی وەک سەرچاوەی کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوسێنەری پرڵتێر پێناسە
دەکرد، پیوەندیکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی رٶژئاوایی و ئەمریکا لەژێر کارتێکەری ئەو
فۆرم لە پێناسەیە لەخۆی و ئەویتر دەبردە پێش. هەڵبەت فۆرمی ئەندێشە و پارادایمی کە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەو ڕا خۆی
و لایەنی بەرامبەری پیناسە دەکات بێگومان کارتیکەری تایبەت مەندێکانی
ژێئۆپۆلەتیکی، ژیئۆئابوری و باقی دیاردە ڕواڵەتێکانی بەسەروە دیارە، بۆ وینە کاتێ
لە سەردەمی پێتری کەبیر ڕوسیکان ستراتژی دەست ڕاگەیشتن بە ئاوەکانی گەرم و پەرەی
هیژمۆنی خۆیان لە رۆژهەلاتی ناوین دەست پێ دەکرد بەو هۆکارە بوو کە روسیە وڵاتێکی
سارد و سەرمایی بوو وە جگە لە باکوری رووسیا کە ئاوەکانی لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا
بەهۆی سەرما و سەهەۆڵبەندان هیچ سوودیکی نەبوو وە بەهیچ شێوەیەک بۆ کەڵ وەرگرتن
نەدەبوون، (بەپێچەوانەی ژاپۆن و ئۆروپای ئەو سەردەم) هیج مەجالیکی بۆ بازرگانی دەریایی نەبوو. واتە گوشار و زەختی
ژێئۆپۆلەتیکی ڕوسیای هاندا پەرە بە هێژمۆنی خۆی بدات لە ڕۆژهەلاتی ناوین.
دۆخی ژیئۆپۆلەتیکی ئیران لە رۆژهەڵاتی ناوین:
کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی بوو بەهۆی لەدایک بوونی
رۆژهەڵاتێکی ناوین کە لەودا شوناس و ئینتمای عەرەبی هیژمۆن بوو، بەجۆرێ کە ١٢ وڵات
لە ١٧ ولاتی لەخۆگری رۆژهەلاتی ناوین عەرەبن یان هێژمۆنی شوناسی عەرەبیان بەسەردا
زاڵە و دەسەڵات و سەروەری لەدەست عەرەبەکاندایە. لەو ناوەدا تەنیا
ئێران و ئیسرائیل کە لەڕووی زمانی، ئایینی و ڕەچەڵەک تەواو لەگەل ئەوانی تر
جیاوازن دیارە تورکیاش هەرچەند لەباری زمان و ڕەچەڵەک لەگەڵ عەرەبەکان جیاوازە
بەڵام سوننی بوونی ئەو خاڵی هاوبەش و لێک گرێدەرەوەی تورکیایە لەگەڵ وڵاتانی تری
عەرەبی. ئێران لە رۆژهەلاتی ناوین ژیئۆپۆلەتیک و بوونیکی تەواو قەیراناویە بەجۆری
کە لگەڵ ئەوەدا فرە ئایین، فرەزمان، فرە کلتوور و فرە ڕەچەڵەکە بەڵام دەسەڵاتیکی
سانترالیستی دیکتاتۆری هەڵقوڵا لە ئیتنیکی فارس بەردەوام حەولی تواندنەوە و لەناو
بردنی ئەوانی تری داوە و ئەوەش وەهای کردوە کە ئێران بەردەوام لە سازکردنی شوناسێکی
نەتەوەیی یەک دەست و یەکگرتوویەکی بەهێزی ناوخۆییدا شکەست خواردوو بێت. هەر ئەو
تایبەت مەندیانەش فۆرمدەری جۆری پێوەندیکانی نێونەتەوەیی ئێران و ستراتژێکانی
ئێران لەو بەستێنەدا بوون و هەن.
ستراتژی سیاستەی دەرەوەی ئێران لەسەردەمی پالەوەی
دووهەم:
دەسەڵاتی پالەوەی و بەتایبەتی پالەوەی دووهەم لەسەر
ئەساس و بنەمای پەرە وهێژمۆنی ئەندێشە و ئایدۆلۆژی پان ئێرانیستی بە مەبەستی
بنیادنانی ئیمپراتووریەکی کلتووری، سیاسی و ئابووری ئیرانی لە ناوخۆ و رۆژهەلاتی
ناوین، فۆرمێک لە شوناسی لەمەرخۆی و لەمەر وڵاتانی تر وەک ئەوی تر و غەیرییەتی
ئێرانی هێنایە ئاوراوە و لەسەر ئەساسی ئەو ئەندێشە و ئایدۆلۆژیە پیوەندێکانی خۆی
لە ناوچەکە بەریوە دەبرد. ستراتژی نێوەنەتەوەیی ئێران لە سەردەمی پالەوەی دووهەم
بۆ کەم کردنەوەی کارتێکەری خاڵە لاوازە
ژێئۆپۆلەتیکەکانی و قورساییەکانی ئەو کەم و کوڕیانە، پەرەی هێژمۆنی خۆی لە
رۆژهەلات ناوین بوو کە بە نزیک بوونەوەی بەربڵاو و پیوەندی نزیک و ستراتژیک لەگەل
ئەمریکا و رۆژئاوا توانی مسۆگەری بکات، ئەوە لەکاتێکدابوو کە ئێران لەتەنیشت تورکیا
و پاکستان زۆرترین دەوری هەبوو لە ستراتژی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوین بۆ پێشگرتن
لە پەرە و هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەجۆری کە ئێران دەوری
سەرەکی هەبوو لە بڕیارنامەکانی سیتۆ و سینتۆدا ، لەهەمان کاتا ئێران لە قەیرانی
زۆفار و بۆ سەرکووت کردنی بزاڤی چریکی ئەو وڵاتە راستەوخۆ هیزی نیزامی نارد و
بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕ بوو. هەر ئەو نزیکایەتیە بەربڵاوەش بوو کە وەهای کرد لە
دۆکتۆرینی نیکسۆن کە ساڵی ١٩٦٩ دەریکرد، ئێران دەوریکی گرینگی پێدارا و وەک
ڕیبەری ناوچەی کەنداو بەرزکرایەوە.
ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی:
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتیکی حکوومی بەرهەمی ئایدۆلۆژی
حکوومەتی ئیسلامیە کە لەکۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ هەتاوی خومەینی لە کتێبی حکوومەتی
ئیسلامیدا گەڵاڵەی کرد، لە دەلاقەی ئەو یادۆلۆژیەڕا جیهان و مرۆڤەکان بە دوو تاقم
و دەستەی حەق و باتڵ دابەش دەبن، بەرەی حەق موسوڵمان و بەرەی باتڵ ناموسوڵمان،
ئامانجی سەرەکی حکوومەت و دەسەڵات لەو ئایدۆلۆژیەدا ڕەخساندنی بەستێن و دۆخ بۆ
سەرلەنوێ هاتنەوەی ئیمامی زەمان و ریبەری ڕوحی و ئیمانی هەموو موسوڵمانانە بۆ بەدی
هێنانی جیهانێکی پڕ لە عەدڵ و یەکسانی
لەژێر تیشکی ڕینماییەکانی ئایینی ئیسلامە، ئەو ئایدۆلۆژیە لە پێوەندیکانی
نیونەتەوەییشدا ڕەنگی داوە و لەڕاستیدا لەژێر تیشکی ئەو فۆرمە مانایی و مەعریفیە
کە بنیادنەری فۆرمێک لە شوناس لە"خود" و "لەوەی"ترە و پیشاندەر
و ڕێنوێنیکەری جۆری پێوەندی لەگەڵ ئەوانیترە، کۆماری ئیسلامی ستراتژی سیاسەتی
دەرەوەی خۆی گەڵاڵە کرد، لەو سیاستەدا ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو دوژمنی سەرەکی
و دژبەر لە بەرەی باتڵ دەوری سەرەکیان هەبوو لە کردوە و کردارەکانی نێونەتەوەیی
کۆماری ئیسلامی.
بێگومان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەژێر کارتێکەری
ئەندێشە ڕادیکاڵەکانی سەیید قوتبدا بوون، بەجۆری کە بەشێکی زۆری بەرهەم و
نووسراوەکانی لەلایەن کەسانی وەک ڕیبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی وەڕگێڕدرانەوە سەر
فارسی و بەو شێوەیە بەشێک لە ئەندێشەکانی سەیید قوتب ڕەچاو کران بەتایبەت
بۆچوونەکانی لە کتێبی"مەعالم فی الطریق"دا، هەر لەژێر ڕینماییەکانی
ئەندێشەی قوتبیشدا بیرۆکەی "ام القری اسلامی" فەرز کردنی ئێران و دەست
نیشان کردنی خومەینی وەک ڕیبەری جیهانی ئیسلام بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و
بەربەرەکانی لەگەڵ تاغوت کە لە ئەندێشەکانی خومەینیدا ئەمریکا وەک لوتکەی تاغوت
دەبیندرا، هاتە ناو ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و ئەو رەوتە مەعریفیە بۆ بەهۆی
ئەوەکە کۆماری ئیسلامی خۆی بە بەرپرس لەمەر چارەنووسی موسوڵمانانی جیهان بزانێت،
لەژێر تیشکی ئەو عەقڵییەتە، وڵاتانی جیهان و دەسەڵاتەکانی ناوچە پێناسە کرانەوە،
بەعام بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەی کەنداو بە نۆکەری تاغوت و ئەمپریالیسم
پێناسەکران و ئەمریکا وەک تاغوت و ئیسرائیل وەک مناڵی نامەشروعی ئەمریکا و ......هتد
خرایە ناو ئەندێشە و ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بوو بە ڕینونێ جۆری
پێوەندی لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەر لەیەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی شۆرشدا دەستکرا بە
دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و ڕیکخستنی شیعەکان بەدژ دەسەڵاتی سەدام کە
شەرێکی خوێناوی هەشت ساڵەی لێکەوتەوە، لە لوبنان حیزبوڵلا بەرهەم هێنرا و بەگژ
ئیسرائیلدا ڕۆکرا، ئیران دەستی کرد بە ئاژاوە نانەوە لە کویت، بەحرەین و بەرەبەرە
عەرەبستان و تا گەیشتە یەمەن و ڕێکخستنی گروپە شیعەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەخزمەت
بەرژەوەندێکانی خۆیدا، جەند هێرشی تێرۆریستی بەدژ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێکخست کە
تەقاندنەوەی ناوەندی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لە بەیرووت یەکێک لەوانە بوو.
ئیتر لەژێر ڕینمایی ئەو ئایدۆلۆژیە، ئەمریکا دژومنی
جەوهەری و سەرەکی ئیسلام و بەو پێیەش کۆماری ئیسلامی وەک ئاڵاهەڵگری ئیسلامی خالسی
موحەممەدیە و هەرجۆرە هەڵسووکەوتێک لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دەستێوەردانەکانی ئێران
لە وڵاتانی ناوچەش هەر لەژێر ڕێنماییەکانی ئەو ئایدۆلۆژیە بەرهەم دێن. لەگەڵ
ئەوەدا چەند جارێک حەولی لێک نزیک کردنەوەی ئێران و ئەمریکا درا بەڵام هەموو
حەولەکان بەهۆی دژایەتی بناژوێخوازانی ناو هەر دوو دەسەڵات سەری نەگرت، ئەگەر
ئێران ئەمریکای بە تاغوت و دژە ئیسلام و شەیتانی گەورە وەسف دەکرد ئەوا بەشێک لە
بناژۆخوازانی ئەمریکاش ئێرانی بە تەوەرە و ناوەندی شەڕاڕەت و تێرۆریسم لە
رۆژهەڵاتی ناوین پیناسە دەکرد و دەکات، ئەو رەوتەی کە ئەمرۆکە گەیشتۆتە دۆخیکی
ئاستم کە هەر کات ئەگەری تیکهەڵچوونی ڕاستەوخۆی نیزامی لەگەڵدایە.