۱۳۹۷ شهریور ۲۱, چهارشنبه

بۆچی "قەڵا" کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی

شاهۆ حوسێنی
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ سێپتامبر، هێرشیکی مووشەکی کرایە سەر "قەڵا"ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری کۆیە، دیارە ئەو هێرشە لە زۆر رەهەند و دەلاقەی جوراوجۆرەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە و ڕا و بۆچوونی لەسەر دەربراوە. ئەوەی نووسەری ئەو دێڕانە تیشکی دەخاتە سەر و ئەو دەلاقەیەیی کە بۆ تیشک خستنە سەر ئەو هێرشە هەڵبژێردراوە، دەلاقە و رەهەندێکی هێما ناسانەیە بە ناوەندێتی "قەڵا" وەک هێمایەکی ناوەندی بەربەرەکانی و دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە بە هەڵکەوت لە موستەندێکش‌دا بە ناوی "کویسنجق" کۆماری ئیسلامی بەردەوام وشەی "قەڵا" دووپات دەکاتەوە و زەقی دەکاتەوە.
 بۆ ئەوەیکە باشتر کاکڵی باسەکە دەرکەوێت چەند پێش‌گریمانەیەک دێنمە گۆڕێ
١_ کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران زۆر باش دەزانن کە حیزبی دێمۆکرات بۆ دەتە دووبەش و "قەڵا" بە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانە.
٢_ لەماوەی یەک دوو ساڵی رابردوو زۆرترین تێکهەڵچوونی نیزامی  (لەروانگەی کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی نیزامی) لەلایەن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی رووی‌داوە( ئەوە بەو مانایە نیە کە حیزبی دیمۆکرات کەمتر چالاکی بوە یان چالاکی نەبوە).
٣_ جیاوازی هێزی نیزامی و ڕێژەی هەڕەشەی نیزامی دوو باڵی دێموکرات ئەوەندە جیاواز نیە کە کۆماری ئیسلامی بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە بۆ وینە حدک هەڕەشەی دەرەجە یەکە و حدکا هەڕەشەی دەرجە دوو یان دەرەجە سێیە.
٣_ هێزی مووشەکی و ئەزموونی بەکاربردنی مووشکەکانی ئێرانی چ لە لوبنان لەلایەن حیزبوڵلاوە، چ لە کەرتی غەزە لە لایەن حەماسەوە و چ لەلایەن حوسێکانەوە لە یەمەن بەدژ ئیسرائیل و عەرەبستان، ئەزموونیکی شکەست خواردو و فەشڵە.
٤_ بە بوونی سیستمی دژ مووشەکی پاتریوت و سیستمەکانی تری دژە مووشەک لە ئیسرائیل، عەرەبستان و وڵاتانی تری ناوچە، عەمەلەن سیستمی مووشەکی دەرەجە چوار و پێنجی ئێرانی کە مۆنتاژ و کۆپی مووشەکەکانی چینی و ڕووسین هیچ شانسێکی بۆ پێکانی ئامانجەکان و هەڕەشەی جیددی نیە.
پرسیاری سەرەکی ئەو نووسراوەیە ئەوەیە:
 بۆچی هێرشی مووشەکی کرایە سەر "قەڵا"؟
گریمانەی سەرەکی  ئەو دێڕانەش ئەوەیە:
 هێرشە مووشەکێکەی ئێران بۆ سەر "قەڵا" مەسرەفی ناوخۆیی هەبوو.
دیتنەوەی وڵامی ئەو پرسیارە لەراستی‌دا بەر لە هەموو شتێک لە شرۆڤەی دۆخی ناوخۆیی ئێران دایە، لەپاش هاتنە دەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوەکی کە بە مانای شکەست و فەشەڵ هێنانی هەموو دەس‌کەوتەکانی دەوڵەتی رێفۆرمخواز و بەگشتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، زنجیرەیەکی بەربڵاوی نارزایەتی و خۆپێشاندان و ڕووبەڕوو بوونەوە لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی حاکم بەسەر ئێرانی لێ‌کەوتەوە، ئەو زنجیرە نارزایەتی و خۆپێشاندانانە بەر لەهەموو شتێک بەرهەمی گەندەڵی، فەشەڵی سیستمی دەسەڵات دارێتی و پاوانخوازێتی لەڕادە بەدەری دەسەڵاتی سیاسیە کە لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ دەسەڵات‌دارێتی جگە لە درۆ، هەڕەشە و تراویلکە هیچ دەس‌کەوتێکی تری بۆ خەڵکی ئیران نەبوە و بە هیچ کام لە ئامانج و درووشمەکانی نەگەیشتوە. لەوەها دۆخێک دا کە دەسەڵاتی سیاسی حاکم بە سەر ئێران هەم لەناوخۆ و هەم لە دەرەوە بەرەو ڕوی هەڕەشەی زۆر تووند و جیدیی دەبێتەوە کە لەماوەی نزیک بە چل ساڵ دەسەڵات دارێتی بێ وێنە بوە بەجۆرێ کە سیستمی کلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگا بە تەواوی وێران بوە، ئاساییە ئەو ڕەوتە حاکمانی ئێران بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە مەترسی رووخان مەترسێکی زۆر جیدیە، یەکەم پرۆژەی پێشتری دەسەڵات بۆ دوور خستنەوەی بیر و رای گشتی لە کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆیی، تێکهەڵچوونی راستەوخۆی نیزامی لە سووریا بوو بە بیانوی بەرگری لە حەرەم بەڵام لەراستی‌دا پشتیوانی لە مانەوە بەشار ئەسەد، چون نەمانی ئەسەد بە مانای پچڕانی شاڕێی پیونەدی ڕاستەوخۆی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان بوو، بەڵام ماوەیەک لەپاش پەرەی گوشارەکانی ئابووری بۆسەر خەڵک، هەر زوو درووشمی " نەغزە نە لبنان" پەرەی گرت و هێرش بۆسەر سیاسەتەکانی پشتیوانی نیزامی و ئابووری ئێران لە رێکخراوە تێرۆریستێکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس، حوسیکان و .... پەرەیەکی بەربڵاوی ئەستاند بەو پاساوەی کە ئەوان هێزێکی دەرەکین و بۆچ دەبێت کە داهات و دارایی ئێران بۆ ئەو  ڕێکخراوانە خەرج بکرێت و بۆچ دەبێت ئێران خۆ لەکێشە و قەیرانێکی دەرەکی وەربدات،  ئەو ڕەوتە قەڵش و کەلێنی نێوان دەسەڵاتی ئێران و کۆمەڵگای قوڵتر کرد و ئەوەش گەورەترین هەڕەشە بوو بۆسەر دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران کە بەرپرسانی باڵای حکوومی لە ساڵی ڕابردوو بەردەوام ئاماژەیان پێ کردوە، بۆیەش ئەمجارە کەوتنە بەرهەم هێنانی نومایەشیکی تر بۆ کەم کردنەوەی ئەو کەلێنە و ئەویش زە‌ق کردنەوەی بوونی نیزامی پێشمەرگە بوو(ئەوە لەکاتێک‌دا بوو کە بەردەوام هەر دوو لایەنی دیموکرات پێ‌داگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە بوونی پێشمەرگە بە مەبەستی هێڕش بۆسەر  بنکە و پێگە نیزامێکانی ڕژێم نیە و تەنیا بە مەبەستی پێوەندی لەگەڵ لایەنگرانیانە)، لەوەها دۆخێک دا دەسەڵاتی سیاسی پیوێستی بە دژمن و مەترسێکی لویاتانی هەبوو کە بتوانێت لەسەر ئەساسی ئەو ترس و هەڕەشەیە نومایەشیکی سەربازی بۆ ڕێکخستنەوە و نزیک کردنەوەی کۆمەڵگا لە حکوومەت ڕێک بخات، ئەو هەڕەشە و مەترسیە دەبا حەتمەن چەند تایبەت مەندی هەبا
١_ هەڕەشە و مەترسێکی نیزامی با کە خاوەنی پێشێنەیەکی تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ حکوومەت هەبایە.
٢_ نەدەبا دەرەکی بایە، بەڵکە دەبا ناوخۆیی بایە، بۆ وەیکە ئەزموونی هێرش بۆسەر لایەن و هێزیکی دەرەکی لەناوخۆی ئێران و بۆخەڵک جێگای متمانە نەبوو.
٣_ هێمایەکی ئەوەندە گەورە بایە کە بکرێت مانووڕی لەسەر بدرێت بۆ قانع کردنی بیرو رای ناوخۆ.
بەو پێیەش "قەڵا"وەک هێمایەکی رواڵەتی و زەینی گەورە باشترین ئامانج بوو کە لەناو بیر و رای گشتی ناوخۆ دەکرا مانووری لەسەر بدات، سرنجێکی دەقیق لەسەر ئەو فلیمەی کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشە مووشەکێکە بلاوی کردوە، زە‌ق کردنەوەی "قەڵا"ی زۆر بە ڕوونی پێوە دیار بوو، بۆیەش بە باوەری نووسەری ئەو دێڕانە هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر "قەڵا" تەنیا و تەنیا مەسرەفی ناوخۆیی هەبوو، بەپێچەوانەی زۆر لێدوان و شرۆڤەی تر، هیچ ‌هەڕەشەیەک نەبوو بۆ سەر ئیسرائیل، عەرەبستان یان ئەمریکا، بە هۆی ئەوەکە هەم ئیسرائیل و هەمیش عەرەبستان بەردەوام هێرشی موشەکیان لە ماوەی ڕابردوو عەمەلەن کراوەتە سەری و ئیتر هەڕەشەی چی؟
ئەوەش نابێت لە بیر بکرێت کە ئەوە هێڕشە بەرهەمی کۆدەنگی، هەواهەنگی دوو قۆڵی رێفۆرمخوازەکان و بناژۆخوازەکان بوو.