شاهۆ حوسێنی
ئۆرتۆدۆکس وەک چەمک و
ئایین سەرچاوەی یۆنانی هەیە بە مانای: "راست ئایین"، " ئایینی
حەق" و " خاوەنی ئایینی درووست"، ئەو چەمکە بنیادنەری کلتوورێکی سیاسی بناژۆخواز و ڕادیکاڵ بوە لە بەشیکی زۆری
رۆژهەڵاتی ئوروپا، رووسیا و رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت و لەناو کۆمەلگا و شەقامی
سیاسی کوردیا بە تایبەتی. ئۆرتۆدۆکس نەتەنیا لەناو ئایین و کۆمەلگا مەسیحێکاندا
کە لەناو ئایینی یەهودیشا بوونی هەیە و بە مانای کۆگشتیەکە کە هەڵگری نەریتە کۆن و
قەدیمیکانن و بەتەواوی دژبەری یەهودێ مۆدێرن و رێفۆرمخوازەکانن. لە ئایینی
ئیسلامیشا چەمکی ئۆرتۆدۆکسی بۆ سنووردانان لەنێوان باوەرمەندانی موعتەزلە وەک
رەوتی باوەرمەندی بە عەقڵ و عەقڵ باوەران لەگەڵ دژبەرانیان کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە
دەلاقەی دەرەوەی ئایینیشا چەمکی
ئۆرتۆدۆکسی ئاماژە بە ڕەوت گەلێک دەکات کە مۆنۆلگن، خۆیان بە حەق دەزانن، خۆیان پێ
پێوانە و مەحەکە.
دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی
کوردو جیرانەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردی تیا پارچە کراوە لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت،
نزیکایەتی حاکمانی خاوەن دەسەڵات لەگەڵ رۆژئاوا و سەرکووتی خوێنینی شۆرش و بزاڤە
کوردێکان بەشێوەیەکی دڕندانە لەتەنیشت دیاردە نەریتێکانی کۆمەلگای کوردی، باشترین
بەستێنی ڕەخساند بۆ پەرەی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی کە لە ئایدۆلۆژیای لێنینیستیدا بە
بەربڵاوی تێئۆریزە کرابوو، ئەوە هەڵبەت بەو مانایەی نیە کە شەقامی سیاسی کوردی
بەعام هەڵگر و ڕێڕەوی ئایدۆلۆژی لێنینیستیە، بەڵکە بەو مانایەیە کە کلتووری
مۆنۆلۆگ بوون، خۆ بە حەق و محەکی موتڵەق زانین و شەرعییەت قایل نەبوون بە بوون و
شوناسی ئەوی تر، خزایە ناو شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی، گەورەترین خەسار و
دیاردەی دزێوی ئەو رەوتە سەرکوت کردن و حەول بۆ لەناو بردنی ڕەخنەگر، ئەوی تر و
هەرجۆرە بوونێکی سەربەخۆ لەژێر ناو و ناتۆرەی جواروجۆر و بەشێوەیەکی پاوانخوازنە
بوو. هێرش و بێ رێزی بێ بەزیانە و بێ سنوور بۆسەر ئەوی تر گەورەترین خەساری
کلتووری ئۆرتۆدۆکسی بوو کە تەنیا مافی بوونی بۆ من وەک خودی حەق و مەحەک دەدا و
هەموو غەیرتییەتێکی دەسڕێوە. ئاساییە لەوەها دۆخێک دا و لەدرێژەی ئەو کلتوورەدا و
بەکەڵک وەرگرتن لەهەمان کلتوور دژکردەوەی رادیکاڵ سەرهەڵبدات و بتکاتە ئامانج،
واتە خنکاندن و لەمەیدان بەدەر کردنی ڕەخنەگری سەربەخۆ و لۆژیکی لەئاکامدا دەبێتە
هۆی رادیکاڵ بوونی فەزای رەخنە و رەخنەگر، واتە رەخنەگر دەبێتە هێرشکارێکی ناو و
ناتۆرە فرۆشی وەک خۆتان و رەخنە دادەبەزێتە ئاستی شەرە قسە و قسەڵۆک، لەوەها دۆخێک
دا ئەوەی سرنجی نەدرێتێ؛ پلۆرالیزم، ئەندێشە و گوتارە کە غیابی خەسارباری شەقامی
سیاسی و کۆمەلایەتی کوردیە.
دەتوانین بڵیین کە
ئەوجۆرە هێرشە تێکدەرانەیەی کە لەخۆگری جنێو و ناتۆرەی ناحەز و دوور لە پرەنسیپی
گوتاری و هزریە، لەلایەک دەکرێت وەک دژکردوەی چاوەروان کراو بەدژ کردەوەی ئەو
لایەن و حیزبانە چاوی لێ بکرێت کە بەهۆی جۆرێک لە جێگیر
بوون لەناو ڕایەڵێکی گشتی لە پێوەندی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیدا، پێناسە بۆ بوونەکان
دەکەن، بوونەکان وەک سوژە و ئۆبژە سنووربەندی دەکەن و شەرعییەت بەهیچ بوونێک و
پیناسەیەکی خۆبنیادنەر و سەربەخۆ نادەن و حەولی تواندنەوە و سڕینەوەیان داوە و
دەدەن، لەلایەکی تر دەشکرێ وەک بەرهەمی پەرە و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی لەناو لایەنی بەرامبەر واتە ڕەخنەگرانیشا چاوی
لێ بکرێت.
بێ گومان ئەو رەوتە بەهەرمی هەرچیەک کەبێت، دەشێ بگوترێت کە پەرە
و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی لەناو شەقامی سیاسی کوردیدا لەلایەک بنیادنەر و
پەرەپێ دەری پاوانخوازێتی، مۆنۆلۆگ بوون و خۆ بە حەق و مەحەک زانینە و ئەمەش
لەکاتێکا کورد خەباتێکی میللی-دێموکراتیکی لەپێشدایە و کاکڵ و ناوەرۆکی سەرکی ئەو
خەباتەش زەروورەتی بوونی ئایدە و باوەری راستەقینە بە پلۆرالیزم و شەرعییەت دان بە
بوونەکانی تر و حەولی مودارایە، بەرهەم هێنی دابڕان و چەند بەرەکی و قوڵ بوونەوەی
کەلینە ناوخۆییەکانە کە لەئەگەری هەرجۆرە ئالوگۆریەک لە ئێرانی داهاتوو نەتەنیا
بەرهەم هێنی دێموکراسی و ئازادی نابێت کە رێک بنیادنەری دەسەڵاتێکی پاوانخواز و
پەرەی دژایەتی ناوخۆیی و چەند پات بوونەوەی شەری براکووژی و خوێن ڕشتنە نەک
لزوومەن لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی کە لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی و ریکخراوەییدا
کە وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بە ئەزموونی باشور و رۆژئاوا بکرێت. لەلایەکی تریش ئەو
رەوتە بەلارێدابەری شێوازی ڕەخنەگرانەی سەربەخۆ و زانست تەورە دەبێت و بەرهەم
هێنی بەرەیەک لە ڕەخنەگران دەبێت کە لەژێر کارتێکەری و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی
جگە لە بەگژ رواڵەت داچوون و رواڵەت رووخاندن هیچ گرینگیەک بەناوەرۆک و ئەندێشە
نادەن و لەئاکامیشا خۆیان بنیادنەر و پەرەپێ دەری جۆرێک لە مۆنۆلگ بوون و
پاونخوازێتی لەبەستێن و جوغرافیای ڕەخنەدا دەبن، واتە ئەگەر حیزب و ریکخراوە
سیاسێکان لەژێر کارتێکەری ئەو کلتوورە حەولی سڕینەوەی هەرجۆرە غەیرییەتێک و ئەوی
ترێک دەدات و بنیادنەری پاوانخوازێتی و دیکتاتۆرییەت دەبێت، ڕەخنەگرانیش لەژێر
کارتێکەری ئەو کلتوور بەهەمان شێوە بنیادنەر و پەرە پێدەری پاوانخوازێتی و
دیکتاتۆرییەت لە ڕەخنەدا دەبن، ئەوە لەکاتێک دا کە جەوهەر و کاکڵی سەرەکی رەخنە
شەرعییەت، باوەر و خەبات بۆ پلۆرالیزم و فەرەییە.
بە کورتی ئەوەی ئێستا چ لەفەزای سیاسی و چ لەفەزای رەخنەی
کوردیدا دەگوزەرێت فۆرمێک لە دابەزاندن و تەقلیلگەراییە لەژێر کارتێکەری کلتووری
ئۆرتۆدۆکسی، هەموو خواستەکانی وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی، دێموکراسی، سەربەخۆیی،
مافی گەلی، مافی مرۆڤ و .... لەوەها دۆخێکا بونەتە و دەبنە هۆی کەلکی کەرەسەیی لەپێناو بەرژەوەندی لایەن و
گرووپەکان.