۱۳۹۷ شهریور ۶, سه‌شنبه

"کورد؛ بوونێکی خێڵەکی"

شاهۆ حوسێنی
هەڵە نیە ئەگەر بگوترێت کە گرینگ ترین تایبەت مەندی سەردەم و ئەو چاخەی ئێمە تیا دەژین؛ سەیرەورەت و ئاڵوگۆری بەردەوام و خێرایە، بەجۆرێ کە دیاردەکان هەر بەو خێرایی کە سەرهەڵدەدەن و بەدی دێن، ئاڵوگۆریان بەسەردادێت و لەناو دەچن، ئەو دینامیسمە کۆمەڵایەتیە بێ گومان هەم زەین لەخۆدەگرێت و هەمیش رواڵەت، لەو دەلاقەیەرا دەشێ بگوترێت کە کۆمەڵگا پێش‌کەوتۆکان و سەرکەوتۆکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە هەم ئاڵوگۆری زەینییان بەسەردا دێت و هەمیش ئاڵوگۆری رواڵەتی واتە هەم لەفۆرماسیونی هزری، مانایی و کردەوەیی واتە فۆرمی پێوەندی و پێناسەکردنی خۆد و ئەوی‌ترا ئاڵوگۆریان بەسەردا دێت و هەمیش ئەو ئاڵوگۆریە دەبێتە هۆی ئاڵوگۆری لە فۆرماسیونی رواڵەتی و پێکهاتەی رواڵەتی کۆمەڵگا.
دوو چەمک و دەستەواژەی کە لەو بوارەدا زۆر گرینگن و زۆریش بەکار دەبرێن بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگاکان، یەکیان نەریتیە و ئەوی تریان مۆدێرن. هەر کام لەو دوو چەمکە لەراستی‌دا لەخۆگری زۆردیاردەی جیاواز لەگەڵ یەکترن هەر لەدیاردەی مانایی، زەینی، کلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌را بگرە هەتا دیاردەی سیاسی، لەراستی‌دا لەگەڵ ئاڵوگۆر بوونی پیکهاتە و فۆرماسیونی زەینی و مانایی مرۆڤ و کۆمەڵگا، بێ گومان فۆرمی پێوەندی و پێناسەکردنی خود و ئەوی تریش ئاڵوگۆری بەسەردادێت و ئەمانەش دەبنە هۆی ئاڵوگۆری لە سیستمی کۆمەڵایەتی- سیاسی، روانگەی مرۆڤ و کۆمەلگا بۆ مرۆڤ، کۆمەڵگا و سیاسەت و بەعام شیوازێکی تەواو جیاواز لەپێشووتر لە هەموو رەهەندەکانی پیوەندی دار بە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. یەکێک لەتایبەت مەندێکانی کۆمەڵگای نەریتی خێڵەکی بوونە، مەبەست لە خێڵەکی بێ گومان جۆری پێوەندی، مێنتالیتە و شێوەی پێناسەکردنە نەک لزوومەن فۆرماسیونی ڕۆاڵەتی، لێرە زۆرتر مەبەست ڕەچەڵەکناسی خێڵەکی بوونە، واتە دەرخستنی ئەوەیکە چلۆن مرۆڤەکان بەهۆی جێگیر بوون لەناو ڕایەڵێکی گشتی لە پێوەندی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیدا، پێناسە بۆ بوونەکان دەکەن و بوونەکان وەک سوژە و ئۆبژە سنووربەندی دەکەن.

جاری وایە بیردەکەمەوە لە چارەنووسی خۆمان وەک کورد، خۆمان لەگەڵ ئەو نەتەوانەی بەسەربەستی گەیشتوون هەڵدەسەنگێنم، بەو ئاکامە دەگەم سەبەرستی بەمانای سەربەخۆیی و سەربەخۆیی بەمانای ئازادی لە و ئازادی بۆ، ڕێژەیەکی گونجاوی پێگەیشتوویی مەعریفی و شعووری، حەول و تێکۆشانی گونجاو و ئیرادەیەکی مەعتووف بە تێگەیشتوویی و پێ گەیشتوویی دەوێت کە لەناو ئیمەی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی بەداخەوە غایبە، ئەمە هێشتاش خەێڵەکین، خێڵەکی نە لەمانای فۆرمی نەریتێکەی دا  وەک رواڵەت و فۆرمێک کە سەرۆک عەشیرەیەک و خێڵێکی موتیع و فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، کە لەجۆری پێوەندی لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەلگا و شێوازی روانین لەخود و ئەوی‌تر و کۆمەڵگا کە خۆی لە فۆرمی پێوەندێک و هارمۆنیکی سەرو و خوار، حاکم و مەحکوم و ئەرباب رەعیەتی‌دا دەبینێتەوە،  حەتتا پێکهاتە بەڕواڵەت مۆدێڕنەکانیشمان خێڵەکین، ڕەخنەگرەکانیشمان خێڵەکین، دیارە خێڵەکی نەبەمانەی فۆرمێکەی و پێکهاتەیەکی وەک جۆری پێناسەکردنی ڕۆاڵەتی مرۆڤەکان، کە بەمانای جۆری ڕوانینی زەینی بەنیسبەت ئەوی تر و داڕشتی جۆری پێوەندی لەدەلاقەی مێنتالیتە وجیهان بینیمانا، بەمانای ئەو هارمۆنیە و سنوورەی کە جیهانی زەینی مە لەدەلاقەی ڕوانینی مەعریفیانە بۆ خۆمان و ئەوی تری دادەڕێژێت. بۆ وینە هێشتا لەمنی تاک را بگرە هەتا بەشێکی زۆر لە پیکهاتە بەرواڵەت مۆدێرنەکان، بەشیکی زۆر لە رەخنەگران، لەدەلاقەی عەقڵییەتی هێرارشیکەوە وەک خود دەڕواننە ئەوی تر و لەدەلاقەی پێوەندی و کۆنتاکتێکی توولی دا حەولی داڕشتنی پیوەندێکان دەدەن. واتە لەناو رایەڵێکی بەرتەسکی ئایدۆلۆژیک‌را پێناسەیەک بۆخۆمان و ئەوی تر دەکەین و حەول دەدەین لەچوارچێوەی دەسەڵات و هێژمۆنی خۆمان را ئەو فۆرمە لە پیناسە و پێوەندیە لەخۆمان و لەوی تر، بەسەر ئەوی تردا بسەپێنن و ئەوی تر وادار بکەین لەناو ئەو جەغز و پێناسەیە کە ئیمە بۆی دیاری دەکەین کایە بکات و ئەو شێوازە و مێتۆدە پێوەندیەی کە ئێمە دیاریمان کردوە و بێ گومان پێوەندێکی تولی و هێرارشیکە قەبوڵ بکات.