"گێڕانەوەی "ئەویتر" لەدەلاقەی ڕۆژهەلات ناسێوە( orientalism )"
شاهۆ
حوسینی
کورد وەک
ئەوی تری فارس، عەرەب و تورک بوونێکی ساز کراو و داڕێژراوە لەلایەن ئەوانەوە،
بۆیەش زەین و مێنتالیتەی کوردی ڕۆژهەڵاتی، باشووری و باکوری و ڕۆژئاوایی واتە کورد
بوونیان جێاوازی تیا بەدی دەکرێت. هەر نەتەوەیەکی باڵا دەست لەو وڵاتانەی کوردی
تیا پارچە کراوە، لەدەلاقەی زانست و بەپێی شووناسی دەسەڵات، کوردی وەک ئەوی تری
خۆی پیناسە کردوە و فۆرم و قالبی هۆوییەتی بۆ داڕشتوە، بە کورتی بوونێکی
داگیرکراوە لەلایەن چورا دەسەڵاتەوە شووناسێکی رواڵەتی و زەینی پێ بەخشراوە.
ئەوەی
ڕاستی بێت ئەو چوار دەسەڵاتە کۆی گشتێکی ئاڵۆزیان وینا کردوە وەک کورد کە هیچ
پێوەندێکی بە کوردی ڕاستەقینەوە نیە، بەڵکە تەنیا بەرهەمی زەینی و هزری خاوەن
قەڵەمانێکە کە لەژێر دەسەڵاتی گوتاری فەرمی حکوومەترا، شووناس و بوونێکان
خوڵقاندوە و بەستێنی بەردەوامی دەسەڵات و پاوانخوازێتی کۆلۆنیالیستانەی خۆیان تیا
ڕەخساندوە.
لەڕاستیدا
پارادایمی ڕۆژهەلات ناسی( orientalism ) بەشیک لە ڕەوتی فۆرمولە کردنی کلتووری بوو کە لە هەناوی خۆیدا
سیمبۆلی ئەویتر سازێکی ئانتۆلۆژیک بوو کە بەساز کردنی ئەوێکیتر شۆناسی خۆیان ڕێکخست
و بەرهەمیان هێنا، دریدا لەمەر ڕەوتی بەرهەم هاتنی مانا باس لە "کایەی
جیاوازی" دەکات، بەجۆرێ کە مانای هەر شتێک دەروەستە بە جیاوازی و بەدی هێنانی
مەودا لەگەڵ ئەوی تر، بەم شیوەیە لە کورد ئەوێکیتری دریدایی کە خۆی غایبە و بەهیچ
شیوەیەک مەجال و ئیمکانی دوانی لەسەر خۆ نیە، بەرهەمیان هێنا.
لەڕاستیدا
کورد ئۆبژەیەک بوو کە لەلایەن ئەو چورا نەتەوە باڵادەستە وەک سوبژە بەرهەم هات،
بوون و سۆبژەیەکی باڵادەست کە سازکەر و بەرهەمهێنی خۆی بوو بە کەڵک وەرگرتن لە
گوتاری فۆکۆیی، گوتار بە مانای حاڵەت یا نیزامێکی مانایی کە بەهۆی بەردەوامی
نیزامەکانی کۆمەڵایەتی باڵادەست و زاڵ بەرهەم هاتوە و لەخزمەت بەردەوامیشیان دایە،
بە واتایەکی تر نیزامێکی ناسیاری کە بەتووندی کۆنترۆڵ دەکرێت و لەنێوان بوونەکانی
ناو کۆمەڵگادا سنوور بەندی ساز دەکات. ئەوان لەسێ بەشدا کاریان کردە سەر بەرهەم
هێنانی کورد وەک ئۆبژە
١_
توێژینەوەی ئاکادیمیک، هەموو ئەو پسپۆر و نووسەر و توێژەرانەی کە لە خزمەت بەرهەم
هێنانی کورد وەک ئەوی تر بوون بۆ بەردەوامی خۆی باڵادەست.
٢_ جۆری
شیوەی بیرکردنەوە و ناسینەوە لەسەر بنەمای شێوەی ئێپیستمۆلۆژی خودی باڵادەست، کە
دەبوو بەهۆی خۆپێناسە کردنی کورد وەک ئەوی تری خودی باڵادەست و لەخزمەت بەرژەوەندی
ئەواندا
٣_
ئۆرگانێکی فەرمی حکوومی کە ئەرکی فۆرمۆلە کردن و بەفەرمی بەرههێنانی کوردی وەک
ئەوی تر لەعۆدە بوو.
بەم
شیوەیە ڕۆژهەڵات ناسی( orientalism ) گوتارێک بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لەو، دوانەیەکی خود-ئەویتریان
بەرهەم هێنا، تا بەکەڵک وەرگرتن لە ڕەوتی ئەویتر ساز کردن، بتوانن ئەویتری
ژێردەست لەناو ببەن و بەم شێوەیە فۆرم ببەخشن بە مانا، هزر، شووناس و خودیکی
یەکگرتوو و یەکپارچە.
مووسیبەتەکە
بەڵام هەر ئەوە نەبوو، بەڵکە مووسیبەتی گەوەرە ئەوە بوو کە کورد لەناو خۆشیدا وەک
ئەوی تری خودی سوبژە و باڵادەست، دەستی کرد بە فۆرمۆلە کردنی پارادایمی
ڕۆژهەڵاناسی و هێزێکی بالادەست وەک سوبژە لەبەرامبەر خۆیدا، ئەویتریکی ئۆبژەی
ساز کرد و بەم شیوەیە دابڕانیکی قوڵ لەناو کۆمەلگای کوردیدا ساز بوو، واتە بە
داگەرانی کلتووری چەپی لێنینیستی، دوانە ساز کردن، دابەش کردن و سنوور سازی
لەنێوان ئەوانەی وەک من بیردەکەنەوە و ملکەچی دەسەڵاتی منن وەک خود و ئەوانەی وەک
من بیرناکەنەوە و رەخنەگری دەسەڵاتی منن وەک ئەوی تر دەستی پی کرد و لەهەموو
کەرەسەیک کەڵک وەگیرا بۆ لەناو بردنی ئەوی تر و یەکپارچە کردنی هەمووان لەناو جەغز
و بازنەی من وەک خود.
ئاکام:
ئەگەر
کورد نەتوانێ خۆی لەدەلاقەی ڕۆژهەڵات ناسی بۆ ڕوانین بە نیسبەت هێزەکان و
لایەنەکانی تری کوردی ڕزگار بکات و لە هەمان کاتیشدا خۆی وەک پەراوێزخراو
بخزێنێتە ناو دەق و ببێت بەبەشێک لەدەق و بەم شیوەیە بەستێین بۆ کۆمەڵگایەکی بێ
ناوەند بڕەخسێنێت بەجۆرێ کە لۆژیکی دوانەسازکردنی خودی باڵادەست و زاڵ لاواز بکات،
ئەوا ڕۆژ لەگەڵ رٶژ وەک ئۆبژەیەکی لاواز پەراوێزتر دەخرێت و لەناو دەچیت، بۆ ئەو
مەبەستەش پێویستە کورد پێداگری بکات لەسەر نۆرم و ئەرزشە گشتگیرەکانی وەک ئازادی،
مافی مرۆڤ، یەکسانی، دیمۆکراسی و عەقڵانییەت، بەڵام نەک فۆرمالیتە و رێتۆریک ئەو
جۆرەی کە ئیستا هەیە.
سەرچاو: http://www.brwska.org/content-56.html