۱۳۹۷ فروردین ۱۵, چهارشنبه

"ڕەعییەتی و دەروێشی جەوهەری کلتووری تاک و کۆمەڵگا"

شاهۆ حوسێنی
مرۆڤ و کۆمەڵگا وەک بوون، پێیەکی لە ڕابردوو و مێژوو دایە و پێیەکیشی لە ئەمرۆ دایە، لەراستی‌دا ناوەرۆکی نۆرم و کلتوورە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان بەشیوەیەکی بەربڵاو دەگوازرێنەوە و دەگەنە دەست مرۆڤ و کۆمەڵگای داهاتوو، بۆ وینە ئەگەر لەرۆژئاوای سەردەمی فێئۆدالیسم دەسەڵاتی سیاسی بەرهەم و پێک‌هاتووی ئیرادە و خواستی فیئۆدالەکان بوو، واتە لەخۆگری دوو تایبەت مەندی پلۆرالیزم لە پێکهاتە و سەربەخۆنەبوو بوو لەبەرامبەر فێئۆدالەکان‌دا، یان ئەگەر لە رۆژئاوا لەجیات تاک خودایی چەند خودایی باو بوو بەجۆرێ کە هەر دیاردەیەکی سرووشتی و کۆمەلایەتی خودایەکی تایبەت بەخۆی هەبوو کە لەبەراورد لەگەڵ خوداکانی تر بوون و پیگەیەکی هاوتەریبیان هەبوو، هەر ئەو پلۆرالیزمە لەسەردەمی مۆدێرن وەک ناوەرۆک و جەوهەری کلتووری گوازرایەوە ناو پێکهاتە و دەسەڵاتی سیاسی مۆدێڕن و ئەو دێمۆکراسیەیی لێکەوتەوە کە ئێستا بۆتە ئۆلگو و نموونە بۆ زۆربەی کۆمەڵگا و وڵاتان.
بەڵام ئاوڕێک لە پێکهاتەی کۆمەلایەتی و کلتووری کۆمەڵگای کوردی لە ڕابردوو دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە کۆمەڵگای کوردی بە عام لەخۆگر و هەڵگری دوو کلتووری هاوتەریب بوە، یەکیان کلتووری ڕەعییەتی و ئەوی تریش کلتووری دەروێشی، سیستمی ئاغا و ڕەعییەتی کە ئاغا خاوەنی بوون و ڕوح و گیان و ماڵ و ژیانی ڕەعیەت بوو وە ڕەعییەتیش لەهەناو و زەینی‌دا بوونێکی لە دەرەوەی جەغزی ڕەعییەتی بۆخۆی نەدەتوانی تەسەوور بکات، کلتووری ڕەعییەتی وەک جەوهەر و ناوەرۆکی کلتووری لەناو دەروونی نابەئاگای تاک و کۆمەڵگادا نەهادینە کرد، لەلایەکی تر بوون و پەرەی بەربڵاوی شێخ و شیخایەتی و خانەقاکان بەدی هێنەر و پەرە پێ‌دەری کلتووری موراد و موریدی بوو، لە پیکهاتەی شێخ و دەروێشی‌دا شێخ موراد و خاوەنی ڕوح و ڕەوانی مورید یان دەروێش بوو، دروێش یان مورید وابەستەی ڕوحی و ئیمانی شێخ بوو وە ئەساسەن لە دەرەوەی ئەو جەغزە و سەربەخۆ لە موراد هیچ بوونێک و ئیرادەیەک بۆخۆی قائیل نەبوو، ئەو کلتوورە واتە کلتووری رەعییەتی و دەروێشی وەک جەوهەر و ناورۆک ڕیک گوازرایەوە ناو هەناو و زەینی تاک و کۆمەڵگا، هەڵبەت سیستمی سیاسی پاوانخواز ودیکتاتۆریش بەردەوام ئەو کلتوورەی پەرە پێ دەدا و سەرلەنوێ دەکردەوە و دەکاتەوە، چاو خشاندنێک بە لایەنگرانی حیزب و لایەنی سیاسی کوردی ئەو ڕاستێیەمان بۆ دەردەخات کە لایەنگران و ئەندامان بە هەمان جەوهەری کلتووری و عەقڵی هەڵسوکەوت دەکەن و لە دەلاقەی هەمان عەقڵانییەت‌را دەرواننە ئەوی تر و بەرامبەریان. بەداخەوە پەرە و بەردەوام بوونەوەی ئەو کلتوورە ڕێگرە لە سەرهەڵدان و پەرەی تاکی سەربەخۆ، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، ئەگەر کورد نەتوانێ عەقل و عەقلانییەتی دێکارتی کە پێک‌هێنەری تاک و کۆمەڵگای ڕەخنەگر، سەربەخۆ و بێ ئیمانە( لێرە ئیمان مەبەست دەروەست بوون بە ئایین و بێ ئیمان مەبەست دەروەست نەبوو بە ئایین نیە، بەڵکە عەقڵییەت و جۆری پێوەندی گرتن و هەڵسووکەوت کردنە، سیستم و مێتۆدی هەڵسووکەوت کردنی ئیماندارانە، چاو و گوێ لەمستانەیە و بێ ئیمانی مەبەست عەقلانی و ڕەخنەگرانە هەڵسووکەوت کردنە) بەرهەم بهێنێت، ئەوا کۆمەڵگا هیچ کات ئازادی و بوونێکی سەربەخۆ و رەها ئەزموون ناکات و پێی ناگات، عەقڵی دێکارتی عەقڵێکە کە تاک و کۆمەڵگا وەک سەغیر نابینێت کە پێویستی بەدەست گرتن و ڕێ‌بردنی هەبێت، بەڵکە تاک و مرۆڤ ئەو جۆرە پێناسە دەکات کە توانایی ناسین و دۆزینەوە ڕاستێکانی هەیە، عەقڵی دێکارتی تاک و مرۆڤی سووژە کە لە عەقی نەریتی و ئایینی‌دا ( ڕەعییەتی و دەروێشی‌) دابەزیبوە ئاستی ئۆبژە، دەگەڕێنێتە ئەو ئاست و پێگەیەی کە وەک سووژە دەربکەوێت، بەجۆرێک کە هەموو جیهان ئۆبژەی ئەو تاک و مرۆڤەیە و هەموو شتێک ئەو پێناسەی دەکات.
 ئەگەر مەبەست لە خەباتی کوردی ئازادی و سەربەخۆیی بێت، بەهۆی ئەوەکە لە غیابی عەقڵی دێکارتی تاک و کۆمەڵگا  لە جەغزێکی ڕەعییەتی و دەروێشەی را دەگوازرێتەوە جەغزیکی تر بەڵام بەهەمان شیوەی ڕەعییەتی و دەروێشی، ئەوە تەنیا جێ گۆڕکێی پێکهاتە و فۆرمی پێ دەکرێت‌و بەم شیوەیە هیچ کات تاک و کۆمەڵگای خاوەن زەین و جەوهەری سەربەخۆ پێک‌نایەت، بێ گومان یەکەم هەنگاو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی، ڕەخساندنی بەستێن بۆ پیکهاتن و پەرەی زەینی و مەعریفی تاک و کۆمەڵگای سەربەخۆ لە هەڵوێست گرتن، کردوە و روانگە دایە، ئینجا ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی بەرهەم دێت، زەین و هزری تاک و کۆمەلگایەکی کە فۆرم دەدرێت بۆ چاو لەمستی، گوێ لەمستی، مل کەچی و بی ئیرادە بوون لە بەرامبەر حیزب و لایەنی سیاسی کوردی دا، ناتوانێ ببێتە بنەما و بنچینەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ، چوونکە ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی لە کاناڵ و هەناوی ئازادی و سەربەخۆیی هزری، مەعریفی و کردەوەیی تاک و کۆمەڵگادا دەگوزرێت.