"خوێندنەوەیەک بەکەڵک وەرگرتن لەپارادایمی دابرانی ئێروین پانۆفسکی"
شاهۆ حوسێنی
بێگومان فۆرمو
پێکهاتەکان وەک کەرەسەیەک لەخزمەت مرۆڤدا بۆ گەیشتن بەئامانجەکان بەرهەمی پێوەندی
نێوان ئایدەکانی مرۆڤو دۆخی کۆمەڵگایە، واتە مرۆڤو کۆمەڵگا بەپێی تواناییو دۆخی
مەعریفیو رواڵەتی خۆیان فۆرماسیونەکان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان بەخزمەت دەگرن،
ئەوەی لەوناوەدا زۆر جێگای سرنجە، پێوەندی فۆرماسیونەکان لەگەڵ دۆخی هاوچەرخو ئەو
زەمانە مەعریفیو کلتوریەیە کە کۆمەڵگا تێا دەژی.
فۆرماسیونەکان تەنیا کەرەسەیەکی ویشکی رواڵەتیو
سەخت نین، بەڵکە هەر فۆرماسیونێک لەهەناوی خۆێدا هەڵگری جەوهەرو زاتێکی مەعریفی و
دەلالەتێکی کلتوریو هزریە کە مرۆڤو کۆمەڵگا لەگەڵ زەمان گرێ دەداتەوە.
پێوەندناسی نێوان فۆرماسیونو تاک، فۆرماسیونو کۆمەڵگا لەراستیدا حەولێکە بۆ
ناسینی گونجاوێتی فۆرماسیونەکان لەگەڵ هزر و ئەندێشە، لەگەڵ ئاسۆو ئامانجکەنو
لەگەڵ زەمانو سەردەم.
بەهەر رێژەیەک هەناوو دەروونی فۆرماسیونەکان
لەگەڵ هزرو عەقڵییەتی بەرۆژو سەردەم رێکبخرێتەوەو ئەو رێکخستنەوەیە لەسەیرورەتێکی
بەردەواما بێت، ئەوا ئاسۆی ئامانجەکان رونترو تاکو کۆمەلگاکان لەبەرەو پێش چوون
دان.
پانۆفسکی لەسەر ئەو باوەرەیە کە بەخزمەت گرتنی
فۆرمی کۆنو ماوە بەسەرچوی رواڵەتیو ماناییو پێداگری لەسەر ئەوە کە ئەو فۆرمانە
هەڵگری پەیامو دەلالەتی هاوچەرخن، دەبێتە هۆی پنگ خواردن لەمێژو دابران لەئەمرۆو
داهاتوو، پانۆفسکی لەسەر ئەو باوەرەیە کە ئەو رەوتە دەبێتە هۆی کەلێنێکی مێژویو
هەڵەیەکی مێژوویی، چون نە ئەمرۆ رابردووەو نەرابردو ئەمرۆکەیە، بەڵکە پێویستە مێژو
وەک گشتێکی هەرچەند کارتێکەر بەڵام دابراو لەمرۆکە فەرزبکرێتو پێویستە لەدەلاقەی
عەقڵییەتی مێژۆیی خۆی پێناسە بکرێتو خوێندنەوەی بۆ بکرێت، لەهەمان کاتیشهدا
پێویستە ئەمرۆکە بەعەقڵییەتی هاوچەرخ پێناسە بکرێتو خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەو
رەوتە بەباوەری پانۆفسکی دەبێتە هۆی ئەوەکە لەجیات پەرەی نۆستالۆژیو فەخرێکی روت
بەمێژو بۆ سەرپۆش دانان لەسەر کەمایەسێکانی ئەمرۆ، فۆرمێکی بەرۆژی گەورە لەگوێن
فۆرمی مێژوویی بەلەخۆ گرتنی کاکڵو بنەما رواڵەتیو ماناییەکانی سازبوونی ئەمرۆ و
داهاتوویەکی فەخری ساز بکرێتەوە.
بەردەوامی کورد لەسەر بەخزمەت گرتنی فۆرماسیونی
عەقڵی، کلتووری، کردەوەییو رواڵەتی چەپی ئۆرتۆدۆکسی کە بەرهەمی جیرانێتی، دۆخی
ستراتژیکی کورد لەژێۆپۆلەتیکی جیهانیو ناوچەیی، ئاراستەی سیاسەتی ئەو دەسەڵاتانەی
کە کورد لەگەڵیان لەتێکهەڵچونو بەربەرەکانی دابوە، لەتەنیشت دۆخی کۆمەڵایەتی
کۆمەلگای کوردی بوەو ئەوی خستۆتە بەرەی چەپ، بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە کە ئیتر
چەپی ئۆرتۆدۆکسی چ وەک پیکهاتەو فۆرماسیونیکی حکومیو چ وەک فۆرماسیونیکی هزریو
مانایی ئیتر تەنیا لەکتێبە مێژوییەکان دا ناویان دێت، دەشی بگوترێت کە بەمانای
دابران لەئەمرۆو لەجیهانی هاوچەرخە، بۆیە کورد پێویستە کە لەفۆرماسیونە کۆنەکان
داببرێت و روو لە فۆرماسیوۆنێکی هاوچەرخ بکات، فۆرماسیونێکی کە بەربەرە بەکەمرەنگ
کردنەوەی چەکو رەهەندی نیزامی و پررەنگتر کردنەوەی رەهەندی سیاسی رو لەقوڵایی
ستراتژیکی کۆمەڵگا بکات.
* فۆرماسیون لێرە هەم مەبەست فۆرماسیونی سەختو
رواڵەتیە هەم مەبەست فۆرماسیونی هزریو مانائیە.