۱۳۹۶ آبان ۲۹, دوشنبه

حەڵقەی ونی کۆمەڵگای مەدەنی کوردی وەک مێنتالیتە

شاهۆ حوسێنی

بوومەلەرزەی بیست و یەکی خەزەڵوەری کرماشان لەتەنیشت مووسیبەت و داغی کۆچی ئەزیزان و ماڵوێرانی، دەرکەوتەیەکی گرینگی هەبوو، ئەویش نیشان دانی هێزی جەماوەری و قوڵایی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات بوو.
ئەگەر قەبووڵ بکەین کە کۆمەڵگای مەدەنی لەخۆ گری چوار تایبەت مەندی: عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، ئەوا لە رۆژهەڵات هەم عەقڵی گشتی، هەم خواستی گشتی و هەم کرداری گشتێکە دیتران. هەر ئەوەش وەهای کرد کە لە زووترین کات و هەر لەیەکەم ساتەکانی بوومە لەرزەکەدا، بیر و رای گشتی و مەدەنی کوردستان بە هۆی تێلێگرام و باقی رایەڵە گشتێکان، بەخێراییەکی زۆر ئاگاداری دۆخەکە کرا و حەول و جموومۆڵە خۆ رێکخراوەکان هەم لەلایەن ئێن جی ئۆکان و هەم لەلایەن کۆر و کۆمەڵە مەدەنیە خۆبەخشەکان دەستی پێ کرد، بەڵام هەمووی ئەو تایبەت مەندیانە لە غیابی هەواهەنگی گشتی و رێککەوتنێکی سەراسەری لەنێوان ناوەندە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی کۆمەڵگای کوردی، جۆرێک نارێک و پێکی لەگەیاندن و دابەش کردنی پێداویستێکانی خەڵکی بوومەلەڕزە لێدراوی لێکەوتەوە، لەوەها بۆشاییەکەیش دابوو کە سووپای پاسداران و ئاستانی قوودسی رەزەوی بە داگیرکردنی یارمەتێ مەدەنێکان بەشێک لەوانی بەناوی خۆی و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتا بڵاو کردوە. بێ گوومان هەموو تایبەت مەندێکانی پەرەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز لە رۆژهەڵات بوونی هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن و هەواهەنگی لەناو ئۆرگانەکان و پێکهاتەکانی مەدەنی دا غایبە، ئەو بۆشاییە بەربەستێکی گرینگە بۆ سەر هەڵدان و پەرەی مێنتالیتەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کوردی.

دیارە لێر مەبەست لە مێنتالیتە مانا و دەرکەوتە مۆدێرنەکەیەتی، بێ گومان کورد و کوردستان لەبەردەم ئەزموون و تەجرووبەیەکی گرینگی مێژوویی دایە کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێ کردوە، ئەم ئەزموونە شتێک نیە جگە لە رووبەروو بوونەوەیەکی درووست و ناوەرۆک تەوەرە (نەک هەر بەتەنیا رۆاڵەت تەوەرە ئەو جۆرەی کە کورد تا ئەمرۆکە لەگەڵی رووبەروو بۆتەوە) لەگەڵ مۆدێرنیتەیە. کورد بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشە ناوخۆیی و دەرەکێکانی‌دا چارەیەکی نیە جگە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە.
بێ گومان یەکێک لەکۆڵەکە گرینگەکان و بنەما سەرەکێکانی مۆدێڕنیتە زەینییەت یان مێنتالیتەیە، مێنتالیتە نەک بەمانی نەریتێکەی کە بریتیە لە شێوەی بیرکردنەوە یان جۆری هزر و ئەندێشە، بەڵکە بەمانای کەڵکە بوونی ئەزموون گەلێکی مێژوویی لەهەناوی کورد و بوون بە هێزێکی کۆڕگێر و کارتێکەر، واتە هێزێکی مەعریفی و هزری لە رەوتی ژیانی کردەوەیی و زەینی تاکی کورد کە هێز و ئیرادەیەک بە تاک دەبخشێت بۆ کارتێکەر بوون لەسەر رەوتی ئاڵوگۆرێکان، دەرکەوتن وەک هێزیکی ئاڵوگۆری خوڵقێن، بوون بە کۆرگێڕێکی زانستمەند و پێش گرتن بە دووپات بوونەوەی ڕابردوویەکی مێژوویی هەم لە ئاستی مەعریفی، هەم لە ئاستی رواڵەتی و هەم لە ئاستی کردەوەیی‌دا، مێنتالیتەی مۆدێرن بە مانای بەهێز بوونی تاک لەبەرامبەر دەسەڵات و هەرجۆرە ناوەندێکی دەسەڵات سەپێنە، واتە بەهێزی بوونی تاک لەسەر بنەمای هزری شاروومەندی و پێوەندێکی موازی نەک هیرارشیک و توولی. بەواتایەکی تر مێنتالیتە لەخۆگری تایبەت مەندی گەلێکی تاکەکانە، تایبەت مەندی گەلێکی وەک سووژ بوون، ئاگایی و سەربەخۆ بوون لەخۆ پێناسە کردن و خۆ ناساندن.
ئەو مێنتالیتەیە دەبێتە هۆی سەرچاە بوون، سووژە بوون، کۆرگێر بوون و زاڵ بوون بەسەر ئەو کەرەسانەی کە خۆی خۆڵقاندوویەتی بۆ خزمەت بەخۆی کە بریتین هەم لە پێکهاتە ماناییەکانی وەک هزر و ئایدۆلۆژی و هەم پێکهاتە رواڵەتێکانی وەک دەوڵەت و حکوومت.
لەوەها دۆخێک دا کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە کە پێکهاتوە لە تاکی سەربەخۆ و سووژە، دەبێتە پێکهاتەیەکی گشتگیر، دەسەڵات رەمێن و سووژە کە پەرە پێ‌دەری عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، واتە کۆمەلگای مەدەنی وەک مێنتالیتە دەبێە کەسایەتیکی گشتی سەربەخۆ کە پێکهاتوە لە مێنتالیتەی تاکی کورد و درێژەی رەوتی مێنتالیتەی تاکی کوردە بۆ بەهێزتر کردن و پاراستنی لە هەرجۆرە دەسەڵاتێکی هێژمۆنی سیاسی و نامەدەنی.


دەشێ بگوترێت کە ئەگەر مێنتالیتە بەمانای تاکی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و وریا دێتە ئەژمار ئەوا گشتێتی بەمانای ناسینەوە و بەفەرمی ناسین و قەبوڵی کردنی مێنتالیتەکان لەلایەن یەکترەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای مەدەنی‌دا وەدی دێت، واتە کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە، مەکۆ و بەستێنی بەفەرمی ناسین و قەبوڵی تاکەکان وەک مێنتالیتە و ئاستی پێشکەوت و گەشەی زیاتری تاک، پشتیوانی‌کەری تاک و مسۆگەرتر کردنی شووناسی تاکەی سەربەخۆ و پێناسە کەرە، ئەو رەوتە لەراستی‌دا تەواوکەری رەوتی بە مەبەست گەیشتنی تاکە کە لە رەوتی مێژوویی خۆی‌دا بۆ گەیشتن بە ئامانج، لە قۆناغی سرووشتی‌دا، دەوڵەت و سیاسەتی بنیاد نا و پێی نایە قۆناغی سیاسی و لەپاش قۆناغی سیاسی بە بنیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی دەگاتە قۆناغی مەدەنی.