۱۳۹۵ اردیبهشت ۲۲, چهارشنبه

سەلەفییەت دژە کردەوەیەکی سیاسی، دژ بە عەقڵ

شاهۆ حوسێنی

سه‌له‌فییه‌ت به‌ر له‌وە‌ی‌ وه‌ک هزر و ئه‌ندێشه‌یه‌کی ئایینی‌ به شێوه‌یه‌کی ئیجابی سه‌ری‌هه‌ڵدابێ، وه‌ک دژەکرده‌ویه‌کی سیاسی به‌دژ هێژمۆنی ‌ده‌سه‌ڵاتی ‌مۆعته‌زێله سه‌ری‌هه‌ڵدا، مۆعته‌زێله له‌راستی‌دا نه پێکهاته‌یه‌کی ‌که‌لامی ‌بوو نه فێقهی، به‌ڵکو ‌ته‌واو پێکهاته‌یه‌کی ‌فه‌لسفی بوو له‌ژێر کارتێکردنی باوه‌رمه‌ندی به عه‌قڵی ئه‌ره‌ستوودا سه‌ری‌هه‌ڵدا، ئه‌وان هه‌ولیان ‌دا شه‌ریعه‌ت بەعه‌قڵانی بکه‌ن‌و عاقڵانه شه‌ریعه‌ت بپارێزن، موعته‌زێله تا ئه‌و جێیه چوونه ‌پێش که رایانگه‌یاند، پێوانه‌ی راست‌بوون‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ‌شه‌ریعه‌ت، عه‌قڵی‌مرۆڤه ‌و ئه‌رکی ‌شه‌ریعه‌ت پشت ‌راست کردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه که‌عه‌قڵ پێیان ده‌گات‌و بریاریان له‌سه‌ر ده‌دا، به‌ڵام ‌ئه‌وان له‌گه‌ل ئه‌وه‌دا بنیادنه‌ر‌ی یه‌که‌م ره‌هه‌ندی ‌عه‌قڵی ‌و لۆژیکی عه‌قڵانی ‌بوون له ‌جیهانی ‌ئیسلام‌دا، بۆ مسۆگه‌رکردنی‌ عه‌قڵانییه‌تی‌ خۆیان مێتۆدێکی پاوانخوازانه‌و دیکتاتۆرانه‌یان گرته ‌به‌ر، ئه‌وان بۆ رووبه‌روو بوونه له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانیان له ده‌وره‌یه‌کی ‌زه‌مانی‌دا که‌ڵکیان له‌هێز و ده‌سه‌ڵات وه‌رگرت، له‌راستی‌دا موعته‌زێله خاوه‌نی دوو تایبه‌ت‌مه‌ندی دژ به‌یه‌ک بوو، یه‌که‌م دانی بایخ به‌ عه‌قڵ و به ‌مه‌حه‌ک‌کردنی عه‌قڵ ‌بوو، دووهه‌م ره‌چاوکردنی مێتۆدی تووند و تیژی بۆ له‌ناوبردنی دژبه‌رانیان، هه‌ر ئه‌و کرده‌وه‌یه‌  لە‌راستیدا بوو به هۆی سەرهەڵدانی سەلەفییەت، واته سه‌رهه‌ڵدانی ‌سه‌له‌فییه‌ت دەگەرێتەوە بۆ پاوانخوازێتی‌ عەقڵی موعتەزێلە، ئەوان باوەریان بە ئازادی‌ و عەقڵ هەبوو، بەڵام ئازادی نه به‌مانای خوڵقاندن‌ و ئافراندنی کردوه و کردار، به‌ڵکه بەمانای ئازاد بوون بۆ رەچاو کردنی بیر و ئەندێشەی وان، ئەوان زۆر بە تووندی رووبەرووی دژبەرانیان بوونەوە، موعتەزێلە کەڵکی لە دەسەڵاتی حکوومەت وەرگرت بۆ پەرەی هزرو باوەری خۆی، کاتێ مەئموون خەلیفەی‌عەبباسی هزری موعتەزێلەی وەرگرت، رەچاو کردن و په‌یره‌و کردنی هزری‌ موعتەزێلەی واجب کرد و دژبەران بە تووندی سزا دران، هەر بۆیە دژبەران بۆ رزگاربوون لەو موسیبەتە، دەستە‌و داوێنی قورئان‌ و حەدیس بوون و وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌قڵ ته‌وه‌ره‌یی موعته‌زێله، په‌نایان بۆ ده‌قی قورئان و حه‌دیس وه‌ک دوو سه‌رچاوه‌ی پاک و باوه‌رپێکراو برد و دژایه‌تیان کرد له‌گه‌ل هه‌رجۆره داهێنان و بیدعه‌تێک له ئایین‌دا، ئەوان ئه‌و رەهەندەیان بۆ دەربازبوون لە گووشاری موعتەزێلە هەڵبژارد و ئەزقەزاش وڵامی داوە، به جۆرێ که له‌پاش هاتنه سه‌رکاری مۆته‌وه‌ککیلی‌عه‌بباسی که دژبه‌ری ‌موعته‌زیله بوو، خۆری ‌به‌ختی موعته‌زیله و عه‌قڵ ته‌وه‌ره‌یی فه‌لسه‌فی بۆ هه‌میشه ئاوا بوو، واتە سەلەفییەت بەر لەوەکە رەهەندێکی‌ ئایینی ‌بێ، رەهەندێکی دژکرده‌وه‌یی بنازوێخوازانه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی تا ئێسقان کۆنسێروات بوو بۆ پێش‌گرتن به‌هێژمۆنی عه‌قڵ ‌ته‌وه‌ره‌یی و عه‌قڵییه‌تێکی که  دژبه‌ری ‌کلتووری سه‌قامگرتووی کۆمه‌ڵگا بوو. تێکهه‌ڵچوونی نیوان بناژوێخوازی ئایینی و ره‌هه‌ندی عه‌قڵ ته‌وه‌ره‌ له‌ رۆژئاواش سه‌ری هه‌ڵدا به‌ڵام له رۆژئاوا، ئه‌وه ره‌هه‌ندی بنازوێخوازی ئایینی بوو که به‌شێوه‌یه‌کی پاوانخوازانه رووبه‌رووی عه‌قڵ ‌ته‌وه‌ره‌یی بۆوه و بنه‌ماکانی سه‌قامگرتوویی و په‌ره‌ی‌ عه‌قڵ ته‌وه‌ره‌یی پێک هێنا، له ‌حاڵیکدا له رۆژهه‌ڵاتی ‌ناوین ئه‌وه پاوانخوازێتی عه‌قڵ ته‌وه‌ریی بوو که بنه‌ماکانی سه‌قامگرتوویی و په‌ره‌ی بناژوێخوازی ئایینی به‌دی هێنا.