۱۴۰۳ مهر ۲۰, جمعه

دیمانە لەتەک کوردستان میدیا (ماڵپەڕی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران)

شاهۆ حوسێنی: کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت

ئاماژە:  شاهۆ حوسێنی، چاودێری سیاسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان‌مێدیا باس لەوە دەکات کە ئیسڕائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسڕوڵڵا و زۆر لە فەرماندەرانی نیزامیی ئێران لە ڕاستیدا بەم شێوەیە پەیامێکی ڕوونیدا بە تاران و بە پێکەن داوە کە هیچ نەزمێکی ئەمنییەتی بەدژ ئەهوەنی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگیر نابێت. ناوبراو پێوەندیدار بە دۆخی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تیشکی خستە سەر ئەوە کە ئێمە پێویستیمان بەهێزی کوردی و کوردستانی بەهێزی زەینی هەیە تا بە پشتیوانی ئەو بتوانین ڕووبەڕووی دژبەران بینەوە، ئەمەش بەر لە هەموو هێزێکی سیاسی، ئەرکی بیرمەند و ڕووناکبیری کوردە کە هێزی سیاسی کوردی بەهۆی هێژمۆنی پێویستە مەجالی بۆ بڕەخسێنێت.


درێژەی دیمانەکە دەتوانن لەم لینکەڕا بخوێننەوە:

https://kurdistanmedia.com/so/news/2024/10/126


۱۴۰۳ شهریور ۲۵, یکشنبه

دیمانەی سپیدار

 بەبۆنەی دووهەم ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لە دیمانە لەتەک سپیدارا ئاماژەم بە ئەزموون و تایبەت‌مەندێکانی بزاڤی ژیان وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی-جێندەری کردوە




۱۴۰۳ شهریور ۱۷, شنبه

بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزاڤی ژینا

 دیمانە: شاهۆ حوسێنی


بزاڤی ژینا بەر لەوەکە دەرکەوتەیەکی سەرشەقام بێت و وەک شۆڕشێک لەسەر شەقام دەربکەوێت، ئاڵوگۆڕیەک و شۆڕشێکی زەینی و مەعریفی بوو لە هەناو و زەینی ژن وەک بوون و ئەگزیستێنسێکی پەراوێزخراو، بەرهەم‌هاتوو و شووناس بۆ داڕێژڕاو لەناوی ئایدۆلۆژی فۆندامێنتالی ئایینی و پیاوسالارانەی حاکم بەسەر ئێران‌دا. لەڕاستی‌دا ژیان بوو بە قوقنەسێک کە بە سووتان و مەرگی خۆی ژیانێکی نوێ و بوونێکی نوێی لە ژن بەرهەم‌هێناوە، دیارە خەباتی ژن لە ئێران و کوردستان مێژوویەک و ئەزموونێکی درێژەی هەیە، بەڵام ژینا چەخماخەی تەقینەوە و دەرکەوتنی جەماوەری ئاڵوگۆڕیەکی ڕادیکاڵ و بنەڕەتی لە زەینی ژن‌دا بوو. ژینا قەیرانی ژنی لە تەنیشت قەیرانەکانیهتری کۆمەڵگای ئێرانی دەرخست و بەم شیوەیە ساحەتێک بە ساحەتەکانی‌تری قەیران لەئێران زیاد بوو و ئەمەش بە فەڕزی پڕۆسە بوونی شۆڕش، خشتێک بەپێکهاتەی ئاڵوگۆڕی لە ئێران زیادکرا و بینای شۆڕش بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی و دیکتاتۆڕییەت بەگستی وەک کلتوور و ئایدە بەرەو کەماڵ هەڵکشا.









۱۴۰۳ شهریور ۱۰, شنبه

کوردبوون، کوردستانی‌بوون

 









مرۆڤ وەک خاوەن و لەخۆگری دووتایبەت‌مەندی گشتیە، یەکەم گەوهەر واتە ئەو دیاردە ڕواڵەتیانەیە کە لەژیگەی مادی پێی‌گەویشتوە، دووهەم تایبەت‌مەندی هەستیە کە بەپێچەوانە دیاردە ڕواڵەتێکان زەینی و مێتافیزیکیە، بەشێک لەم تایبەت‌مەندیە شووناسی مرۆڤ یان تاکە، واتە مرۆڤ چ فام و تێگەیشتنێکی لەخۆی هەیە و لەچوارچێوەیەکی زەینی‌دا خۆی پێناسە دەکات، بۆ وێنە تاکی کورد یان مرۆڤی کورد وەک هەموو مرۆڤەکانی‌تر خاوەنی گەوهەرێکە کە هاوشێوەی مرۆڤ و تاکەکانی‌ترە، بەڵام لەهەستی‌دا و لەشووناس‌دا جیاواز دەبێتەوە بەهۆی ئاوڵناوی "کورد"، ئیتر ئا لێرەڕا لە گەوهەرەکانی‌تر جیا دەبێتەوە دێتەناو چوارچێوەیەکی تایبەتی خۆی، کەوابێ دەشێ بگوترێ کە کوردبوون بۆ تاک و مرۆڤی کورد تایبەت‌مەندێکی تاکی واتە فەردیە کە لەبەرامبەر هەستێکانی‌تر خۆی تیا دەردەخات.

بەڵام کوردستانی‌بوون دیاردە و فۆڕمسیونێکی زەینی و مەعریفی بان کورد‌بوونە، بەهۆی ئەوەکە مرۆڤ لەپاش هەستی فەردی، دێتە ناو هەستی و بوونێکی بان‌تاکی کە بنەماڵەیە و دواتریش دێتە ناو هەستی و بوونێکی‌ بان‌تر کە چینە و توێژە، ئینجا هەستی سیاسی، بەڵام مێتا هەستی و بوونێکی وەک بان هەموو هەستێکانی کە مرۆڤ ئەزموونی‌دەکات، هەستی نەتەوەییە کە وەک جەغزێکی گشتگیر هەموو هەستێکانی‌تر لەخۆدەگرێت و تاکەکان، چینەکان و جێندەرکان لێک کۆ دەکاتەوە، واتە بان هەموو هەستیە تاکێکان، جێندەرێکان، چینێکان، سیاسێکانە و هەموو ئەم هەستیانە لەناو جەغزی هەستی نەتەوەیی‌دا بوونیان دەوام پەیدا دەکات و مانا پەیدا دەکەن. کوردستانی‌بوون بۆ تاکی کورد تەکامول و بەکەماڵ گەیشتنی کوردبوونە و لەڕاستی‌دا هەستی نەتەوەیی تاکی کوردە.




۱۴۰۳ شهریور ۷, چهارشنبه

سەربەخۆیی لەگوێن پراکسیسێکی گشتگیر

 






شاهۆ حوسێنی

 

ئەگەر پێویست بێت سەردەمی ئێستای کورد بە چەمکێک پێناسە بکەین، دەشێ بەربڵاوترین چەمک "شکەست‌خواردوو" بێت، سەردەمی ئایدە و خواستە شکەست‌خواردۆکانی وەک: خودموختاری، فێدرالیسم، کۆنفێدرالیسم، برایەتی گەلان و.....هتد. ئەو ئایدانەی کە لەڕاستی‌دا بۆ ئازادی و ڕزگاری کورد گەڵاڵەکرابوون، هەموویان لەناخی خۆیان‌دا، تاکێکی داگیرکراو و کۆیلەیان پراکتیزە کردبۆوە، بەهۆی ئەوەکە ئەساسەن ئایدەگەلێک بوون لەناو جەغزی گشتی ئێرانێتی، عێراقێتی، سوورێتی و تورکێتی‌دا. بەکوورتی هەموو ئەو ئایدانە گیرۆدەی پارادۆکس و دژایەتێک بوون، بەجۆرێ ئەگەر لە ڕواڵەت‌دا خوازیاری ئازادی بوون، لە بنەمادا دەروەست بوون و بەستراویەکیان بە ئەوی‌تری بەرهەم‌هێنی کۆیەلەیی لە کورد هەبوو. واتە ئەگەر دژی فۆڕمێک لە سوڵتە بوون، فۆڕمێکی‌تری سوڵتەی ئەوی‌تری دژەکوردیان بەرهەم دەهێناوە.

ئەوەی کورد وەک نەتەوە پێویستێتی ئەندێشەیەک بۆ سەربەخۆییە بان حیزب،ڕیکخراوەی سیاسی، ڕووناک‌بیران و عەوام. ئەندێشەیەک بان باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، واتە ئەندێشەیەک لە سەربەخۆیی کە جیهانی ژیانی تاکی کورد لەخۆبگرێت، بەکورتی جوغرافیای ئەم ئەندێشەیە بەرینایی ژیانی تاکی کورد بە هەموو دیاردەکانێوە لەخۆبگرێت. پێویستە سەربەخۆیی نەک وەک دەسکەوت و پشکێکی سیاسی، بەڵکە لەگوێن ئەزموون و پراکسیسێکی گشتی و گشتگیر دەربکەوێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سەربەخۆیی وەک چەمکێکی مرۆیی، وەک ئەزموونێکی مرۆیی لە سەربەخۆیی کە لەهەر شوێنێک‌دا و لە هەر زەمانێک‌دا دەلوێت، دەربکەوێت. بنەمای سەربەخۆیی پێویستە دیتنی وەک ئەزموونێکی کردەیی بێت، واتە پێویستە نەک وەک خواستێکی شاراوە و پوتانسیەلێک کە لە بنەماڕا وەک ئەزموونێکی کردەیی چاوی لێ بکرێت.

 


۱۴۰۳ شهریور ۱, پنجشنبه

ڕۆژهەڵاتی کوردستان: شۆڕش یان ڕێفۆرم؟









شاهۆ حوسێنی

زۆر دەمێکە دمەقاڵە و دمە تەقەی دوو بەرە و دوو لایەنی لایەنگری شۆڕش و ڕێفۆرم لە ساحەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردوە، هەر کام لەم دوو لایەنە لەڕێی پشت بەستن بە فاکت و دیاردەگەلێک و بەخستنەڕووی وێنا و نموونەگەلێکی سەرکەوتوو، حەولی سەلماندن، مسۆگەرکردن و چەسپاندنی رەوایی، ڕەهایی و درووستی بۆجوون و ڕوانگەی خۆیان دەدەن. شۆڕش و شۆڕشگێڕی زۆر دەمێکە وەک بەها و کردەوە بۆ سەپاندنی خواستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری لە ڕۆژهەڵاتی هێژمۆنی هەیە و لایەنگرانی تایبەتی خۆی لەگەڵدایە. ڕێفۆرم و ڕێفۆرمخوازی مێژوویەکی زۆر کۆنی نیە و ڕەنگە بەکۆنکرێتی و تۆکمەیی بشێ بگەڕێندرێتەوە بۆ دەرکەوتنی ڕێفۆرمخوازی لەپاش دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ لە ئێران، هەرچەند هێندێک لە دیاردە و تایبەت‌مەدنێکانی ڕێفۆرمخوازی بۆ بڕێک دواتریش ڕەنگە بەگەڕێتەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی خاوەن پێکهاتە و دیاردەیەکی کۆنکرێت بۆ دووی جۆزەردان دەگەڕێتەوە.

 

شۆڕش یان ڕێفۆرم؟

ئەساسەن پرسیار کردن لەمە کە شۆڕش گونجاوترە یان ڕێفۆرم، شۆڕش ئاکامی هەیە یان ڕێفۆرم؟ لەناوەرۆکی خۆی‌دا پرسیارێکی هەڵەیە. ئەم هەڵەیەش لەم ڕۆوە سەرچاوە دەگرێت، کە شۆڕش یان ڕێفۆرم لەجیات ئەوەکە وەک شێواز، فۆرمی کردوە یان ئەکت لەبەر چاو بگیرێت، وەک ناوەرۆک، بەها وحەقیقەتی ڕەها چاوی لی‌دەکرێت. دەبێتە ئامانج، ڕەوایی و ڕەهایی وەک حەقیقەتێک گەوهەری پەیدا دەکات، نەگۆڕ و ئەبەدی وەردەگیرێت.

ئەوەی لۆژیکی بێت چ شۆڕش و چ ڕێفۆرم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ‌کات نەبوونەتە ناوەرۆک و تەنیا لەفۆڕمی کردەوەدا ماونەتەوە و وەک دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤ مسۆگەر بوون، لەڕاستی‌دا هێژمۆنی کلتووری لێنینیستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆبژێکتیڤیسمی وەک دیاردە، چوارچێوە و ڕوانگە بۆ شرۆڤە، ئەکت و کردەوە چەسپاندوە، هەربۆیەش گەڵاڵە و بەرنامەکان بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری بەرلەوەکە پرۆسە بن وەک پرۆژە خراونەتە ڕوو، کەوابێ دەشی بگوترێ کە ئەوەی لەساحەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ وەک شرۆڤە، چ وەک خواست و چ وەک حەقیقەت بوونی هەیە لەناو سێ‌کووچکەی کلتووری لێنینیستی، ئۆبژێکتیڤم و پرۆژەتەوەرەیی‌دا پێ‌گەیشتوە و پەروەردەکراوە و بڵاو کراوەتەوە.



 

شۆڕش کەی؟ لەکوێ؟ چلۆن؟

ڕەنگە لە مێژووی بوونی حکوومەت و دەسەڵات‌دارێتی‌دا هەر لەکۆنەوە هەتا ئەمڕۆکە لەڕادەبەدر شۆڕش دەرکەوتوە و سەرهەڵدابێت، بەڵام تەنیا دەگەمەن شۆڕش گەلێک بوونەتە هۆی پێشکەوت، پێ‌گەیشتن و ئازادی کە بریتین لە:

1-                   شۆڕشی ئەمریکا ١٧٦٥ تا ١٧٨٣

پەرەی ئەندێشەی لیبرالی و بۆرژوازی لە ئەمریکا کە بەرهەمی تێگەیستنێکی ڕووناک‌بیرانە لە ئەندێشەی لیبڕاڵی بوو، لەکاتێکا لە ئەوڕووپا دەسەڵاتە ئۆلیگارشیکەکان پەرەیان ئەستاندبوو، لە ئەمریکا شۆڕشگێرەکان خوازیاری حکوومەتی کۆماری و دێمۆکراتیک بوون.

2-                   شۆڕشی فەڕانسە ١٧٨٩ تا ١٧٩٩

پەرەی ئەندێشە لیبڕاڵی لە فەرانسا و لاوابوونی بەردەوامی فێئۆدالیزم و ئەشرافەکان لە فەڕانسا کە هاوکات بوو لەگەڵ هەرچی لاوازتر بوونی هێژمۆنی ئایین، بەستێنەکانی پەرەی زیاتری بۆرژوازی، چینی مامناوەندی و لەئاکام‌دا ئازادی‌خوازی، لیبرالیسم و سیکۆلاریسمی لێکەوتەوە.

3-                   شۆڕشی کۆریای باشوور ١٩٨٧

شۆڕشێک کە لە ١٠ هەتا ٢٩ ژوئەن دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی کۆریای باشووری وادار بە ڕێفۆڕم گەلێکی دیمۆکراتیک کرد. پەرەئەستاندووی بۆرژوازی، چینی مامناوەندی و ڕووناک‌بیری لە کۆریا هۆکارگەلێکی گرینگ بوون کە مەجالی مسۆگەر بوونی بە دیکتاتۆڕییەت لە کۆریای باشوور نەدا.

ئەمانەی کە وەک نموونە باسیان لێوەکراو و رەنگە بشێت نموونەگەلێکی تری هاوشێوەش باسی لێوەبکرێت وەک شۆڕش لە کۆمەڵگا گەلێك‌دا سەریان هەڵداوە و سەرکەوتوون کە بەستێنە نەزەرێکانی ئەم شۆڕشانە وەک مۆدێڕنیتە بەمانای ئەندێشەی شەرعییەتی مرۆڤی سەربەخۆ و سوبژە تیا مسۆگەر بوە، مرۆڤ وەک بکەرێکی سەربەخۆی خاوەن شەرعییەتی سەربەخۆیی لەهەناوی تاک و کۆمەڵگا مسۆگەر بوە، کۆمەڵگای مەدەنی پەرەی ئەستاندوە و چینی مامناوەندی لەلایەک وەک باڵی ئابووری و چینی ڕووناک‌بیری و ئاکادیمیک وەک باڵی هزری و نەزەری بە یەکگرتووی و یەکپارچەیی گەیشتوون و ڕیبەڕی شۆڕشیان بەدستەوە گرتوە، لەپاش شۆڕشیش ئەڵتڕناتیڤ لە کاناڵی مرۆڤی سوبژە و کۆمەڵگای مەدەنی‌را دەرکەوتوە و بەم شێوەیە ئازادی و دێمۆکراسی پەرەی ئەستاندوە. واتە سوبژێکتیڤیسم وەک بنەما و تایبەت‌مەدنی شۆڕش لەو کۆمەڵگایانەدا مسۆگەر بوە، ئینجا سۆڕش هەڵگیرساوە و سەرکەوتوە.

 

 ڕێفۆڕم کەی؟ لەکوێ؟ چلۆن؟

ڕێفۆرم وەک شێوازێک بۆ مسۆگەرکردنی خواست‌گەلێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی یان ئابووری لەهەناوی دەسەڵات‌گەلێکی دیمۆکراتیک‌دا بەمەبەستی پەرەی زیاتری دیمۆکراسی یان ئاڵوگۆڕی گەلێکی پێوسیتی زەمانی و بەڕۆژ بوونەوە لەهێندێک بواردا ڕەچاو دەکرێت، ڕێفۆرم لەڕاستی‌دا تەنیا بەمەبەستی هێندێک ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی فۆرمالیستی ڕەچاو دەکرێت.

ڕەنگە مارتین لووتێر بشێ بە مانای ڕاستەقینەی وشە وەک یەکم ڕێفۆرمیست کە لەخۆگری تایبەت‌مەندێکان رێفۆرمخوازیە پێناسە بکرێت. لەباری هزر و ئەندێشەی سیاسی ئەوەی‌کە وەک گرینگ‌ترین ڕێفۆرمیست باسی لێوەدەکرێت، رەنگە بێڕنشتاین بێت کە بەو `قەناعەتە گەیشت مسۆگەرکردنی ماف و خواستەکانی پڕۆڵتاریا لەناو کۆمەلگایەکی دێمۆکراتیک‌دا دەشی لەڕیی بەشداری مسۆگەر و چالاکانەی پڕۆڵتاریا لە نەزمی مەوجوودی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری‌دا دەستەبەر بێت.

ئەمەی تا ئێر باسی لێوە کراوە وەک شۆڕش و ڕێفۆرم و سەرکەوتنی ئەم دوو ڕاوانگەیەو سەرکەوتنەکانیان دەشێ بگوترێ، هەر دووکی ئەم ڕوانگانە لە کۆمەڵگا گەلێک‌دا سەرکەوتوون و ئاکامیان دەست کەوتوە کە بنەما نەزەرێکانی وەک شەرعییەتی تاک وەک سوژە، کۆمەڵگای مەدەنی پەرەئەستاندوو، چینی مامناوەندی پێگەیشتوو، ڕەوتی ڕووناکبیری بەهێز و سەربەخۆ، بۆرژوازی و ئاباووری پێشکەوتوویان تیا هەبوە، بەڵام ئەوەکە کامە ئایدە ڕەچاو بکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ڕادیکاڵ بوونی ئیستبداد، پاوانخوازێتی و دیکتاتۆڕییەتی دەسەڵات، بەجۆرێ کە بە هەر رێژێک دەسەڵات داخراوتر، ڕادیکاڵ‌تر و شیلگیرتر بێت بۆ دەوامی دەسەڵات و سەرەرۆییەکی ئەوا مەجالی دەرکەوتنی شۆڕش ئامادەتر و ڕێفۆرم لاوازترە.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕش یان ڕێفۆڕم؟

ئەم پرسیارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژێرخانە نەزەری، کۆمەڵایەتی و کلتوورێکانی لەمەر رۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەرتا و دەس‌پێکی ئەکتی سیاسی دەشێ هەڵە بێت. تا بەر لە دەرکەوتنی ئەم پرسیارە پێویستە ژێرخانە نەزەری تاکێکان و کۆمەڵایەتێکان بنیاد بندرێن وەک فۆنداسیون و ژێرخان، ئینجا پرسیارگەلێکی لەم دەستە دەکرێ وەک ڕووخان بێنە ئاراوە. ئەوەی ڕاستی بێت، شۆڕش لەغیابی سوژەی مۆدێڕن، کۆمەڵگای مەدەنی و چینی مامناوەندی وەک پێشەنگ و ڕیبەڕ، وەک فۆڕم و شیوازێکی ئەکتی سیاسی بەهیچ شێوەیەک لە هەناوی مێنتالیتە، عەقڵی سیاسی و زەینی کوردی لە کوردستان نەهاتۆتە دەر، شۆڕش وەک کلتوورسیاسی و عەقڵی سیاسی بەم دیاردانەی باسیان لێوەکرا مێترۆپۆلەکەی سۆڤییەتە و داهێنەرەکەی لێنینە، ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی و لەهەرچوارپارچە بەگشتی ڕەچاوی کردوە، لاساییەکی ڕواڵەتی و فۆڕمالیستانەی شۆڕشی ڕووسی و ئۆرتۆدۆکسیە، واتە لە ڕۆژهەڵات لەغیابی زەینێکی کوردانە، سوبژەی کوردی، چنێکی ڕووناک‌بیری پێشەنگ و داهێنەری هزر و دیسکۆرسێکی کوردستانی، کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز، لاسایی کلتووەری سیاسی ڕووسی کراوەتەوە دەست بۆ چەک براوە(لێرەدا مەبەست قەزاوەتی ئەرزشی و نەکۆڵی کردن لە شۆڕش وەک شێوەیەک ئەکتی سیاسی نیە).

لەپاش دوو جۆزەردان دەرکەوتنی شێوەیەک ئەکتی سیاسی لە تاران بەناوی ڕێفۆرمخوازی، بەمەبەستی پاراستنی هاوکاتی هێژمۆنی ئێرانیستی، شیعیسم و باڵادەستی نەتەوەی فارس و بەگستی پینەوپەڕۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە و شەرعییەت وەرگرتنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی‌تر، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دیاردەیەک بەناوی ڕێفۆرمخوازانی کورد دەرکەوت، کێشەی سەرەکی ئەمەیە کە ئەم دیاردەیە کوردی و کوردستانی نیە، بەهۆی ئەوەکە مێترۆپۆلی نەزەری و مە‌عریفێکەی تارانە، کوردی وەک سوبژە و بکەری سەربەخۆ قبوڵ نیە و وەک کەرەسە بۆ شەرعییەتی باڵادەستی خۆی کوردی بەخزمەت گرتوە. بەڵام لەهەمان حاڵیش‌دا ڕێفۆرمخوازی نیە، چوون نە ڕێکخەرانی، نە ڕێبەڕان و پێشەنگەکانی ئەم پێکهاتانە نین کە لە مێترۆپۆلی ڕێفۆرمخوازی واتە ڕۆژئاوا وەک ڕێکخەر، ڕێبەڕ و پێشەنگ دەرکەوتوون، دیارە ئامانجیشیان ڕیفۆڕم لە دیاردەگەلێک و پێکهاتەگەلێکی سیاسی بۆ خزمەت بە تاک وەک سوژە و پەرەی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناک‌بیری بەهێز نیە، بەڵکە ئەوان هێڵێک بۆ هەموو ئەوانە دیاری دەکەن، ئەمیش دەوامی هێژمۆنی فارسی، شیعیسم و کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتی هێژمۆن و مەشرووعە. کەوابێ دەشێ بگوترێ کە لەغیابی تاکی سوبژە، کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز، چینی مامناوەندی، ڕووناک‌بیری بەهێز و پەرەئەستاندوو هیچ دیاردەیەک وەک ڕێفۆرمخوازی ناتوانێ بوونی هەبێت و سەرکەوتن وەدەست بێنێت.

ئا لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئەدی چی؟ چی بکرێت؟ بەچ شیوازێک بەگژ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا بچینەوە و شوێن مافی نەتەوەییمان بکەوین؟

کورد دەتوانێ ڕەچاوی شۆڕشی ئۆکتۆبری رووسیا بکات، یان شۆڕشی کووبا، یانی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژ ڕژێمی پاشایەتی، یان ئەوەیکە ڕەچاوی شۆڕشی فەڕانسا، ئەمریکا، ئیسپانیا دژ بە دەسەڵاتی فڕانکۆ یان کۆریای باشوور بکات، بەڵام چما لە پێشکەوت، ئازادی، پەرەئەستاندووی، سەربەستی و دیمۆکراسی دەگەڕێت پێویستە ڕەچاوی شۆڕشەکانی فەڕانسا، ئەمریکا، ئیسپانیا و کۆریای باشوور بکات، سەرەتا ئاڵوگۆڕی لە کلتووری نەریتی تاک و کۆمەڵگادا بەدی بێت فۆندامێنتالیزم وەک کلتوور و دەلاقەیەک بۆ ڕوانین و شرۆڤە دابخرێت، کلتووری مۆدێڕن و شەرعییەتی تاکی ئازاد، باوەڕ بە سەربەخۆیی تاک، بەرابەری و عەداڵەت وەک بەشێک لەزەینی کوردی پەرە بستێنێت، سێکۆلاریزم ببێتە بنەمای عەقڵ و نەریتی سیاسی تاک و کۆمەڵگا، ڕووناک‌بیری ئازاد، ئازا و خاوەن ئەندێشەی کوردانە پەرەبستێنێت، ئاڵوگۆڕی بە پرۆسە سەیر بکرێت نەک پڕۆژە، هەرکاتێ ئەمانە وەک بەستێن مسۆگەر بوون و دەرکەوتن دەکرێ باس لە شێوازی شۆڕش یان ڕێفۆڕم بکرێت. چما ئەم دیاردانە دەرکەوتن و مسۆگەر بوون، کورد وەک نەتەوەیەکی یەک‌گرتوو و یەک‌دەنگ دەرکەوت، بە لەبەرچاو گرتنی ڕادیکالیسم لەڕادەبەدەری فۆندامێنتالیسمی ئایینی لە ناو بازنەی دەسەڵات لەئێران کە مەجالی هیچ جموجۆڵ و چالاکیەکی مەدەنی نادات، بەباوەڕی نووسەری ئەم دێرانە شۆڕش وەک شیوازێکی مەشرووع پێویستە ڕەچاو بکرێت.

 


دیمانە لەتەک کوردستان میدیا (ماڵپەڕی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران)

شاهۆ حوسێنی: کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت ئاماژە:   شاهۆ حوسێنی، چاودێری سیاسی لە دیم...